ناونیشانی بابەت: کۆمەڵگە لە بەردەم وێرانیدا
نووسەر: #لەتیف فاتیح فەرەج#
ئەو کوڕەی پاش کوشتنی دایکی خۆیشی کوشت
تەلەفۆن بۆ خزمێکی دەکات دایکمم کوشتوە تەرمەکەی لەماڵەوەیە، ئێستا لەسەر قەبرانم خۆشم دەکوژم
تا خزم و پۆلیس دەگەن، ئیدی ئەویش تەرمێکی ساردو سڕە، ئەمە نابێت وەک هەواڵێک لێی بڕوانین، هەواڵێکی سادە و هیچی تر، ئەوەش ئەوپەڕی نەزانی و نائاگاییە ئەو هەموو میدیاو ماس میدیایە بیکەنە هەواڵێکی سادە و لەبنج و بنەوانی ئەم تراژیدیا گەورەیە نەکۆڵنەوە.
ئەگەر کورد ڕۆماننووسی باشی هەبێت، چیرۆکی ئەم کوشتنە دەشێت ڕۆمانێکی کاریگەریی لێ بەرهەمبێت، نە لەمێژوی کوردا نە لەمێژوی جیهاندا، ئەمە یەکەم دایک نییە بەدەستی کوڕەکەی بکوژرێت، دوا دایکیش نابێت، بەڵام تراژیدیاکە لەتەلەفۆنەکەوە دەستپێناکات، کە ئاخۆ باسی چیتر کراوە و خزمەکە چیتری بەکوڕەکە وتوە، تراژیدیاکە لەوێوە دەستپێدەکات کوڕەکە لەبەرنەبوونی کڕیارو دەرنەهێنان بۆی پێشتر دوکانەکەی داخستوە، ئەمە قسەی خزمەکەیەتی، نەبوونی و نەداری و دەستەنگی کارەسات درووستدەکات، ناکرێت بڵێین بابە ئەوە ڕووداوێکە و تەواو، ئەوە ڕووداوێکی ئاسایی نییە، ئەوە دایک کوشتنە، دایک کوشتن ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بوبێت کە ئەم کوڕە نەیویستبێت دوای مەرگی خۆی دایکی بەنەداری و نەبوونی بژێت، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، لەنێو ئەم دڵبەردی ژیانەدا ئەو کوڕە ویستویەتی چاکە لەگەڵ دایکیا بکات یان تاوانێکی گەورەی دەرهەق کردووە، چرکەساتی بیرکردنەوە و بڕیاردانی کوشتن ئاوەز کوێر دەبێت.
ئەم ڕووداوە بەکاریگەریە ناخهەژێنەکەیەوە درێژکراوەی هەموو ئەو ڕووداوانەی چەند ساڵ پێشترە کە دایک منداڵی خۆی دەکوژێت، باوک جەرگی خۆی دەبڕێت، کوڕە ئەو کچە خەڵتانی خوێندەکات کە گوایە پێشتر خۆشیویستوە، پێشمەرگە خۆی هەڵدەواسێت، کچێک کەمی نمرەکانی دەبنە هۆیەک بۆ ئەوەی خۆی بسوتێنێ، ڕووداوی دیکە ئەمانە بەشێکن لەوێرانبوونی کۆمەڵگەی ئێمە کە سیاسییەکان، تاڵانچییەکان، میدیاکان، پیاوانی ئایینی، زانکۆو پەیمانگاو ناوەندەکانی خوێندن تا دوای لێی بەرپرسن، هۆکاری زیادبوونی ئەم وێرانیەن، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا درامای تورکی کە ئیدی هەموو پەیوەندییەکی ئاکاری بەرەو هەڵوەشاندنەوە بردووە.
لەم دۆزەخەدا کە خودی خۆمان و ئەو دەستەبژێرانەی دەبوو دنیای باشتر بۆ ئێستا و ئاییندە دەستەبەربکەن درووستمان کردووە، ڕۆژبەڕۆژ مۆراڵی کۆمەڵایەتی و پیرۆزیەکانی مرۆڤ ڕووبەڕووی هەرەس و تێکشکان دەبنەوە، ئێمە لە بەردەم تێکشکانێکی ئاکاری کۆمەڵایەتی دەروونی گەورەداین، ئەوە چ کارەساتێکە کوڕێک دایکی خۆی بکوژێت و دواتریش زۆر خوێنساردانە هەواڵەکە بدات بەخزمێکی خۆیی و خۆیشی بکوژێت، لەبری ئەوەی سیاسییەکان دژی یەکتربن و چاڵ بۆ یەکتر هەڵبکەنن، لەبری ئەوەی پیاوانی ئایینی هێندە لەخەیاڵی ئەوەدابن یەکشکێنی بکەن و داو بۆ یەکتر بنەنەوە، لەبری ئەوەی مامۆستایانی پەروەردە خەیاڵیان لای وانەی تایبەتیی بێت و هەردوو بواری پەروەردە و فێرکردنیان گرێدابێت بەوەرگرتنی مووچەکەیانەوە، پێویستە شۆڕشێکی چاکسازیی گەورە بکرێت، شۆڕشی گێڕانەوەی ئاکار، شۆڕشی ئاشتکردنەوەی مرۆڤ لەگەڵ خۆی.
کوڕێک دایکی خۆی دەکوژێت و دەسەڵات و میدیاو خەڵک و پیاوانی ئایینیش تەماشا دەکەن و هیچ ناڵێن، لەکاتێکا پیاوانی ئایینی زۆرباش دەزانن کە قورئان ڕێنماییان دەکات کە منداڵەکان لە بەردەم دایک و باوکیاندا ئۆفیش نەکەن، مەلاکان لەبری ڕێنمایی و ئامۆژگاری ژیرانە، یەکێکێیان لەشاشەی تەلەڤزیۆنەوە بەخاتونێک دەڵێت مادام مێردەکەت نوێژ ناکات لێی جیابەرەوە، وەرن ئەم قسەیە بەراورد بکەن بەهەڵوێست و مەلایەتی مەولەوی و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و مەلاکانی پێشین، وەرە کەناڵەکەت ناوی ئامۆژگاری بێت و کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزان بکەیت، مەلابیت و لەکەناڵێکی تەلەڤزیۆنەوە بڵێی ئێزدی پیسن مەلابیت و باسی شەهوانییەتی خۆت بکەیت، مەلابیت و هەموو جەستەی ژن بەعەیبە و کێماسی و عەورەت بزانی، مەلا بیت و مینبەر بکەیتە سەنگەری جنێودان و سووکایەتی بەوانی تر، سیاسی بیت و نەتوانی چوار ڕستەی ئاوەزی بڵێیت، لەبری قسەی سەنگین و شەڕی بەدەستهێنانی دەسەڵات لە ڕێگەی جیاوازی ئەرێنییەوە بازاڕی جنێو گەرم بکەیت، مامۆستای زانکۆ بیت و بەفێرخوازەکانت بڵێی فێردەبن یان نا بەجەهەننەم من مووچەی خۆم وەردەگرم.
ئێمە لە دنیایەکی تەواو شێواوداین، دەمێکە کەسانی وەک دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی و نموونەی وەک ئەو هاواردەکەن و دادو بێدادیانە و کەس گوێناگرێت، خەریکە هەموو پەیوەندییەکی ئاکاری هەڵدەوەشێتەوە، جاران خەڵک خۆی لە کاری خراپ دەپاراست و چاوی لەوانە ناکرد کە بەناشەرعی دەبن بەخاوەن سەرمایە و پلە و پۆست، ئێستا کێبڕکێ لەسەرئەوە دەکرێت و فڵانی دەڵێت چۆن دەبێت ئەوی تر ئەو هەموو شتەی هەبێت و من نەمبێ، ئێمە تەنیا شۆڕشێکی ئاکاریمان پێویستە، شۆڕشێک فێرمانبکات چۆن ڕێز لەیەکتر بگرین، چۆن یەکتر بۆ شکاندن و سووکایەتی بەیەک هاننەدەین، چۆن باری دەروونی خۆمان چاکبکەینەوە و دڵنیایی ژیانی باشتر بدەین بەیەکتر.[1]