#سلێمانی#ەکەی شێخ ڕەزا و سلێمانیەکەی ئێستا
#لەتیف فاتیح فەرەج#
شێخ ڕەزای شاعیر دەفەرموێت :
لە بیرم دێ سولەیمانی کە دار و لمولکی بابان بوو
نەمەحکومی عەجەم نەسوخرە کێشی ئالی عوسمان بوو
لە بەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلاو زاهید
مەتافی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو
تا دەڵێت :
درێغ بۆ ئەو زەمانە، ئەو دەمە، ئەو عەسرە، ئەو ڕۆژە
ئێستا لەو سلێمانیە حەیاتە، لە شارە حەیاتەکە هەر ئەوەندەمان بۆ ماوەتەوە، درێغ بۆ ئەو زەمانە، ئەو دەمە، ئەو عەسرە، ئەو ڕۆژە.
ئێستا لە بری سەفبەستنی بەرقاپی سەرا، پێشمەرگەی دێرین، خانەنشینی ماندوو، هاونیشتمانی خانوە قوڕەکان لەبەردەم بانکەکان سەفی مردنیان بەستوەو ئەندامی باڵای حزبیش خاوەنی دەیان ملیۆن دۆلارە و هێشتا دەڵێت هل من مزید.
سلێمانی نە دەڵێی بەڵقیسە، نەکەس بەڵقیسی لە بیرە، سەیوانیش ئەو سەیوانەی جاران نیە.
سلێمانی تا بانکی تیا نەبوو خاوەنی باشتری هەبوو، لەو ڕۆژەوەی بانکی تیایە کەس خۆی بە خاوەنی نازانێ و کەریمی ئەلەکەیەکیش نیە تا بە ساڵاچوان بە گیرفانی پڕەوە بنێرێتەوە ماڵەوە.
ئەم فرە کوێخاییە، خەریکە ڕەگ و ڕیشەی ئەم زۆنە لە بن دێنێت و بە هەرکەسیش دەڵێن پشتی چاوت برۆیە لە بری مەتافی کەعبەی گردی سەیوان شوێنێکی تر دەداتە چاوو لەو دورەوە دەورو خولی کابەی دیکە دەدات و ها مانا ئیتر کەس بۆی نیە پێم بڵێت پشتی چاوت برۆیە
رۆمی ئەوەندە شومە لە شەخسیش دەدا زەرەر
بەڵام خۆ ئێستا شار بە دەست ڕۆمیەوە نیە، ئەوە کاتێ مەسعود محەمەدی بیرکەرەوەی کورد گوتی بۆ بیست ساڵ ئەم هەرێمە بدەنە دووکۆمپانیای نەرویجی و دەنیمارکی بابایەک نەبوو بڵێ هەر بۆئەوەی مەحکومە عەجەم و سوخرە کێشی ئالی عوسمان نەبین، هیزە لە ڕێی خوا بە قسەی ئەو بیرمەندە زمان سازو نەتەوە سازە بکەن.
کەس نیە بپرسێت سلێمانی بۆ پارەی نیە، یان زمانی پرسیار تۆقیوەو هەترەشی چووە، چ وێرانەیەکە لە بری داوای خزمەتگوزاری و جادەو بان و قوتابخانەی مۆدێرن و نەخۆشخانەو پردو میترۆو تونێڵ، لە بری داوای ژیارو شارستانیەت و شکۆو بوون، لە بری داوای ئاوەدانکردنەوەو گێڕانەوەی ژیان بۆ دەشت و دەری کوردەواری هەموو داواو هاوارێک بووبێتە داوای موچەو موچەش لە قوڕگی شێرا بێت.
خۆشویستنی سلێمانی، خۆشویستنی بە ساڵاچووان و خانەنشینان و پێشمەرگەی دێرین و مامۆستاو فەرمانبەرو قسە خۆش و شاعیرو شێت و گەڕەک و کوچەو کۆڵان و چایخانەو بونەکەیەتی، دەنا خۆشویستن بە دەم جگە لە درۆیەکی گەورە هیچی دیکە نیە.
گەنجێک لە ناو شاری سلێمانیدا پێی وتم نەک گەنجی قارون ئامادەم هەموو شارو کورد بوونەکەشم بە یەک دەبە ئاوی سەتدیناری تەزویر بدەم، منیش نەمتوانی هیچ بڵێم.[1]