بە بیانوی سۆرانەوە بە بیانوی کوشتنی وشەوە
1- ئەو ڕۆژەی دکتۆر #عەبدولستار تاهیر شەریف#یان کوشت، ئیدی گەیشتمە ئه و باوەڕەی ئەم دەسەڵاتە سڵ لە کوشتنی کەس ناکاتەوە، ئێ دکتۆر ستار خۆی گوتی پێنج و دوو ڕۆژێکم ماوه و سەرم بە گوێی گۆڕەوەیە، بەڵام ئەوان خۆیان پێنەگیراو دەستیان چووە خوێنەکەی، ئەوەی له و جۆرە کوشتنانەدا مایەی ئازارە ئەوەیە هەموو بکوژەکان لە بری سزا خەڵات دەکرێن و بەرز دەکرێنەوە، مەگەر خودا بزانێ ئێستا بکوژەکەی دکتۆر ستار چ پله و پۆستێکی هەیە.
2- لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکم کتێبێکی چاپی ساڵی 1995ی ڕێکخراوی لێبوردنی نێو دەوڵەتی بۆ ناردم کە باس لە سەر پێشێلکاریەکانی کوردستانی 1991تا کاتی چاپی کتێبەکە دەکات و لەوێدا چەندین کەسی خوێنەوار و ڕۆشنبیر بێ هیچ هۆیەکی دیار تیرۆر و ڕەشە کوژکراون، ڕەنگە ئێستا بکوژەکانیان دەمڕاست و ڕێبەری گەل بن.
لە ناو ئەو تیرۆرکراوانەدا ڕەئوف ئاکرەی و ڕێناس محەمەد ئەحمەد و ئارام عومەر عەلی و #عەلی عەبدوڵا بۆسکانی# هەن.
3- ئەمانە دیل و برینداری نێو شەڕی یەکتریان دەکوشت، لە شەڕدا هەرچی ئاکار و ڕەوشت و لێبوردەیی هەیە دەیانخستە ژێر پێوە، زۆربەمان بۆ مێژوو گەواهیدەری ئه و کوشتنە قێزەون و ناشرینانەین کە ئازاریان مەگەر مردن کۆتای پێبێنێت، هەندێک جار هەر بەوە نەوەستاون لە یەکتر بکوژن، خۆیشیان کردوەتە ئامێری کوشتن بۆ ئەوەی ژمارەی شەهیدەکانیان زیاد بکات، تا هەموو ماڵێک شەهیدی هەبێت، گۆڕی شەهیدەکانیش بەتەنیشت یەکەوە بوون، من برایەکم شەهیدی یەکێتیە، خزمێکیشم شەهیدی پارتی لە یەک شەو و ڕۆژدا شەهید بوون، گۆڕەکانیان دراوسێن دایکی دوو شەهیدەکە بەیەکەوە دەگریان، بەیەکەوە نزایان دەکرد، بەیەکەوە داری سەر گۆڕەکانیان ئاو دەدا.
4- بکوژەکانی سۆران هێشتا لە ناوماندان، هێشتا ئەوان بڕیار بەدەستی ئەم هەرێمەن، هەمان ئاواز و بیرکردنەوەی کوشتن هێشتا بوونی هەیە، ڕەنگە بکوژەکان خۆیان وەک فریشتە نیشان بدەن[1].
#لەتیف فاتیح فەرەج#
20-07-2022