چۆمسکی: تێکۆشانی گەلی کورد ئیلهامبەخشە و سەردەکەوێت
نوام چۆمسکی، فەیلەسووفی ئەمریکی بە زمانی کوردی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەکات و لەبارەی کورد و خەباتەکەیەوە دەڵێت، “گەلی کورد قارەمانانە بۆ ئازادی و دادپەروەری تێکۆشاوە و تێکۆشانی گەلی کورد تێکۆشانێکی ئیلهامبەخشە و سەردەکەوێت”.
ئاوێنە: نوام چۆمسکی کە زمانناس، مێژووناس و فەیلەسووفێکی دۆستی گەلی کوردە، لە پەیامێکدا کە لەڕێگەی ڤیدیۆوە بۆ ئاهەنگی نەورۆزی شاری وانی باکووری کوردستان ناردوویەتی، کورد بە قارەمان و پاڵەوان ناوزەد دەکات و دەڵێت، “گەلی کورد بۆ ئازادی و دادپەروەری وەک پاڵەوانەکان و قارەمانانە تێکۆشاوە. تووشی گوشار، سەختی، زۆرداری و توندوتیژییەکی زۆر بووەتەوە، بەڵام سەرکەوتن”.
چۆمسکی دەیان ساڵە لە بوارەکانی فەلسەفە و زمانناسی و مێژوودا وانە دەڵێتەوە و نووسەری زیاتر لە 100 پەرتووکە، ئەو لەبارەی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆچوونی خۆی خستەڕوو و ڕایگەیاند، “ماوەیەکی کەمی لەمەوبەر لە زانکۆی ڕۆژاڤا وتەیەکم پێشکەشکرد، چەند ساڵێک لەمەوپێش، ئەوەی بە خەیاڵدا نەدەهات ڕوویدا. ئەمە نیشانیداین، کە ڕۆحی مرۆڤ تەنیا خەون نابینێت، بەڵکو سەریش دەکەوێت”.
پەیامەکەی چۆمسکی بۆ نەورۆز:
“گەلی کورد بۆ ئازادی و دادپەروەری وەک پاڵەوانەکان و قارەمانانە تێکۆشاوە. تووشی گوشار، سەختی، زۆرداری و توندوتیژییەکی زۆر بووەتەوە، بەڵام سەرکەوتن. وەک تێکۆشانەکەیان سەرکەوتنەکەشیان لە دژی ئەو زۆرداری و سەختییانەش ئیلهامبەخشە. لەم خەباتەدا بۆ من شانازییە، کە تۆزێک بەشداری لەو هەوڵە نائاساییە دەگمەنەدا بکەم. من ماوەیەکی کەمی لەمەوبەر لە زانکۆی ڕۆژاڤا وتەیەکم پێشکەشکرد، چەند ساڵێک لەمەوپێش، ئەوەی بە خەیاڵدا نەدەهات ڕوویدا. ئەمە نیشانیداین، کە ڕۆحی مرۆڤ تەنیا خەون نابینێت، بەڵکو سەریش دەکەوێت. ئەم خەبات و سەرکەوتنەی گەلی کورد بۆ ئێمە ئیلهامێک و وانەیەکە. بەدڵنیاییەوە بەردەوام دەبێت و لەوە کەمتر نابێت. نەورۆز پیرۆز بێت”.[1]