گەڕانەوەی شێخ ڕەزای تاڵەبانی
#لەتیف فاتیح فەرەج#
$سەرەتا$
لەم ڕۆژانەی پێشوودا کارێکی بە نرخ و دانسقەی مامۆستا ئەمین شوان بە پێشەکیەکی دکتۆر نوری تاڵەبانیەوە کەوتە بەردیدەی خوێنەوارانی کورد، ئەویش دیوانی گەورەی شێخ ڕەزای تاڵەبانی (توێژینەوه و ساغکردنەوه و وەرگێڕانی شیعرەتورکی و فارسییەکانیشی بۆ کوردی)، ئەم کارە ئاسانکاری زۆر بۆ توێژەران و لێکۆڵەران دەکات، دڵنیام ئەم کارە پێش دیدارەکەی زانکۆی چەرموو با، توێژەران کەرەسەی باشتریان لە بەردەست دەبوو.
$چاپێکی جیاوازی دیوانی شێخ ڕەزا$
ئەم دیوانە تازەیە لە دوو توێی 653 لاپەڕەدا ڕەنگە سەرجەم شیعرەکانی شێخ ڕەزای تیا بێت، دەڵێم ڕەنگە، لەبەر ئەوەی هێشتا شیعری زۆر شاعیری کورد لەم کەشکۆڵ و لە و دەستنووسەدا دەدۆزرێتەوە، کە پێشتر لە چاپی دیوانەکاندا نەبووە، شێخ ڕەزا له ئەستەنبوڵ و میسر و حیجاز و بەغدا دەیان ساڵ ژیاوه و دەشێت دەیان پارچە شیعری بە عەرەبی و تورکی هێشتا نەدۆزرابنەوە، دوای ده ساڵی تەمەنی شێخ ڕەزا لە بە غدا بووە، لە گەڵ شاعیران و ڕۆشنبیرانی ئه و ڕۆژگارەدا تێکەڵ بووە، بۆیە ناکرێ بڵێین شیعری عەرەبی نیە، مامۆستا ئەمین شوان شیعرە تورکی و فارسییەکانی کردووە بە کوردی و ناوەڕۆکی شیعرەکانی بە کوردییەکی پەتی نووسیوەتەوە، مامۆستا ئەمین شوان خۆی تورکی و فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی زۆر باش دەزانێ و ئەوەش هاوکارێکی باشە بۆ ئه و تا دەقەکان بە کوردی ڕەوان بنووسێتەوە، دڵنیام ئەگەر دوای وەرگێڕانی دەقەکان دەقەکانی بدایە بە شاعیرێکی باش دەکرا کێش و سەروا بۆ شیعرەکان داندرابا، وەک چۆن پیرەمێرد لە کاتی خۆیدا بۆ مەولانا و ئەوانی دیکەش وای کردووە.
پێشەکی ئەم دیوانە دکتۆر نوری تاڵەبانی نووسیویەتی، دکتۆر نوریش شێخ ڕەزاناس و هەروەها سەر بە هەمان بنەماڵەشە، لەگەڵ ئەوەشدا هەست دەکەم قوڵتر ڕۆنەچووەتە نێو ژیان و بە سەرهاتی شێخ ڕەزاوە بۆنمونە ئه و دەنووسێت (نووسەری پێشەکی ئه و دیوانەی شێخ ڕەزا، کە لە ساڵی 1946 چاپکراوە، نووسیویەتی) پاش گەڕانەوەی شێخ ڕەزا لە ئەستەمبووڵ لە ڕێگا هەواڵی کۆچکردنی باوکی دەبیسێت، پاش ماوەیەک ناکۆکی لە نێوان شێخ ڕەزا و شێخ عەلی براگەورەی لە سەر میراتی باوکیان پەیدا دەبێت.)
$دانووی نەکوڵاوە$
نووسەری پێشەکی دیوانە چاپکراوەکەی 1946 ناوی فەتحوڵا ئەسعەدە، ئه و سەردەمە لە بە غدا لە ئەعزەمیە دانیشتووە، من کاتی خۆی هەندێ سۆراغم کرد هیچم لە بارەیەوە دەستنەکەوت، پێشەکی دیوانەکەی لە 8-10-1946نووسیوە، بەم جۆرە باسی بیستنی هەواڵی مەرگی باوکی دەکات لە لایەن شێخ ڕەزاوە، (لە عومری بیست و پێنج ساڵی لە حەیاتی باوکیدا جارێک چووەتە ئەستامبوڵ، لە گەڕانەوەی لە بەینی موسڵ و هەولێر لە کاروانچییەکان خەبەری وەفاتی باوکی بیستووە، بەڵام هیچ مەعلوماتێکمان نیە کەلەم سەفەرەی لە ئەستامبوڵ چی کردووە و بە چی خەریک بووە، لە پاش گەڕانەوەی لە کەرکووک تووشی مونازەعاتی عایلەوی بووه و لە گەڵ براگەورەی- کە مەرحوم شێخ عەلی ئەفەندیە – دانووی نەکوڵاوە(، دەبینین لەم پێشەکیەی 1946دا بە هیچ شێوەیەک باسی میرات و شتی وانەکراوە، باسی کێشەی خێزانی کراوە نەک میرات و شتی تر، دەشێت ئەوەش هەر لەسەر شیعرەکانی شێخ ڕەزا بووبێت نەک شتی تر، هەڵبەت ئەگەر کێشە لە سەر میرات و شتی وابووبێ، هەرگیز ڕێی تێناچێت شێخ ڕەزا به و جۆرە خۆی بدا بە دەستەوه و سەرهەڵبگرێ بۆ کۆیە، هەر خۆیشی لە هەجوەکەی مامە غەفوریدا باسی کێشەی خۆی و کاکی دەکات و دەڵێت:
هەرچەندە وتم وەختێ کە دیم نەخوەتی قەلبی
یاڕەب کە لەگەڵ شێخ عەلی بۆچی شەڕم کرد
هەردەچمەوە لای گەرچی بڵێ هاتەوە دیسان
ئەم خوێڕیە بێکارە کە من لێرە دەرم کرد
دیوانەکەی 1946 کە شێخ عەلی کۆی کردوەتەوە و چاپی کردووە، کەم و کوڕی تیایە، بەڵام دکتۆر نوی تاڵەبانی دەڵێت: (بە داخەوە کەم و کوڕی زۆری تیایە (، لە کاتێکدا ئەم دیوانە نزیکترین چاپکراوە لە سەردەمی شێخ ڕەزا و لە لایەن نزیکترین کەسیەوە کۆکراوەتەوە، شێخ عەلی پارێزەر بووه و کەسێکی خوێنەوار بووە و کوڕەزای شێخ ڕەزایه و ڕەنگە لە زۆر کەس باشتر شیعرەکانی شێخی باپیری دەستکەوتبێت، هەڵبەت شێخ عەلی ماوەیەکیش قایمقامی چەمچەماڵ بووە، هەرچەند ئەمە دوای چاپی دیوانەکە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا بە ساڵاچوانی ئه و سنوورە له و کاتەدا زۆرێک لە شیعرەکانی شێخ ڕەزایان لە بەر بووە، ئێستاش خەڵک هەیە هەندێک شیعر بە ناوی شێخ ڕەزاوە دەڵێت کە لە دیوانە چاپکراوەکاندا نین، یەکێک له و کەسانە کاک حەمە شەریفە کە خەڵکی قرخه و مەلا زادەیە. ڕەخنە لە دیوانی یەکەم گیراوە، بەڵام ئەوانەی ڕەخنەیان گرتووە، زیاتر ڕەخنەیان لە هەڵه و کەم و کوڕی نووسین و کۆکردنەوەی شیعرەکان و هەروەها کەمی شیعرەکان هەیە، بەهەموو ئه و کەم و کوڕیانەشەوە کارەکەی مەلا فەتحوڵا ئەسعەد و شێخ عەلی کارێکی گرنگ و بایەخدارە.
$شیعری داشۆرین و هەجوی شێخ ڕەزا$
لە کۆتایی پێشەکیەکەدا دکتۆر نوری تاڵەبانی دەیەوێ شیعری شێخ ڕەزا بە تایبەت شیعری داشۆرین و هەجوی شێخ ڕەزا بە بابەتی خۆشی نێو مزگەوت و تەکیه و خانەقا و دیوەخانەکان بچوێنێ و بڵێ ئەمە بۆ ئه و شوێنانە دانراون، کە من پێم وایە شێخ ڕەزا شاعیرانه و بە مەبەستی شیعری هەجوو شیعری داناوه و ویستویەتی ئه و بۆشاییە لە نێو ئەدەبی کوردیدا پڕبکاتەوه و هەجوەکان و ستایشەکانیشی بە مەبەست و بە ئامانج بووە و تەنانەت هەندێک جار هەجوی بۆ ئەوە کردووە توانای بەرانبەر تاقیبکاتەوە، شێخ ڕەزا شاعیرێکی بە تواناو لێهاتوو کەم وێنە بووە و شیعرەکانی نمونەی جوانی و قوڵی و مانادارین.
بەدەر لە پێشەکیەکە ئەم دیوانە دەکرێت بە باشترین و پوختە ترین دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە قەڵەم بدرێت کە لە نێوان ئەم دیوانه و یەکەم دیوانی چاپکراودا)76) ساڵ دووری هەیە، ئەوەی مایەی خەمە ئەم دیوانەش لە هەڵەی چاپ بێبەش نیە، وەک چۆن هەڵەی چاپ هەمیشە باری سەردڵی هەمووانە، بۆ نمونە هەر لە سەرەتادا و لە لاپەڕە بیست دوو جار دالی کۆتایی ئەسعەد ئاغا پەڕیوە، جا نازانم دکتۆر موکەڕەم تاڵەبانی وای نووسیوە، یان هەڵەکە هەڵەی چاپە.
یەکێکی تر لە کێماسیەکان کە من لام وایە بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی کتێبەکە بووەولەوەدا مامۆستا ئەمین گوناهێکی نیە، ئەوەیە شیکردنەوه و باس و خواس و شیعرەکان تێکەڵ کراون، شیعری عەشرەتی جاف بەشێک لە باس و خواسەکەی کەوتوەتە سەروی شیعری دڵبەری بێوەفاوە، ئەمە لە شوێنی تریش بەرچاو دەکەوێت، هەر بە دوای بەشە کوردیەکەدا تێکەڵ به و باس و خواسە شیعرە فارسیەکان دەست پێدەکەن.
بایەخی ئەم کارەی مامۆستا ئەمین شوان لەوەدایە کە جگە لە وەرگێڕان و هەڵوەستە لە سەر شیعرەکان زانیاری زۆر و وردیشی لە بارەی کەسەکان، ناوەهاتووەکان و ڕووداوەکان و مەبەستەکانی شێخ ڕەزاوە تیایە، ئه و بۆ ئه و کارە جگە لەوەی گەڕاوەتەوە سەر هەموو ئەوانەی پێشتر لە سەر شێخ ڕەزایان نووسیوە، خۆیشی سەرنج و تێبینی خۆی نووسیوە و لە کوێ پێویستی کردبێت زانیاریەکی بە نرخی باسکردووە.
$بەشە فارسی و تورکیەکە$
بەشە تورکی و فارسیەکە کە مامۆستا ئەمین شوان هەموو شیعرەکانی بە زمانی کوردی وەرگێڕاوە، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ئەوانە دەکات کە شارەزای باشی ئه و دوو زمانە نین، ئەوە جگە لەوەی زۆر بە وردی شیکردنەوه و ڕاڤەی بۆ بەشێکی زۆر لە شیعرەکان کردووە، بە گوێرەی ئه و وته کورتەی کە لە دوایی کتێبەکەدا نووسیویەتی ئەم کارە بەرهەمی سی ساڵی خشتە و زۆری پێوە ماندوو بووە، بۆ ئه و مەبەستەش سەرچاوە و زانیاری زۆری دەستکەوتووه و ئەم دیوو ئه و دیووی کردوون، ئێستا به و بە کوردی کردنەی شیعرە فارسی و تورکیەکانەوە دەکرێت بڵێین دیوانێکی باش و دانسقەی شێخ ڕەزامان هەیە، ئه و شاعیرەی بەدەر لە هەندێ سەرنج و هەجوی بە مەبەست و وەک تانە خۆی دانسقەترین شاعیری کوردە، کە ئەوەتا دوای زیاتر لە سەدەیەک لە مردنەکەی هێشتا زرپ و زندوو بە شیعرەکانی لە ناوماندایە.[1]