بابەت: ڕامیاری
نووسین: #لەتیف فاتیح فەرەج#
کێشەیەکی گەورە لە #کەرکووک# کێشەی نەخوێندنەوەی یەکترە، نەخوێندنەوە زیاتر نەبینینی یەکتر، ئەمە کێشەی هەر سێ پێکهاتە سەرەکیەکەی کەرکووکە، لەلایەکەوە لە ناو خۆیاندا، لەلایەکی ترەوە لە گەڵ یەکتر. بەرلەوەی گفتوگۆی ئاوەزیانەی پێکهاتەکان لە گەڵ یەکتر دەست پێبکات، پێویستە گفتوگۆی نێو خۆیی، واتە هەر پێکهاتە و لە نێو خۆیدا پەرە پێبدات، عەرەب لە ناو خۆیاندا، کورد لە ناو خۆیاندا، تورکمان لە ناوخۆیاندا.
پاکێجی هەرسێ نەتەوە ئامادە بکرێت، دواتر لە نێو ئه و سێ پاکێجەدا خاڵە هاوبەشەکان بکرێن بە بنچینە، کێشە ئەوەیە کورد ڕاو بۆچوونی جیای هەیە لە سەر چارەسەری کێشەی کەرکووک، تورکمان و عەرەبیش وەسایە، جارێ لە ناوخۆیاندا ڕێک بکەون دواتر مێزی گفتوگۆی پێکهاتەکان دابنەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت لۆژیکیانە هەنگاو بنرێت، نەک دیدی ناسیونالیستانەی دوورخەرەوە و دابڕاو لە یەکتر.
رقی سیاسی لە یەکتر جۆرێک لە لێکدابڕان و پشتکردنە یەکتر و هەروەها سەنگەر لە یەکترگرتنی هێناوەتە ئاراوە، بە جۆرێک کە زەمینە سازاوە بۆ ئەوەی خەڵکانی تر و وڵاتانی دیکە بە پێی دەسکەوت و بەرژەوەندیەکانی خۆیان کاری تێدا بکەن، یانی لە دەرەوەی ویستی خۆییانە بۆ گەیشتن بە چارەسەر، وڵاتانی تر هەمیشە جۆرێک لەمپەر لە بەردەم گفتوگۆی لۆژیکیدا دروستدەکەن، نەتەوە و پێکهاتەکانی نێو کەرکووکیش بە هۆی ئه و دابڕانە لە یەکتر، ترسێکیان بەرانبەر هەر هەنگاوێکی یەکدی هەیە، بۆیە خۆیان دەبنە هۆکاری دەستڕاکێشانی ئەوی دەرەوەی خۆیان، لە کاتێکدا ئەوی تر ئامانج و مەبەست و مەرامی خۆی هەیە نەک چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان.
ئەوەی تا ئێستا مایەی بوونی هیواو ئومێدی چارەسەرە، ئەوەی کە ئەم ڕقە زۆر کەم کاریگەری بۆ سەر خەڵکی ئاسایی هەبووە، یانی ڕقی نێو بارەگا سیاسیەکان لە یەکتر لە بیرو بۆچوونی یەکتر، لە ئاڵا و زمانی یەکتر نەیتوانیوە شۆڕبێتەوە بۆ نێو بازاڕ، مزگەوت، قوتابخانە، گەڕەک و شوێنگەلی دیکە، بیرمان نەچێت هەندێ جار هەوڵی زۆر دراوە ئەم ڕقە بگەیەنرێتە نێو زانکۆ ناوەندە ئەکادیمیەکان و نێو میدیا، له و بارەیەوە هەمیشه و بەرلە دوو دەیە ئه و ترسەم نیشانداوە، کە ناکرێت ئەم ڕقە شۆڕبکرێتەوە بۆ نێو زانکۆ و شوێنەکانی تر، لە ڕاستیدا دەبێت زانکۆ ببێتە ناوەندی ئه و گفتوگۆ و دایەلۆگه و خاوەن ڕایەکانی زانکۆ بەرپەرچی ئه و سیاسیانە بدەنەوە کە ئامانجیان نەدۆزینەوەی چارەسەرە.
$لە کەرکووکدا زەمینەی گفتوگۆ و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە زۆر لە باره، ئەمەش لە بەر چەند هۆیەکی زۆر سادە لەوانە$:
یەکەم / دیرۆکی هاوبەشی کەرکووکیەکان:- بوونی مێژوویەکی دوورودرێژ پێکەوە بەرادەیەک تێکەڵبوون کە هەندێ خانەوادە و بنەماڵە هەندێکیان خۆیان بە تورکمان دەزانن و هەندێکیان خۆیان بە کورد، یان بە عەرەبیش، سێ نمونەی زەق و دیار باس دەکەم هەر یەک لە بنەماڵەی هیجری دەدەیی کاکەیی، خۆی کوردی ساغ بووە، بەڵام نەوەکانی هەندێکیان تێکەڵ بە تورکمان بوونە و خۆیان بە تورکمان دەزانن، ماڵی مامۆستا محەمەد ئەمین عەسری، ئەوانیش بە هەمان جۆر، هەروەها خێزان و خانەوادەی جەلیل قەیسی، من ئه و سێ نمونەیەم بۆیە هێنایەوە تا بڵێم ئەوە لە ناو خوێنەوارەکاندا، ئەی ئەگەر زیاتر شۆڕ بینەوە.
دووەم/ بوونی نەوت و سامانی سروشتی:- ئەمەش هۆیەکی تری پێکەوە ژیانی ئاشتیانه و پەرەپێدانی کەرکووکە، ئەگە کەرکووکیە خاوەن ئاوەزەکان خۆیان خاوەندارێتی لە شارەکە بکەن، لە تەنیشت بوونی نەوتدا، شوێنەوار و ژیار و دیرۆکیش ڕۆڵی خۆیی هەیە، بوونی کۆمپانیای نەوت و دەستی کارو سەرمایەی شارەکە دەشێت کەرکووک بکات بە یەکێ لە شارە جوان و شیرینەکانی ناوچەکە بە گشتی.
سێیەم / چارەنووسی هاوبەش:- واتە پێکەوە بوونێکی هەمیشەیی، گەڕەکی هاوبەش، گۆڕستانی هاوبەش، بازاڕ و شوێنکاری هاوبەش هەموو ئەمانە ئه و گرێبەستەی پێکەوە ژیانە توندتر دەکەن، بەعس بۆ دەیان ساڵ کاری لە سەر هەڵوەشاندنەوەی ئه و چارەنووسە کرد، بەڵام شکستی خوارد، ئێمە لە زۆر بابەت و نووسینی پێشتردا لە سەر سیاسەتی بەعس دواوین.
هەڵبەت خاڵگەلی دیکەش زۆرن، بۆیە باشترین و کوورتترین ڕێگە بۆ کەرکووکیەکان لۆژیکی گفتوگۆو گەیشتنە بە ڕێککەوتنی ئاکاری، ڕێکەوتنێک بۆن و بەرامەی شاربوون بۆ کەرکووک بگێڕێتەوە.
[1]