شوێنێک لە ئاسمان
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
هەموو شتێک ئاماژە بوو بەوەی ئەمشەو بارانێکی خۆش دەبارێ، کەچی کتوپڕ کردی بە بەفر! بەفرێکی دنک ئەستووری قورس کە نەرم نەرم دەنیشتە سەر زەوی و تا لات دەکردەوە سەرتاپای مرۆڤی سپی پۆش دەکرد. وەها کە پێڵوەکانیشی قورس دەکردی. ڕاستییەکەی ئەوە بوو بەفرەکە تەڕ تەڕ بارانەکەی لە هەوێنی خۆیدا حەشاردابوو. چ بەفرێکی فێڵباز!
سەیرێکی ئاسمان دەکەم. باشە خۆ هەوا ئەوەندە سارد نیە. ڕەنگە لەو سەرسەرانە سارد بێت و جەستەی بارانی بۆ بەفر گۆڕیبێ. لە بیرم دێ لە قوتابخانە مامۆستا دەیگوت توێژاڵێکی هەوای سارد لەو سەرانە ئەو بارانەی وا لە هەورەکان بەردەبنەوە دەکا بە بەفر، ئەگینا بەفر وەک بەفر لەدایک نابێ. منیش کە پێم سەیربوو لە پەنجەرەی پۆلەکەوە لە ئاسمانم دەڕوانی و خەیاڵم بۆ ئەو بەرز بەرزانە دەڕۆیشت. ساڵانی ساڵ لەوە پێش. چەندە شتی سەیروسەمەرە لەم دونیایە ڕوودەدا و ئێمە ئاگامان لێی نیە.
بەڵام من ئەمشەو ئاگام لێیە. بەجوانی هەستی پێدەکەم. تۆێژاڵێک هەوای سارد لەو سەرسەرانە لەگەڕدایە. بۆ ئەمشەو؟... نازانم.
لادەکەمەوە و سەیری کۆڵەکەم دەکەم. ڕەنگە بەهۆی ئەوەوە بێت. کۆڵەکان مێژوویەکی سەیریان لەگەڵ بەفر هەیە. تەنیا بەو هۆکارەیش کە کاتی ساردو سەرما کەمتر چەکدارەکان بەدەرەوەن و بۆیە گواستنەوەیان و بەزاندنی سنوور ئاسانترە. ئەمشەویش ئاسمان بەزەیی بەمندا هاتووە یاخود کۆڵ ویستوویەتی مێژووی خۆی لەبیر نەچێتەوە، تۆێژاڵە ساردەکەی لە شوێنێک لە قووڵاییەکانی خۆی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی ئەمشەویش وەک هەموو شەوکانی تر بێت. شەوەکانی کۆڵبەرێک لەسەر سنوور بە جەستەیەکی ئارەقاویی و نوقمی خەیاڵی گەیشتن بەو دیو.
کلوەکان دەتوێنەوە، بە ڕوومەتما دادەگەڕێن، دەگەنە سمێڵم و لەوێوە بۆ لێوەکانم. بە زمانم دەیانگرمەوە. تەڕییەکەیان لەززەت بەخشە. گەرووم فێنک دەکەنەوە. شەویش گەشتر دەبێ. ڕێگا خۆی دەکاتەوە. جیهانێکی ئەفسانەیی سپی. لام سەیرە بەشەر قەت بە دیمەنی بێ ئەژمار دووپاتکراوەی سروشت ڕانایەت. شتێک دەتحەپەسێنێ. وەک بڵێی دەنگێکی نادیار دەیەوێ پێت بڵێ لەبیرت نەچی تۆ میوانی، میوانێکی یەکجار کاتی.
جێ هەنگاوەکانی ئەوەی پێشەوە هەڵدەگرمەوە. چەند زوو بەفر پڕیان دەکاتەوە. لەبەر گەورەیی کۆڵەکەی، تەنیا لە ئەژنۆ بەرەوخوار قاچەکانی دەبینم. پێش ئەوەی ڕێبکەوین وتی تەنیا تا سەر گردەکە بتوانن خۆتان ڕابگرن ئیتر ئەوی تری هیچ نیە. هەر چۆنێک بێت دیسان وەک چۆلەکەیەک بەلادا سەربەرزدەکەمەوە. سەر گردەکە دیارنیە. ئەوەی هەیە تەنیا ڕێگایە، ڕێگایەک پڕ بە هەنگاوەکانی ئەوەی پێشەوەم. کلوەکان تەنکتر دەبنەوە.
ئەوەی دوواوەم دەنگێکی لێدەبێتەوە و لەگەڵ کٶلەکەی دادەنیشێ. هەناسەی بەزەحمەت دەردێ. دەنگێک بە زەحمەت دەڵێ کەی وەختی ئەوەیە، ئەوەندەمان نەماوە نابێ زۆری ماتڵی کەین! بەڵام ئەو تەنیا هەوڵدەدا هەناسە قورسەکانی ئاسایی بکاتەوە. قسەی بۆ نایەت. دانە دانە پێشی دەکەون. من دوور و دوورتر دەکەومەوە. نەفەرێک دەڵێ لێی گەڕێن بحەسێتەوە بۆ خۆی هەڵدەستێەوە. دانەیەکی تر دەڵێ گەر یارمەتی نەوێ. بەخۆشییەوە سەروژووری یارمەتیدەرێکی باشە بۆ هەڵگرتنەوەی بارەکە و هەستانەوە سەرپێ، تەنیا ئەوەندە بەسە ڕووەو خوارەوە ڕابوەستی. دەبێ تۆ لە بارەکە نزمتر بیت.
کە لە سەر گردەکە نزیک دەکەوینەوە با هەتا دێ شێت تر دەبێ. سەرم زیاتر دادەخەم. کلوە درشتە بەفرەکان ئیستا بوونەتەوە دنکە وردە بێ ئەژمارەکان کە با لوولیان دەدا و لێمانی دەئاڵێنێ. باشە خۆ بەڵین نەبوو بگەینە شەو، بۆ وایان لێکرد! تا دێتەوە بیرم هەواڵ هات کە ئەم ئێوارەیە کەمینەکە درەنگ دابەزیبووە خوارەوە و درەنگ ڕێگاکەی چۆڵ کردبوو.
باو بۆران هەتا دێت زیا و زیاتر دەکا. دنکە بەفرەکان شێتانە پیاما هەڵدەگەڕێن و دادەگەڕێنەوە. ناو لووت و ژێر پێڵوەکانیشم دەپێکن. من چاوەکانم دەقونجێنم و چەناکەم لە سینگم گیردەکەم بۆ ئەوەی بیانتارێنم. چ قورسە! ئەوسا بۆ ئەوەی ڕێگا ون نەکەم هەوڵدەدەم جێهەنگاوەکانی ئەوەی پێشەوەم لێ ون نەبێ. دەیانناسمەوە هەرچەند هەتا دێ بەفر زووتر دیانلێسێتەوە.
کە گەیشتین بێگومان ئەمشەو لەو دیو دەمێنینەوە. گەڕانەوە مەحاڵە. بیر لە چایخانەکە دەکەمەوە. بیر لە دیجلەمەیەکی خەستی گەروودادەڕ. بۆنەکەی دەگاتە لووتم. بزەیەکم دێتێ. لە ڕاستیدا بەفر و چایی.
باکە لەگەڵ هەر هەنگاوێکم بەهێزتر دەبێ. دەڵێی بە ژمارەی هەنگاوەکانی منەوە بەستراوەتەوە. دنکە بەفرەکان وەک گۆمە تەنوورە بەدەورمدا سوڕدەخۆن. وەک دەرزی بە ڕوخسارم و بە چاوەکانمدا ڕۆدەچن. زیاتر چەناکەم بە سینگمەوە دەنووسێنم. سەریشمی بۆ خواردەکەمەوە. بەلام بێسوودە. تەنوورەی بەفر شێتانە خۆم لێ دەخشێنێ و وەک ئاشقێکی دڵ کەیل دەملێسێتەوە. گرینگ نیە بارم بە کۆڵەوەیە یان نا. ئەو منی بە هەموو شتێکەوە قبوڵە.
بەردەوام هەنگاوەکان دەبینم. بە شوێنیانەوەم. بە خۆم دەڵێم ئاگات لێیان بێت. بۆ ئەوەی بتوانم بەردەوام بم، نیگاکردنەکانم دابەشدەکەم بە سەر هەر سێ هەنگاوێکدا. لە سەر سێهەم هەنگاو چاوەکانم لەیەک چرکەدا هەڵدێنم و زۆر خێرا سەیری ڕێگاکەی بەردەمی خۆم دەکەم. بە خۆشییەوە هەمیشە هەنگاوەکان لەوێن. دوورناکەونەوە. بایش چەند ئاشقانە بە هەمان تەمەحی جەستەی من و کۆڵەکەم لەوانیش خۆی دەئاڵێنێ.
بێگومان گەر ئەمجارە بگەم ئیتر قەت خۆم لە قەرەی کۆڵی ئێوارەی درەنگ وەختان و خۆ لە قەرەی هەواڵی باران نادەم. شاخەکانی سەرسنوور باوەڕیان پێناکرێ. ئەوانیش خووی چەکدارەکانیان گرتووە. بە کەیفی خۆیان دەکەن. جاری وایە دەتوانی تێپەڕی و جاری وایە ناتوانی. ڕوونکردنەوەیەکیش نیە. هەموو شتێک حەزە و سەودایەکی شێتانە. نا، پێویست ناکا. ڕۆژێک درەنگتر هیچ لە کێشەکە ناگۆڕێ. با خاوەن بار شیڕوهوڕیش بکا. چاوی دەرێ!
لە سێهەم هەنگاودا چاوم هەڵدێنمەوە، بەڵام کۆمەڵێک بەفری شێت پێم دادەخەنەوە. بە خۆم دەڵێم قەیناکا سەری چوارەمین هەنگاو. ڕاستی دونیا چەند تاریکیتریش بووە. خۆ بەڵین نەبوو وەها بێت. لە سەر پێنجەمین چاوم هەڵدێنمەوە. دەیبینم. چاوم دەقونجێنمەوە. ڕاستی ئەوە جێ هەنگاو بوو من بینیم؟ دەڕوانمەوە. بەفر ئیزن نادا، دەڵێی تازە شوێنەکانیان پرکردووەتەوە. هەستدەکەم ئەو شوێنەی من دەیبینم لەگەڵ بەفری دەورووبەری فەرقی هەیە. کەمێک چاڵترە. شوێنی دەکەوم. بێگومان ئیستا دەگەینە سەر گردەکە و لەویوە سەرەخواردەبینەوە و هەموو شتێک کۆتایی دێت.
ئارەقە و تەڕیی لە سەر سەروچاوم لەمێژە تێکەڵ بوون. جلەکانم بە پشت و بە سینگمەوە نووساون. تەنیا دڵخۆشیم پێڵاوەکانمن. هەروا وشک و هەروا چوست و چالاک. لەبەر خۆمەوە سوپاسیان دەکەم. هەر دەمگەیەننە ئەوێ. ئەم قاچانە لەمێژە نە فێڵم لێدەکەن و نە خیانەت. ئەوان هەمیشە ڕێگاکانیان دۆزیوەتەوە.
چاوەکانم هەلدێنمەوە. دڵنیام ئەوەی لە چرکەساتێکدا دەیبینم هەمان جیاوازیی نێوان دوو جۆر بەفرە. نا، ... هەڵە ناکەم. ژیان بەشی ئەوەندەی فێرکردووم. تەنانەت گەر سروشت شەوێکی باراناویشم لێ بکا بە بەفر، من دیسان ڕێگای خۆم دەدۆزمەوە، ... دەبێ بیدۆزمەوە، ... چارم نیە، نا... چارم نیە. لەوێ لەو پشت پشتانەوە، پشتەوەتر لەوانەی دوواوەی من، ئەوان چاوەڕوانمن. چاوەڕوانی بەدیهاتنەوەی بەڵێنێکی نەنووسراوەی چەندین و چەندین ساڵە. سوپاس بۆ قاچەکانم کە ئەوانیش ئەمە دەزانن.
با هەتا دێت دیسان شێت و شێت تر دەبێ. ڕاستی لە دووای شێتی چییە؟ ئا، شتێک هەیە من ئیستاکە لەبیرم نەماوە، بەڵام دەزانم هەیە. دڵنیایشم هەتا شێت تر بێت دیسان چاوەکانم و قاچەکانم ئەوەندەیان تیایە ڕێگاکە هەڵەنەکەم. ئەوە نیە هەنگاوەکان هەر لە پێشمەوەن!
لە بیرمە مامۆستا لە قوتابخانە کاتێک باسی هەورەکانی دەکرد چەند ناوی سەیروسەمەرەی دەهێنایەوە. کۆمولوس و ستراتوس و نیمبو... چی چی، ... ڕاستی چی بوو؟ ئاە کە سەرم چەند دێشێ. ڕاستی کامیان بوو بەفری لێدەباری؟
دەڕۆم و دەڕۆم و کەچی هەر ناگەمە سەرگردەکە. وەک بڵێی شتێک هەڵەیە. من کە دڵنیام بەردوام بەفرەکەی بەردەمم دوو جۆر بەفرە، بەفرێکی نەشکاو و بەفرێکی شکاوی پڕکراوەی دووبارە بە بەفر، هەوڵدەدەم جێ هەنگاوەکان ون نەکەم. دەڕۆم و دەڕۆم.
لەبیرمە مامۆستا دەیوت ئەوەی بەردەوام بێت سەرئەنجام هەر ڕۆژێک دەگاتە ئامانج. مامۆستا ڕاست دەکا. ڕەنگە من ناوی هەورەکانم جوان لەبیر نەمابێ، ڕەنگە من کەسێکی زۆر زیرەک لە قوتابخانە نەبووبێتم، بەڵام لەو کەسانە نیم زوو مل بدەم و ماندوو بم و وازبێنم.
بەفرە دوو جۆرەکە هەر بەرەو خۆیان ڕامدەکیشنەوە. من کە دڵنیام ئەوەی یێشەوە هەر لە پێشمەوەیە و من تەنیا بە هۆی کڕێوە و تاریکییەوە نایبینم، لەبەر خۆمەوە پێی دەڵێم بریا بارەکەت قورستر دەبوو بۆ ئەوەی جێ هەنگاوەکانت باشتر دیاربوونایە، وەک چۆن هی من بۆ ئەوەی دوواوە جوانتر دیارن!
بەفرە دوو جۆرەکە دەکشێ و دەکشی. جاری وایە گومانم لا دروست دەبێ کە بەڕاستی وایە، یا تەنیا چاوەکانی من عادەتیان بەمە گرتووە و دونیای بەردەمی خۆیان وەها دەبینن. بەڵام داخۆ مافی هەڵبژاردن و تاقیکردنەوە هەیە؟ نا، ... نا بێگومان نیە. من دەبێ تەنیا بڕۆم.
دەڕۆم و دەڕۆم. سەری گردەکە هێشتا دوورە. با دووریش بێت. من دەبێ بڕۆم و بڕۆم. بە خاتری کۆڵەکە، بە خاتری ئەوانەی دوواوەو و بە خاتری خۆم.
راستی دەکرێ کتوپڕ لە هەوای تا ڕادەیەک گەرمی ڕۆژێکی باراناویدا کتوپڕ شوێنێک لە ئاسمان وەها سارد بێت کە چارەنووسی هەموو گەردوون بگۆڕێ؟
ئەی بۆ نا، ... مامۆستا دەیوت لە دونیادا هەموو شتێک دەشێ، ... هەموو شتێ! دەیوت خوا دونیای وەها دروست نەکردووە کە ئەوەندە بە ئاسانی بتوانی تیایا بحەسێیتەوە و دوواتر لە دووای مردنیش بچیتە بەهەشت.
منیش لام وایە ڕاستدەکا.
راستی هاوڕێ!
کوا هەنگاوەکانت
ئەی کوا خۆت؟
خۆ دەزانی هەر خۆت نیت و منیش بە شوێنتەوەم
ها خۆ دەزانی؟[1]