کەر لە قوڕدا ئەگێت
لە نوکتە و چیڕۆکە کۆنەکانی مەلای مەشهور دا هاتووە، دەگێڕنەوە ڕۆژێک کابرایەک دێتە لای مەلای مەشهور و دەڵێت: مەلا ماڵی فڵان کەس کەرەکەیان زاوە جاشکێکی بێ کلکی بووە، ئەویش زۆر خەفەتی بۆ دەخوات دەڵێت: باشە ئەگەر سبەینێ گەورە بوو، لە قوڕێ چەقی چۆن؟ خاوەنەکەی بڵندی بکات و لە قوڕەکەی دەربهێنێت، قوڕ و چەقین لە قوڕ، لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا ئیدیۆم و پەندی لەسەر هاتووە لە ناو کایەی سیاسی و نێو دەوڵەتیش شکانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا-یان لە(ڤێتنام) بە چەقین لە قوڕاوی(دیان بیان ڤۆ) باسکردووە لە ساڵی 1952ی زایینیدا، قوڕ چ سروشتی بێت لەناو لێڕەوار و جەنگەڵ و هۆڕ و زەڵکاواندا هەبێت یان مرۆڤ خۆی گرتبێتیەوە، ئەوەی بکەویتە نێویەوە دەچەقێت، ئینجا چ مرۆڤ بێت یان وڵاغە بەرزە و بارەبەری وەکو ئەسپ و ئێستر و گوێدرێژ، ئەوەی بچەقێت پێویستی بەدەستبار و دەستگرۆیی و دەستگرتنە تاوەکو لە قوڕ و چڵپاوەکە دەربهێنرێت، چونکە تەواو پەلەکانی تا سەرووی ئەژنۆی لە قوڕەکەدا دەچەقێت و ناتوانێت یەک بە پێیەکانی خۆی هەنگاو بنێ و دەستەپاچە دەوەستێت، ئه و حاڵەتە بێ دەسەڵاتیە و چەقینە بووە بە ئیدیۆم و بەکەسێکی فرسەت حیز و لە دەرفەت گەڕاوان دەوترێت: کەر لە قوڕدا ئەگێت.[1]