ناونیشنانی بابەت: $چاکەی وابەستە، لەبارەی دێڕە بەناوبانگەکەی حەریق$ ەوە
نووسین: #سوهەیب فاروق#
$تاڵ و شیرین پێکەوە نەمدیوە چابێ، چا نەبێ
هەرکەسێ هەمنشینی چا نەبوو، پێت چا نەبێ$
٭ واتای دێڕەکە:
نیوەی یەکەم:
نەمدیوە پێکەوە تاڵ و شیرین چاک بن، لە چادا نەبێ(چا)ی یەکەمی نیوەدێڕی یەکەم(چاکە، یان چاکبوون)بەپێی دێڕەکە(چا)ی دووەمی هەمان دێڕ(چا، چایی).
نیوەی دووەم:هەردوو (چا)کە، بە مانای (چاک، یان چاکە)دێن، بەپێی دێڕەکە، واتە هەرکەسێک هاونشین، هاوڕێ، دۆست، نزیک-ی چاک نەبوو، تۆش پێت چاک نەبێت.
٭ چاکەی ڕەها و چاکەی وابەستە:
مەبەست لە ڕەها هەر شتێکە کە بوون و وەدیهاتنی لەبەر خۆیەتی و بەس، واتە بە خۆی ئەو شتەیە، خۆی لە خۆیدا ئامانجە بۆ خۆی، نە لە ئامانجی شتێکەوە بەدی هاتووە، نە وەسیلەشە بۆ وەدیهاتنی شتێک لە دەرەوەی خۆی، مەبەست لە وابەستە پێچەوانەی ڕەهایە لێرەوە، هەموو ئەو شتانەن کە لەبەر شتی تر هەن، نەک لەبەر خۆیان، یانێ بوونیان وابەستەی بوونی شتێکی ترە، یانێ هەن تا شتێ تر هەبێت، نەک تا خۆیان هەبن.
لێرەوە چاکەی ڕەها ئەوەیە بە خۆی چاکە، یانی کات و شوێن و چۆنێتی.. تاد ڕۆڵ ناگێڕن لەوەی کە چاک بێت، خۆی چاکە گەر شوێنەکە و کاتەکەشی خراپ بێت، خۆی چاکە گەر دەورووبەر و نشینگەکەشی خراپ بێت، چاکەی وابەستەش ئەوەیە، کە وابەستەی شوێن و شت و ژینگە و.... تاد یە، لێرەوە چاکەی وابەستە چاکەنییە وا دەزانرێ چاکە، یان وەک چاک دەنوێنرێ، چوون ناکرێ شتێک بەهۆی شتێکەوە چاک بێ، کەواتە شتەکە نەما ئەویش بەتاڵ دەبێتەوە لە چاکبوون، هۆکارەکە نەما، ئەویش نامێنێ.
٭ (چا) و (چاکە)ی ناو دێڕە شیعرەکە:
یەکەم/
ئەوەی لە دێڕەکەدا وتراوە لە بارەی (چاکە)وە وتراوە، شاعیر ویستوویەتی باس لە چاکبوون بکات، (چا-چایی) قەرینەیەکە دەیەوێت لێیەوە (چاکە، چاکێتی)ڕوون بکاتەوە، کەچی زۆرترینی بەردەنگی کورد(چا-چایی)یەکە دبینێت(چاکە)کە نابینێت بۆ نموونە:
1- ئەم دێڕە لە زۆرترین مەجلیسی چاخواردنەوەدا، لە بارەی چاخواردنەوەوە وتراوە، کە ئەمە دیوە ئاسۆیی و تەنکەکەی شیعرەکەیە و ئامانجی شیعرەکە نییە.
2- زورترین وێنەیەک لەگەڵ ئەم دێڕە دەبینرێن، وێنەی پیاڵە چایە.
3-بەم دواییانەش خراوەتە ناو ڕیکلامێکی (چا-چایی)یەوە، بێئاگایانە.
دووەم/
(چاکە) لە دێڕە شیعرەکەدا کە بە ئامانجی ناسینەوەی چاکێتی، مرۆی چاک وتراوە، چاکەی ڕاستەقینە نییە، چاکەی وابەستەیە، گەر سەرنج بدەین شاعیر دەڵێت[هەرکەسێک هاونشینی چاک نەبوو، پێتان چاک نەبێ] یانێ چی؟
1- ئەوکەسە چاکە کە هاونشینێکی چاکی هەبێت، ئەگەر خۆیشی خراب بێت.
2-ئەگەر هاونشنێکی چاکت نەبوو چاک نیت.
3- ئەگەر هاونشینێکی خراپت بوو، خۆت چاک بوویت هەر خراپیت.
3- هیچ بوارێکی نەهێشتووەتەوە بۆ کەسێک، کە بەس خۆی بێت و چاک بێت، چاکەکە بەستراوەتەوە بە شوێن و کەس... تاد
٭ دۆخی دیمۆسی و سۆفیستییانەی دێڕەکە:
دێڕەکە بواری بۆ تاکگەرایی و بیرکردنەوەی مرۆڤ نەهێشتووتەوە، لێرەو مەترسییەکە ئەوەیە کە مرۆڤ هاونشینەکەی بیری بۆ ئەکاتەوە و چاکی ئەکات، لێرەوە چاکبوون وەک فەزیلەت لە ئارادا نییە چاککردن هەیە ئەوەی کە دەگوێزرێتەوە و دەکرێت دیوە تەکنیکییەکەی چاکەیە کە کۆپی دەبێت و دەستاودەست دەکات، لێرەوە مرۆڤ وای لێ دێت بەردەوام بەقەولی ئیدیۆمەکە(لەگەڵ عامدایە) تا جێ نەمێنێ، عامیش ڕێک دەبێتە سیستم و تاک تیایدا دەرفەتی دەرچوونی لە سیستم نییە، دۆخە دیمۆسییەکەی ئەم دێڕە ئەوەیە کە تاک تیایدا غایبە، ڕەنگڕێژکراوە به ئەوی ترەوە ئەوی تری (هاونشین)بە قەولی دێڕەکە، لێرەوە چاکەکان ئەوە نین کە لە دۆخی چاکبووندان، ئەوان کە هاونشینی چاکیان هەیە، دۆخێکی تری دیمۆسیی دێڕەکە ئەوەیە کە هاونشینەکان توانای گواستنەوەی چاکەیان هەیه، لەخۆیانەوە بۆ ئەوی تری خراپ، دەتوانن خراپەکان چاک بکەن، دێڕەکە وەک شوێنکار(محل)ێک بۆ چاککرنەوەی خراپەکان دانراوە، دیوێکی تری سۆفیستیانەی دێڕەکە ڕێگەدانە بە کۆبوونەوەی جەماوەر و جۆرێک لە جەماوەردۆستی و عاشقبوون بە جەماوەر و قەرەباڵخی، کە بە هاونشینبوون نوێنراوە، وا ڕوون بووەتەوە هاونشینی چاکەکان هەموو ئەوانەی بە دەوری چاکەکانەوەن چاکن، نەک چاک بن بەوەی خۆیان چاک بن، ئەگەر هەموو هاونشینەکانیشان خراپ بن.
[1]