کاریگەری سۆشیاڵ میدیا لەسەر زیاد بوونی توندوتیژی خێزانی چیە؟
گەر پێناسەیەک بۆ سۆشیال میدیا بکەین دەڵێین کورترین تۆڕێکی پێکەوە گرێدراوە هەر زانیاری و پەیامێک یاخود هەواڵێک کە ڕوودەدات و دەردەبڕدرێت لە کەمترین ماوەدا دەگاتە جیهان بەتایبەتی لەم سەردەمەی تیڤی و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان. سۆشیاڵ میدیا لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کەمتر واتە بە شێوەیەکی بەر تەسکتر بەکاردەهات، بەڵام لەم چەند ساڵانەی دوایدا بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاو بۆتەوە کە بە تەواوی خەڵکی خستۆتە ژێر کۆنترۆڵ و ڕکێفی خۆیەوە.
مەبەستەکانی بەکار هێنانی سۆشیاڵ میدیا جیاوازن بۆ دوو لایەن دابەشبووە، هەم لایەنی باش و خراپیشی هەیە، جۆری بەکارهێنانەکان دەکەوێتەوە سەر ئاستی ڕۆشنبیری بەکارهێنەر ئەگەر بێتو بەشێوەیەکی باش بەکاربهێنرێت بێگومان کۆمەڵگە بەرەو ئاقارێکی باش و ڕێکوپێک و ئامانجدار دەڕوات پێشکەوتن و پەرەسەندن بە خۆیەوە دەبینێ.
بەڵام ئەگەر ئاراستەی بەکار هێنان بۆ مەبەست و لایەنی خراپ بێت، ئەوا کۆمەڵگە توشی دارمان و لێکترازان دەبێت و کۆمەڵگایەکی مەترسیدار و بێ ئامانج و بێ بەرهەم دێتە ئاراوە، چونکە بنچینەی پیشکەوتنی هەموو کۆمەڵگایەک چینی گەنج و ڕۆشنبیرە ئەگەر هاتوو گەنجەکانمان ئاراستەی بیرکردنەوەکانیان نێگەتیڤ بێت و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆمەبەست و مەرامی خراپ بەکاربهێنن لە ئەنجامدا کۆمەڵگە توشی دارمان دەبێت.بەمەش کاریگەری دەرونی و تەندروستی کلتووری و پەروەردەیی خراپ لەسەر بەکار هێنەرو خێزانیش دەبێت. هەروەها کێشە وگرفتی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی خێزانی دێتە ئاراوە.زۆربەی کات توندوتیژی خێزانی لێدەکەوێتەوە کە یەکێکە لەو دیاردە مەترسیدارانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگە دەبێتەوە بەتایبەتی کۆمەڵگەی دواکەوتوو.
توێژەری دەروونی شاجوان عبداللە، تێروانینی خۆی سەبارەت بە مەترسی خراپ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و خراپ بەکارهێنانی دەخاتە ڕوو و دەڵێت:
سۆشیاڵ میدیا هۆکارێکە لەهۆکارەکانی بونی توندوتیژی خێزانی، سۆشیاڵ میدیا هۆکارێکی ترە بۆ دروستکردنی گیانی شەڕەنگێزی لە تاک و ناو خێزان. ئەمەش بەهۆی نەبونی سانسۆر لەسەر سۆشیاڵ میدیا بە زەقی لە هەرێمە هەژار نشینەکان دەردەکەوێت، چونکە نەبوونی کار بۆ گەنجان وا دەکات کاتی بەتاڵیان زۆربێت کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی گەنج کاتەکانی خۆی بە شتێک پڕ بکاتەوە.
تاکی کوردیش هەمیشە هەوڵی لاساییکردنەوەی داوە بۆیە پەنا دەباتە بەر سۆشیاڵ میدیا بۆ پڕکردنەوەی کاتەکانی و خراپ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا جا لە
ڕێگەی ئەکاونتی ساختەوە بێت یان ئەکاونتی شەخشی دواتربۆ هەڕەشەکردن لە خەڵک بەکاری دەهێنن. بەتایبەتی نەبوونی چاودێری لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەگەڵ قۆناغەکانی تەمەن لەلایەن خێزان و لایەنی پەیوەندیدار هۆکارێکە بۆ خراپ بەکارهێنان.پێویستە حوکمەت کار بکات بۆ فەراهەم کردنی هەلی کار بۆ گەنجان بۆ ئەوەی گەنج سەرقاڵ بێت ئەوەندە کاتی بەتاڵی بۆ نەمێنیتەوە.
مامۆستا نیگار حمد علی ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتی و پسپۆر لەبواری ئافرەتان و چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی بەم شێوەیە لەسەر بابەتەکە سەرنجی خۆی خستەڕوو:
سەرەتا سوشیاڵ میدیا دوو ڕووی چاک و خراپی هەیە وەک سەرجەم کایە و کەناڵەکانی تر.. دەکەوێتە سەر عەقڵ و پەروەردەی تاک ڕۆشنبیری خێزانی و ئاستی تێگەشتن و ئاسۆی فکری کە ئەمڕۆ تەواوی خێزان بە گەورە و بچوک بێ بەرنامە سەرقاڵی (ئایپاد و مۆبایل و لاپتۆپن) بێگوێدان بە داهاتووی منداڵ و تەندروستی تاک.
دیاردەیەکی زۆر باو چاوکزی مناڵان بەگشتی و چاویلکە لەتەمەنێکی زۆر بچوک ؟! دواکەوتنی لە خوێندن و کۆشش نەکردن، نەخەوتن تاکو بەرەبەیان، گوێڕایەڵی نەکردنی مناڵ بەرامبەر دایک و باوک و خێزان، ئەمانە و چەندین خاڵی لاوازی خێزانەکان بەگشتی، هۆکارەکەی خراپ بەکارهێنان و بێ بەرنامەی سوشیاڵ میدیایە.
سەبارەت بە ڕۆڵی حکومەت و خێزان لە دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەر پێویستی بە دانانی پلانی درێژخایەن و تۆکمەیی هەیە، تاکو جارێکی تر ئەم نەوە بخەینەوە سەر ڕێگە ڕاستەکە و ماندووبونی دەوێت هەر لە ماڵ و قوتابخانە و کۆمەڵگەش بەرپرسن لە جێبەجێکردنی پلان وخەمخۆری جیلی تازە و ڕزگارکردنیان لەم قەیرانە.
پارێزەر هەورین خضر اسماعیل، بەم شێوەیە لەسەر بابەتەکە بۆمان دوا:
داهێنانێکی وەک سۆشیاڵ میدیا و میدیا ئەلکترۆنییەکان، زیانیان زیاترە وەک لە سوود گەیاندن بە کۆمەڵگە، بەتایبەت کاتێک سیستمی سەرمایەداری هەموو هەوڵێک بۆ لەناوبردن و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و کۆمەڵگە دەدات. بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە ڕۆژانە ئاگاداری وردەکاری ژیانی زۆرینەی خەڵکی دەبێت و شتێک نامێنێت بە ناوی تایبەتمەندی تاکە کەسی، تەنها ڕووی باشی خەڵکیت بۆ دەردەکەوێت، چونکە هیچ کەسێک ئامادە نییە ڕووییەکی دیکەی خۆی پیشان بدات، وەک نەخۆشیەکی دەروونی کە تاک تووشی دڵەراوکێ و دوو دڵی دەبێت، بە بەراورد کردنی ژیانی کەسانی چواردەوری لەگەڵ خۆیدا. هەروەها نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و کەمبوونەوەی تێکەڵی، هەواڵ پرسین و هاتوچۆکردن و گواستنەوەی بۆ نامەیەکی ئەلکترۆنی یاخود پەیوەندییەکی تەلەفۆنی یەکێکی دیکەی لە کاریگەرییە خراپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.
دەکرێ بڵێین کە پێشهاتنی سۆشیاڵ میدیاش توندوتیژی هەر هەبووە، بەڵام بەو ڕادەیەی ئێستا نەبووە بێگومان یەکێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی ئەو توندوتیژیە بەکارهێنانی بەرفراونی سۆشیاڵ میدیایە. کاتێک هەموو کەسێک بتوانێ بەئاسانی و بێ سانسۆر سۆشیال میدیا بەکار بهێنێت، ئەمەش وا دەکات کە بەهەر جۆرێک بیەوێت بەکاری دێنێت، بۆ نمونە یەکێک لە زۆرترین جۆرەکانی توندوتیژی و تاوانەکانی کە دەکرێت لە ئێستادا لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بریتین لە(جنێو و تەشهیر و هەڵبەستنی تۆمەتی نادروست و نەشیاو بۆ کەسی بەرامبەر).
ئێمە یاسایەکمان هەیە یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایلە، بەڵام ئێمە پێویستمان بە یاسایەک هەیە سۆشیاڵ میدیا ڕێکبخاتەوە، چونکە لە ئێستادا بە ڕەهایی لە بەردەم تاکەکانی کۆمەڵگادایە بە بێ هیچ سانسۆرێک.
هۆکارەکان زۆرن کە وایکردووە خەڵکی زیاتر بەشێوەیەکی خراپ سۆشیاڵ میدیا بەکار بێنن، بەڵام یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان پەیوەندی هەیە بە پەروەردەی تاکەکانی کۆمەڵگەوە. پێویستە کار بکرێت لەسەر هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە و کاری جددی بکرێت لەسەر ئەم بابەتە بۆئەوەی بتوانین نەوەیەکی تەندروست دروست بکەین، چونکە زۆربەی کەناڵ و سایت و پەیجە کوردییەکان کاریگەری بەهێزیان هەیە لەسەر پەروەردەی منداڵ وگەنجان وایانکردووە مندڵان ڕێز لە دابونەرێتی کۆمەڵگە نەگرن و جێبەجێی نەکەن، پەروەردەیەکی ڕاست و دروست وەرنەگرن کەواتە لێرەدا زەرەرمەندی یەکەم لە کۆمەڵگاکەماندا منداڵە.
سەرەڕای لایەنە باشەکانی تەکنەلۆجیا و سودەکانی بەڵام بێگومان هەندێ کاریگەری خراپیشی هەیە ئەگەر بێت و بەشێوەیەکی خراپ بەکاربهێنرێت، بۆ نمونە کاریگەری خراپی هەیە لەسەر بیرەوەری(زاکیرەی) منداڵ بۆ ماوەیەکی درێژ.
هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگە و هەستنەکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر کۆمەڵگە، نەبوونی سانسۆر لەسەر بەکارهێنانی پێگەکانی سۆشیاڵ میدیا هۆکارێکە بۆ خراپ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا وەکو ئاشکرایە نەوەی نوێ لەگەڵ فەراهەمبوونی ئەو هەموو پێشکەوتنە زانستی و سەردەمیانەی بۆی ڕەخساوە، بەڵام عەقڵیەت و بیرکردنەوەی مرۆڤێکی سەردەمی نوێ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە نموونە تەمەن 25 ساڵ بەراورد بە مرۆڤێکی 18 ساڵی، ساڵانی پێشووتر نییه و زۆر لە ئاستێکی نزمتردایە.
(د.ق.م) یەکێکە له و کەسانەی کە بۆتە قوربانی لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە توشی کێشە بووە بەم جۆرە باسی چیرۆکی خۆی دەکات کە لەڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتیەکانەوە کەسێکی ناسیووە و دواتر ئەو کەسە هەڕەشەی لێ کردوە، کە وێنەی شەخسی بڵاو دەکاتەوە و لەبەرامبەر ئەوەی هەرچی ویست بۆی نەکات، ئەمەش کاریگەری خراپی دەرونی خستۆتەر سەر ئەم ئافرەتەو توشی حالەتێکی دەرونی خراپی کردوە هەم ترسی لەدەست دانی ئابڕوو و گیانی کە چەندین جار هەوڵی خۆ کوشتنی داوە بۆ ئەوەی لەم کێشەیە ڕزگاری بێت. بەڵێ ئەمەش چیرۆکی ئافرەتێک بوو لەو هەزارەها ئافرەتانەی تر کە لە ڕێگەی خراپ بەکار هینانی سۆشیاڵ میدیاوە توشی کێشە بوونەتەوە کە چەندان ئافرەت بونەتە قوربانی.[1]
رووداو عەباس- ڕانیە