بۆچی خوێندنەوەی کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی) گرینگە بۆ مامۆستایانی زمانی کوردی؟
کارێکی بەجێ و پێویستە مامۆستایانی زمان و ئەدەبی کوردی گشت قۆناغەکانی خوێندن (بنەڕەتی هەتا خوێندنی زانکۆ)، هەر حەوت بەرگەکەی کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی)، دانراوی دکتۆر مارف خەزنەدار، بخوێننەوە و وەکو سەرچاوەیەک لەبەردەستیان بێت، چونکە:
1- هەر حەوت بەرگی ئەم کتێبە بە میتۆد و ڕێبازێکی تایبەتی وەها نووسراوە، کەوا وەکو سەرچاوەیەکی (قوتابخانەیی، زانستگایی، ئەکادیمییانە، فەرهەنگییانە و ئینسکلۆپیدیانە) وایە، هەروەک دانەرەکەی مەبەستی بووە.
2- دانەری کتێب دکتۆر مارف خەزنەدار، ساڵانێکی زۆری تەمەنی (هەر لە 1968ەوە تاکو 1988) خەریکی کۆکردنەوە و ساغکردنەوە و نووسینەوەی بووە، وەک خۆی ئاماژەی پێداوە.
3- تاکە سەرچاوەیە لەبارەی مێژووی ئەدەبی کوردییەوە به و شێوە زانستیی و فراوانە و لەدووتوێی 4164 لاپەڕەدا نووسرابێت، تا حاڵی حازر لە گشت سەرچاوەکانی دیکه چڕوپڕترە.
4- لە بەرگی یەکەمدا، دانەری کتێب 200 لاپەڕەی تەرخانکردووە بۆ باسەکانی وەکو: مێژووی نەتەوەی کورد، جوگرافیای کوردستان، ئایین و ژیانی کۆمەڵایەتی، ژیانی خوێندەواری و ڕۆشنبیری، دەستنووس، کوردناسی و زمان، ڕۆژنامەگەریی، ئەدەبی کۆن و نەنووسراو... تد.
5- لەم کتێبەدا، بە درێژی باسی ژیان و (ناوەڕۆک و ڕووخسار)ی بەرهەمی زۆربەی زۆری شاعیرانی کوردی هەموو شێوەزارەکان کراوە، لەوانەش 23 شاعیری شێوەزاری کرمانجی سەروو، هەروەها شاعیرە بەناوبانگەکان زۆرترینیان لەبارەوە نووسراوە. هەر بۆ نموونە لە بەرگی دووەمدا، خەزنەدار 84 لاپەڕەی بۆ (ئەحمەدی خانی) تەرخانکردووە و لە بەرگی سێیەمدا 90 لاپەڕەی لەبارەی (نالی)یەوە نووسیوە.
6- باسی ژیان و بەرهەمی هەندێک شاعیر کراوە کەوا بۆ خوێنەر کەمناسراون، ئەمەش یارمەتی مامۆستایانی زمانی کوردی دەدات، پێیان ئاشنابن و لەکاتی پێویستدا، زانیاری لەبارەیانەوە لەم سەرچاوە بەدەستبهێنن.
7- بە خوێندنەوەی سەرجەم بەرگەکانی ئەم کتێبە، وێڕای تاموچێژی خوێندنەوە، ئاسۆی بیری خوێنەران و مامۆستایان زۆر فراوانتر دەبێت و هەگبەی زانیارییان لەبارەی وێژەی کوردییەوە بە گشتی، گەلەک دەوڵەمەندتر دەبێت.
محەمەد عەبدولڕەحمان خدر[1]