دکتۆر بێوار معین ناڤداری، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەکە لەو ڕوونکردنەوەیەدا، وردەکاریی پرۆژەکەی خستووەتەڕوو و نووسویەتی چەند ڕۆژێکە لەلایەن چەند کەس و لایەنێکەوە بەمەبەست و پلانێکی داڕێژراو قسە لەسەر نەخۆشخانەی سانتی لایڤ دەکرێت، بۆیە ئەو ڕوونکردنەوەیان بڵاوکردووەتەوە.
سەبارەت بە نەخۆشخانەکە و مۆڵەتەکەی وەک پرۆژەیەکی وەبەرهێنان، ڕوونکراوەتەوە کە ئەو نەخۆشخانەیە پرۆژەیەکی وەبەرهێنانە و لە دەستەی وەبەرهێنان بە نووسراوی ژمارە 3470 لە ڕێکەوتی 8-12-2013 مۆڵەتی پێدراوە بە ژمارەی مۆڵەتی 103 بەپێی بڕگەی شەشەم لە ماددەی 7ی یاسای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان. بەپێی ڕاگەیێندراوەکە ئەو پرۆژانەی بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە تۆمارکراون بە پرۆژەی کەرتی تایبەت دادەنرێن. بۆیە ڕێکخراوەکە ڕەتیدەکاتەوە ئەو نەخۆشخانەیە سەرەتا سەر بە کەرتی گشتیی بووبێ و دواتر خرابێتە سەر کەرتی تایبەت.
سەبارەت بە زەوی نەخۆشخانەکە و چۆنێتی تەملیککردنی، لە ڕوونکردنەوەکەدا باسکراوە، کە بە نووسراوی ژمارە 502 ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان لە ڕێکەوتی #05-05-2019# بڕیاری تەملیککردنی تەنیا ئەو زەوییەی بینا و پێکهاتەی نەخۆشخانەکەی لەسەر دروستدەکرێت داوە، ئەمەش تەواو کۆکە لەگەڵ یاسای وەبەرهێنان، چونکە بەپێی بڕگەی سێیەمی ماددەی 4ی یاساکە، ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان دەتوانێت زەوی تەرخانکراو بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان بەناو بکات. بۆیە بۆ ڕێکاری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەستەی وەبەرهێنان بە نووسراوی ژمارە 5990 لە ڕێکەوتی 3-12-2019 داوای لە شارەوانی #هەولێر# کردووە، کە چەسپاندنی سنوور بۆ زەوی پرۆژەکە بکات و دواتر بەپێی نووسراوی شارەوانیی هەولێر لە 22-12-2019 چەسپاندنی سنوور بۆ زەوی پرۆژەکە کراوە.
بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە کارکردنی سەرەتای نەخۆشخانەکە و دواتر ڕاگرتنی کارەکانیشی لە ڕاگەیێندراوەکەدا ڕوونکردووەتەوە و دەڵێت، کە نەخۆشخانەکە لە ساڵی 2015 بۆ ماوەی 8 مانگ کاری کردووە، بەڵام لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست لە کارکردن وەستاوە و دواتر دراوەتە زانکۆی کوردستان بۆئەوەی ئەرکی بەڕێوەبردنی بگرێتە ئەستۆ و لە بەشی پزیشکیش سوودی لێ وەربگرێت، بەڵام زانکۆکەش نەیتوانیوە بەڕێوەی ببات. ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە دواتر پەیوەندییان بە چەندین وەبەرهێنەری ناوخۆیی کردووە بۆئەوەی نەخۆشخانەکە بەڕێوەببەن بەڵام کەس ئامادە نەبووە بیکات، بۆیە ناچار بوون پەیوەندیی بە کۆمپانیا و وەبەرهێنەری بیانییەوە بکەن و دواجار گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای سانتاکیر کراوە.
لەماوەی ڕابردوودا جگە لە قسەکردن لەسەر ئەوەی پرۆژەی کەرتی گشتی بووە و دراوەتە تایبەت و تەملیککردنی زەوییەکە، قسەش لەسەر ئەوە دەکرا کە لە نەخۆشخانەی منداڵانەوە گۆڕدراوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی. ڕێکخراوەکە لەو بارەیەشەوە ڕوونکردنەوەی داوەو دەڵێت لەبەرئەوەی سەری نەگرت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و چارەسەری پزیشکی، وامان لا پەسەند بوو کە بیگۆڕین بە نەخۆشخانەیەکی گشتی و بەشی جۆراوجۆر لەخۆبگرێت، بەڵام ئێستاش بەشێکی سەرەکی نەخۆشخانەکەمان تایبەت کردووە بە چارەسەری منداڵان.
رێکخراوی هێڤی، کە ڕێکخراوێکی خێرخوازیی ناحکومییە و تایبەتمەندە لە بواری تەندروستی، بۆ ئەو نەخۆشخانەیە چەند گرێبەستێکی کردووە. یەکێکیان لەگەڵ کۆمپانیای ئۆرێکس بووە، کە بەپێی ڕوونکردنەوەکە دوای هەشت مانگ شکستیهێناوە و پاشەکەشەی کردووە و دوای کشانەوەشی بە بڕی 7 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار قەرزی بۆ ڕێکخراوەکە جێهێشتووە، ڕێکخراوەکە بە هاوکاریی خێرخوازیی قەرزەکەی داوەتەوە.