جەماوەری خەڵکی کوردستان!
دوای ئەنجامدانی #ڕیفراندۆم# و دەنگدانی ئێوە بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، حکومەتی فاشیستی ئیسلامی عێراقی وەکو میراتگری شۆڤێنیزمی عەرەبی دەستی دایە سزادان و هەڕەشەی هێرشکردن بۆسەر کوردستان ئەگەر ئاکامەکانی ڕیفراندۆم هەڵنەوەشێتەوە. هەروەها هەردوو دەوڵەتی کۆنەپەرستی ناوچەکە ئێران و تورکیا کەوتنە هەڕەشەی گەمارۆدان و داخستنی سنورەکان. دژایەتی ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکان و دەوڵەتانی ئەوروپا بۆ ئەم مافەی خەڵکی کوردستان دەستی حکومەتی فاشیست و ڕەگەزپەرستی عێراقی ئاوەڵاکرد هەڕەشەکانی فراوانتر بکات و سەرەنجام دەست بەرێت بۆ هێرش و پەلاماری سەربازی بۆ سەر کوردستان.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابروودا، کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان ڕایانگەیاند کە ئامادەن بەرگری لە خەڵکی کوردستان بکەن و هەزاران چەکداریان لەناو شاری #کەرکووک# و دەوروبەری بڵاوپێکرد. هەر لەوکاتانەدا جەماوەری شاری کەرکووک، لە کۆبونەوە جەماوەریەکانی خۆیاندا ئامادەییان نیشان دا بەرگری لە خۆیان و شارەکە بکەن بەرامبەر بە هێرشی حەشدی شەعبی.
دوێنێ 15-10-2017 لە هاوینەهەواری دوکان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کۆبونەوەو ڕایانگەیاند کە پێکەوە دژی هەرپەلامارێک دەوەستنەوە کە بکرێتە سەر کوردستان، بەڵام ئەمڕۆ 16-10-2017 ئەم دو حزبە بەوهێزە زۆروزەوەندەی ساڵانێکی زۆرە پارەو پوولی خەڵک دەکەن بە قوڕگیانداو بە سەدان ئوتومبێلی سەربازی و چەک و تۆمپ و مووشەک وکەرەستەی جەنگیان لەبەردەستدایە، لەماوەیەکی زۆر کورتدا و بەبێ هیچ جۆرە بەرگریەک هەموو شوێنە هەستیارەکانی دەوروبەری کەرکووکیان بەجێهێشت و ڕادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کرد.
خەڵکی ئازادیخوازو تێکۆشەری کوردستان!
ئەوەی کە ئەمڕۆ لەکەرکووک ڕوویدا شەنگاڵێکی دیکە بوو کە یەکێتی وپارتی پێکەوە و هەرلایەکیان بە ڕۆڵ و شێوازی خۆی ئەنجامیان دا. لایەکیان دەستی لەگەل سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی تێکەڵ کرد و لایەکەی دیکە هەر بەوجۆرەی خەڵکی شەنگالی بۆ داعش بەجێهێشت، ئاواش خەلکی کەرکووکی پێشکەش بە حەشدی شەعبی کرد. ئەم کارە قێزەونەشیان بۆئەوە بوو کە وەکو چاوەڕوان دەکراو پێشتریش ئێمە هوشداریمان دابوو، مامەڵەو سەودا بە بڕیاری خەڵکی کوردستانەوە بکەن کە لە 25-9دا دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا، لەپێناو بەدەستهێنانی دەسکەوتی سیاسی بۆخۆیان. ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە پارتی و یەکێتی دوای سەوداو مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و قاسم سلێمانی کە دوێنێ لە کوردستان بوو، هێزەکانیان کشاندۆتەوە و کارەساتێکیان ڕوبەرووی خەڵک کردەوە تا بیانوی سازشکردن بە دەنگی خەڵک و وازهێنان لە ئاکامی ڕیفراندۆم پەیدا بکەن.
ئەم شەرمەزاریەی هێزەکانی یەکێتی و پارتی و هەڵاتن و جێهێشتنی خەڵک و سەنگەرەکان لەبەردەم هێرشی حەشدی شەعبی دا جگە لەوەی کە بووە هۆی کارەساتێکی دیکە و ئاوارەبوونی جەماوەرێکی بەرین، لە هەمانکاتدا کاریگەریەکی وێرانکەری هەیە لەسەر ئەو گیانی بەرەنگاریەی کە لەلای خەڵکی کەرکووک و کوردستان خەریک بوو دەگەشایەوە. جارێکی دیکە هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی خەڵکیان کردەوە بە قوربانی سیاسەتە بەرژەوەندخوازو کۆنەپەرستانەکەیان.
ئەم کارەساتەی ئەم حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتی بەسەر خەڵکی کەرکووک و کوردستان هێنایان، ئەوەی دوپات کردەوە کە ئەم هێزانە دژ بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانن. ئومێد بەستن بەم هێزانە کە گوایە خەڵک دەپارێزن، وەهمێکی کوشندەیە و سەرچاوەی کارەساتە. دەبێ ئیتر ئەمە وەکو ئەزمونێکی تاڵ لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە تەماشابکرێ. ئەمانە بۆ چەندەهەمین جار ئەو ڕاستیەیان سەلماندەوە کە نەک نابێ چاوەڕوانی پاراستنی خەڵکیان لێ بکرێت، بەڵکو شایستەی ئەوەن خۆیان و میلیشیای حزبی و هەموو دامودەزگا گەندەڵ و ستەمکارەکانیان هەڵپێچرێن و لە کۆڵ خەڵک بکرێنەوە. گشت مێژووی بزوووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی جگە لە ڕاپێچکردنی خەلک بۆ ناو کارەساتی یەک لەدوای یەک و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ دەوڵەتانی کۆنەپەرست و هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان لەسەر حسابی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان شتێکی دیکە نەبوە. ئەو بەندوبەست و سەودا حەقیرانەیەی ئەمجارەو بۆ چەندەهەمینجار بە چارەنوسی خەلکی کوردستانەوە کردیان، ئیتر دەبێ ئەو حوکمە زۆر بە درەنگ کەوتوە بخاتە بەرنامەی کاری خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانەوە، کە ئەزمونە کۆنەپەرست و گەندەل و کارەساتبارەکەیان بە پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی میلیشیاییانەوە کۆتایی پێ بهێنرێت و چارەنوسی کۆمەلگا لە چنگیان دەربهینریت.
#حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان# لەکاتێکدا پێداگری توند لەسەر ئاکامی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکات و ئەمە بە دەسکەوتیکی گرنگی خەلکی کوردستان دەزانیت، هەرجۆرە پلانێک بۆ لەباربردنی ئەو دەسکەوتە و پاشگەزبونەوە لەو بڕیارەی خەڵک بە توندی سەرکۆنە دەکات و دژی دەوەستێتەوە، هاوکات ئەو پڕوپاگەندەو بانگەشانە کە دەڵێن ئەگەر ڕیفراندۆم نەکرایە، ئەم هیرش و پەلامارەی حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبی بۆسەر کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕوی نەئەدا، بە چەواشەکاری و خۆڵکردنە چاوی خەڵک دەزانێت. حکومەتی عێراق لە دوای هاتنی داعش، بەشێوەیەکی کاتی ڕازی بوو ئەو ناوچانە لەژێر دەستی پێشمەرگەدا بێت و دوای کۆتایی هاتنی شەڕ دەبێ ڕادەستی حکومەتی ناوەند بکرێنەوە. ئەمەش چەندین جار لە زاری بەرپرسانی حکومەتی بەغداوە ڕاگەیەنراوە. لەبەرئەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بانگەوازی خەڵک دەکات کە لەسەر بریاری خۆیان پێدابگرن و ڕێگا نەدەن ئەم دەسکەوتە سیاسیە گرنگەیان بکرێتە قوربانی ساتوسەودای حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەوڵەتانی ناوچەکەدا. هەروەها حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە سەنگەری پێشەوەی خەباتی جەماوەری کریکار و زەحمەتکیش ڕادەوەستی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو دۆخە ئابوری و سیاسیە سەختەی دەسەڵاتی گەندەل و ستەمکاری بورژوازی کورد پێکیهیناوە، بۆ کۆتایهینان بەم دەسەڵاتە ستەمکارە و بەرپاکردنی دەسەڵاتێکی پشتبەستوو بە ئیرادەی خەڵک کە بتوانێ کۆمەلگای کوردستان لەم تەنگانەیە دەربازبکات بەرەو دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازادیخوازی غەیرە قەومی و غەیرە دینی.
حزبی کۆمۆنیستی کریکاری بانگەوازی خەڵکی کوردستان دەکات کە دەست بەرن بۆ پێکهێنانی شوراو ئەنجومەنە کرێکاری و جەماوەریەکانی خۆیان لە گەڕەک و کارگاو فەرمانگەو دامەزراوە حکومی و زانکۆ و خوێندنگاکان و لە سەراسەری شاروشارۆچکەکانی کوردستاندا، هێزی چەکداری خۆیان پێک بهێنن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بەرامبەر هێرش و پەلاماری دوژمنانی خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو هێزانەی کە ئیرادەی خەڵک پێشێل دەکەن. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئەرکی خۆی و پابەندبوونی خۆی بە ڕێکخستن و ڕابەری کردنی ئەم خەباتە ڕادەگەیەنێ.
مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
16-10-2016