هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان
ڕای گشتیی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان
بەڕەبەیانیی ئەمڕۆ 16ی 10ی 2017 هێزەکانی #حەشدی شەعبی#ی سەر بە #سوپای پاسداران#ی ئێرانی بە فەرماندەیی ئیقبالپوور و بە هاوکاریی هێزەکانی عێراقی هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر #کەرکووک# و ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک دەست پێکردووە. ئەو هێرشە بە ئاشکرا ڕاگەیاندنی شەڕە لەدژی گەلی کوردستان.
ئەو پەلامارە کە لە لایەن حکوومەتی عێراقی و حەشد و هێزەکانی سەر بە قەرارگای قودسی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە، تۆڵەسەندنەوەیە لە خەڵکی کوردستان کە داوای ئازادیان کردووە و تۆڵەیە لە خەڵکی سەربەرزی کەرکووک کە هەڵوێستی مەردانەیان نواندووە.
بە داخەوە هەندێ بەرپرسی یەکێتیش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی کوردستان بوونە و خیانەتێکی گەورە و مێژوویییان لە کوردستان و ئەو شەهیدانە کردووە کە لەژێر ئاڵای یەکێتی گیانی خۆیان فیدای کوردستان کردووە. ئەم چەند بەرپرسە، هەندێ شوێنی هەستیاریان بە بێ شەڕ بۆ هێزەکانی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵ کردووە و کاک کۆسرەتیان بە تەنیا جێ هێشتووە.
بە گشت لایەکیش ڕادەگەیێنین کە ئەو پەلامارەی حەشد و هێزەکانی عێراقی بە چەک و زڕێپۆش و دەبابەی ئابرامزی ئەمەریکی و چەکی تری هاوپەیمانان ئەنجام دراوە. ئەو چەکە ئەمەریکیانە دەمێکە لەژێر ناوی شەڕی داعش بە سوپای عێراق و حەشد دەدرێت، ئەوە لە حاڵێکدابوو کە لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە چەکی پێویستی پێ نەدرا بۆ شەڕ و بەرگری لە بەرانبەر تیرۆریستاندا.
لێرەدا گەلی کوردستان لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە سەرباری بوونی ناپاکی هەندێ بەرپرس و پیلانگێڕیی حکوومەتی عێراق و سوپای پاسداران بەڵام هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ورەیەکی بەرزەوە لە هەموو شوێنەکان بەرگرییەکی قارەمانانە دەکات و جەختیش لەوە دەکەینەوە کە مومکین نییە بە پیلانگێڕی ئیرادەی گەلی کوردستان تێکبشکێت و ڕێگە بدەین نەیارانی گەلی کوردستان سەربکەون.
داوا لە هەموو پێشمەرگە ڕاستەقینەکانی گەل و وڵات و جەماوەری خۆڕاگر و دوژمن بەزێن دەکەین ئەوەی لە دەستیان بێت بیکەن بۆ بەرخودان و تێکشکاندنی پەلاماردەران. بەرپرسی یەکەمی شەڕفرۆشتن بە گەلی کوردستان حکوومەتەکەی عەبادییە و دەبێ بە قورسی باجی ئەو زوڵمەی بدات.
فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
16-10-2017