عوسمان دەشتی
پێشمەرگەی دێرینی دوو شۆڕش، مامۆستا، مافپەروەر، نووسەر و لێکۆلەر،
ناوی تەواوی(عوسمان حەمەد خدر)ە، بە(عوسمان دەشتی) ناسراوە، ساڵی(1952) لەگوندی(ماستاوا)ی شارۆچکەی(#قوشتەپە#)ی شاری #هەولێر# لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لەنێوان ساڵانی(1960-1972) لە شاری هەولێر تەواوکردووە، لە ساڵی(1970)ەوە دەستیکردووە بە نووسین لە بواری ئەدەب و ڕۆژنامەنووسیدا، ماوەی یەک ساڵ لە نێوان(1974-1975)دا بووە بەپێشمەرگە لە شۆڕشی ئەیلول(1961-1975)دا.
لەدوانی نسکۆی شۆڕش بڕوانامەی(دبلۆم) بەدەست دەهێنێت و لەماوەی نێوان(1975-1982) مامۆستا بووە لە قوتابخانەی لادێکانی(پشدەر و #ڕانیە#)، لەنێوان ساڵانی(1982-1989) لە شۆڕشی نوێی گەلی کوردستان بەرابەرێتی(#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#).
دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵکی باشووری کوردستان، گەڕاوەتەوە بەر خوێندن و لەنێوان ساڵانی(1992-1996) بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی #زانکۆی سەلاحەدین# تەواو دەکات، لە نێوان هەمان ساڵاندا(1992-1996) بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا لە کۆلێژی مافی ئێوارانی زانکۆی سەلاحەدین بە دەستهێناوە.
ساڵی(2001) بڕوانامەی ماستەری لە بواری ئەدەبی کوردی لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین بەدەستهێناوە بەناونیشانی(ناوەرۆکی سیاسی و کۆمەلایەتی لە شیعری هێمن).
ساڵی(2007) بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەدەبی کوردی لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین وەرگرتووە بەناونیشانی(شیعری ناوچەی موکریان-نیوەی یەکەمی سەدەی بیست).
تا ڕێکەوتی نووسینی ئەم ژیاننامەیە(15) پەڕتووکی چاپ و بڵاوکردۆتەوە لە بوارەکانی(شیعر، ئەدەبیات، لێکۆڵینەوە، ڕەخنەی ئەدەبی) لەگەڵ(20) وتار و توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لەبواری ڕۆژنامەنووسییدا چەندین وتاری ئەدەبی و ڕۆشنبیری گشتی لەنێوان ساڵانی(1990-2020)دا لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردۆتەوە.
سەرپەرشتیاری چەندین نامەی ماستەر و دکتۆرای کردووە لەگەڵ ئەندامبونی لە لێژنەکانی تاوتوێدا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و بەشداری چەندین کۆنفراسی زانستی زانکۆکانی کوردستان و کۆنفرانسە نێودەولەتیەکانی کردووە لەناوەوە و دەرەوەی هەرێم.
ئەندامێتی(سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، سەندیکای نێو نەتەوەیی ڕۆژنامەنووسانی جیهانی، یەکێتی نووسەرانی کورد)بووە، ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردییە، مامۆستای وانەبێژە بە پلەی زانستی پڕۆفیسۆر، لە کۆلێژی پەروەردەی #زانکۆی کۆیە#، خێزاندارە و خاوەنی(دوو کچ و سێ کوڕە) بەناوەکانی(ساوێن و ئاریان و هێژا و ڕۆژا وکاڵێ)، نیشتەجێی شارۆچکەی(#کە#سنە#زان#)ی شاری هەولێرە.[1]