#بەڕێز عەباس#
نالی شاعیری ناسراوی کلاسیکی کوردی، کە لە سەدەی نۆزدەدا ژیاوە شیعرێکی هەیە باس لە دونیای خوێنەواری و حوجرە و ژیانی فەقێیەتی دەکات و ڕەخنەی لێ دەگرێت، بەهۆی ئەوەی فەقێکانی دوێنێ کە فێرخوازی ئەمڕۆ دەکات بە شێوازێکی درووست پەروەردە ناکرێن! مەبەست یان مانای وشەکانی مەدرەسە و مەحبەسە لای نالی بریتییە لەوەی کە مەدرەسە حوجرەی فەقێیە و مەحبەسەش بە واتای حەپسخانە و زیندان دێت، نالی لە شیعرێکیدا دەنووسێت:
مەدرەسە، مەحبەسەیە، مەبحەسەیی وەسوەسەیە
کەسی تێدا هەیە، ئەمما خۆش و خورسەندی نییە
مانای ئەم شیعرە وەک مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لێکی داوەتەوە واتە حوجرەکانی فەقێ بەندیخانەی گیان و بیرن و، باسەکانی کە فەقێکان باسیان لێ دەکەن هەموو وەسوەسە و خەیاڵی بێ مایەن و، ناڵێم فەقێکان بنیادەمی زیرەک و لێهاتوویان تێدا نییە، هەن، بەڵام خۆشی و شادمانی لە دەموچاویاندا بەدی ناکرێ.
دەبینین دوای زیاد لە سەد ساڵ و ئەو گۆڕانکارییانەی لە دونیا ڕوویانداوە بە هەموو کایە و ئاستەکانەوە کەچی زۆرێک لە شارەزایانی پەروەردەی ئەمڕۆ پێیان وایە خوێندنگەکانی کوردستان زیندانن و فێرخوازەکانیشی وەکوو تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و ئینسانی نوێ بەرهەم ناهێنێت، نەوەک هەر ئەوە بەڵکوو گومان دەکرێت پەروەردەی ئێمە پەروەردەیەکی ئاڕاستەکراوە و بە مەبەست کار دەکرێت بۆ لێدان لە شکۆی فێرخوازو لە مرۆڤ خستنی مرۆڤ! ئێمە لە شوێنی ترو لە نووسینی تردا ئاماژەمان پێکردووە و پێمان وابووە تەنانەت خوێندنگەکانی ئێمە زیندانیش نین، بەڵکوو لە زیندانیش خراپترن!
ئێستاش هەمان بۆچوونمان هەیە بەڵام ئێستا باس لە زیندان دەکەین هاوواتای خوێندنگە زیاتر مەبەستمان ڕوونکردنەوی دیدی نالییە بۆ قۆناغێکی مێژوویی ئێمە لە پەروەردە و فێرکردن کە تاچەند ناپەروەردەیی بووە، هەروەها بەراوردکردنی دوو سەردەمی جیای دونیای کوردییە بەوەی دۆخی پەروەردە و فێرکردنمان لە ڕابردوودا چۆن بووە کە شاعیرێکی گرنگی وەکوو نالی باسی دەکات لەگەڵ ئێستادا، چونکە لانی کەم زیندانی ئەمڕۆ هەندێک پێداویستی و بنەمای بۆ دیاریکراوە کە لەوانەیە مرۆڤی تاوانبار دوای دەرچوونی لە زیندان ببێت بە مرۆڤێکی تر و گۆڕانکاری بەسەردا بێت و بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگە، گومان دەکەم گەر نالی ئێستا زیندوو بوایە و دۆخی خوێندن و شێوازی پەروەردەکردنی بەم جۆرە ببینایە کە ئێستا لە کوردستاندا بەڕێوە دەچێت، لە بری بەراوردکردنی حوجرەکانی دوێنێ بە زیندان بۆ خوێندنگەکانی ئەمڕۆ شتێکی تری لە بەرانبەردا هەڵدەبژرارد کە لە دۆخی زیندان دوێنێ خراپتر بێت! بۆیە نالی حوجرەی بە زیندان هاوواتا کردووە لەبەر ئەوەی لەو سەردەمەدا هیچ شوێنێک بە قەد زیندان خراپ نەبووە لە هەموو ڕوویەکەوە، بەڵام ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی سەردەمی نالی لەگەڵ ئێستادا و بەراوردکردنی هەردوو سەردەمەکە خوێندنگەکانی ئێستا باشتر نین، دەبوایە شێوازی خوێندنی حوجرەی سەردەمی نالی ببوایە بە مێژوو و ئێستا ئێمە وەکوو ڕابردوویەکی سەیر بمانخوێندایەتەوە و وەکوو پەند بگێڕدرایەتەوە و باسبکرابابە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوەی ئێمە لە سەردەمی نالی جیا دەکاتەوە تەنیا زەمەنە! لەوانەیە یەکێک بپرسێت چۆن، ئەی هەموو شتە ماددیانە دەیبینین و ئەو جۆرە ژیانەی هەمانە لە سەردەمی نالی دەچێت؟ وەڵامی ئێمە ڕوونە نەخێر، بەڵام مەبەستمانە بڵێین ئەو شتانەی بەچاو دەیانبینین و هەمانە شتی ستراتیژی و قوڵ و ورد و بەرهەمی میللەتێکی پێشکەوتوو وە پەروەردە و فێرکردنێکی تەندرووست نییە، بەڵکوو دیاردەیەکی سرووشتییە و ڕەوتی مێژوو ئەمەی درووست کردووە، کوردیش نەبوایە هەر میللەتێکی دواکەوتووی تر بوایە ئەو شتەی دەبوو ئێستا هەیەتی.
بۆیە ئەو دۆخەی ئێستای پەروەردە و فێرکردنی کوردستانی تێدایە دەیان جار نالەبارتر و ناگونجاوترە و ئاڵۆزترە وەک لە سەردەمی نالی کە خوێندنگەی بەراوورد بەزیندان کردووە! بەر گوێمان ناکەوێت و چیرۆکی وامان نەبیستووە کە لە حوجرەدا بەهۆی نەزانیینەوە لە فەقێ درابێت ئەوە دەزانین و ڕاستە چوارچێوەی بیرکردنەوەی فەقێ سنووردارکراوە و ئازاد نەبووە بەڵام لێدانی جەستەیی نەبووە، کەچی لە ئێستادا کەم نین ئەو چیرۆک و ڕووداوانەی چ بەشێوەی ئاشکراو چ بە نهێنی کە گوێمان لێدەبێت و دەیبینین بەوەی سەرەڕای سنووردارکردنی بیرکردنەوەی فێرخواز ئازار و ئەشکەنجەش دەدرێت!
ئەم وتارە لە ڕۆژنامەی ئاوێنە ژمارە (567)ی #28-02-2017# بڵاوکراوەتەوە [1]