ناونیشانی بابەت: شێخ نەهرۆ، سۆفیگەرایی یان سیاسەتمەداری؟
ناونیشانی بابەت: #سۆزان سەعید#
ئێمە لەخوا بووین و دەگەڕێنەوە بۆ خوا، لەژێر نووری خوادا دەژین و هەر شتێکیش کە بەلاڕێ و بەلادانماندا بەرێت و سەرقاڵی ژیانی دونییە.یمان بکات، ئەوە کفرو لادانە لە تەریقەتەکەمان. ئەمە بنەما و باوەڕی مامەڵەی سوفییە کە دەبێت پەیرەوی بکرێت، وەک بەندەی خوا.
ئیمانداری بە تەسەوف لەناو کەشی سۆفیگەری ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو مرۆڤە لە پەیوەندییەکی بەهێزی ڕۆحیدایە لەگەڵ خوای خۆیدا. لەژێر چرای خوایا دەژی و هەمیشە لە زکرو جۆش و خۆشەویستی ومەحەبەت و عەشقی خوادایە. ئەم پەیوەندییە بە بەهێزترین پەیوەندی ناو قوتابخانەکانی ئیسلام دەناسرێت بە خواوە، کە پەیوەستەیەکی ڕیشەییە لەنێوان ڕۆح و نووراللە، دور لە دونیای ماتریاڵی و بیر کردنەوە لە جەنجاڵیەکانی ژیان و گوزەرانێکی پڕ لە لەزەت و خۆشی، نەخوازەڵا ژیانی لوکس و سامانداری.
ڕێچکەی ``کەسنەزان`` کە باڵێکە لە قوتابخانەی یان تەریقەتی سۆفیگەری قادری، لەناوە کوردییەکەیەوە دیارە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شێخە کەسنازانەی کە گوایە شێخ نەهرۆش لەسەڕ ڕێچکەی ئەو دەروات. ئەو کەسنەزانە هەڵگری هەمان پرنسیب و ڕێچکەی کەسنەزان بووە. ناوەکەشی بەهۆی تایبەتمەندییەکانییە.ە پێوەی لکاوە و ئەگەرێکی دور هەیە خۆی هەڵیبژاردبێت. ئەو سۆفیەیە کە خۆی لەدونیای ماتریالی و مەشغەلەتی ژیان بەدورگرتووە و نەک هەر سەرقاڵی خۆشگوزەرانی و سامانداری نەبووە. کەسنەزانی کەسێک بووە کە هیچ شتێک دەربارەی نەزانراوە بەهۆی خۆدورگرتن و گۆشەگیریەکەی و هەر بۆیە ئەو ناوەی بەسەردا دابڕاوە. ئەو جۆرە مامەڵەیەی کەسنەزان تەواو یەکسانە لەگەڵ ئایدیال و پرنسیپی تەسەوف.
جێگای نەزانی، یان باشتر و ڕونتر بڵێم دووفاقییە درێژپێدانی ئەم قوتابخانەیەی سۆفیگەرییەی کەسنەزان لەلایەن دوا شێخانی وەکوو شێخ عەبدولکەریم و نەهرۆی جێگرەوەی. گوایە ئەمڕۆ نەهرۆ دڕێژە پێدەری قوتابخانەی کەسنەزانییە و هەڵگری ڕەوتی سۆفیگەراییە، لەکاتێکدا لە دونیایەکی تەواو ماتریالی و سەروەت و سامانێکی بێشوومار، دانیشتنی لەسەر کورسی نیمچە پاشایی ڕازاوە بە ئاوی ئاڵتونی بە کەشخە و نەفخەوە دەژی. خۆبە زل زان و بە چاوبڕین لە سامانی گشتی و خۆ نمایش کردن و بە قات و بۆیەنباخەوە سۆفیزم و شێخایەتی خۆی بە خەڵک و بەرپرسانی فرسەت تەڵەبی حیزب و دەزگا حکومیەکان دەفرۆشێتەوە.
لەسەرەتادا پێویستە ئەم بەناو شێخە وانەی یەکەم و سەرەتایی لەسەر ئەوە بخوێنێت؛ ئایا سۆفی و سۆفیگەرایی و تەریقەتی قادری و کەسنازانی چین و لەسەر چ بنەمایەک بنیاتنراون؟ ناوەکەی لە چییەوە هاتووە؟ سۆفی بەو مانایە دێت کە ئەوکەسەی باوەری بەو تەریقەیە هەیە، دەبێت لەژیانێکی ئەوپەری سادە و ساکاردا بژی، تەنانەت هیچ بایەخێکی نەبێت بۆ جلوبەرگ و تەنیا بە پارچەیەک قوماشێکی شڕ و سادەی خوری (صوف) ، کە لەو سەردەمانەدا هەرزانترین جۆری قوماش بووە، خۆی داپۆشێت. خۆی دور بگرێت لەدونیای ماتریالی و خۆنمایش کردن، هەر وەک چۆن شێخی کەسنەزان خۆی گۆشەگیرکردبوو. سوفیزم وەک مامەڵەکردنێکی وەرزشی وایە، لەش و بیرو ڕۆح هاوکات دەخاتە بزواندن، بزواندنێک بە ئاڕاستەی ڕوو لە خوا و دونیای خواپەرستی و خۆشەویستی و عەشق و مەحەبەت بۆ خوا نەک بۆ خۆ و بۆ ناو و پلە و سامانی خۆ.
سۆفیزم یەکێکە لە هەرە قوتابخانە نەرمەکانی ئیسلام کە زۆرداری و خراپ بەکارهێنانی ئایینی تێدا نییە. کەسی سۆفی زۆر گۆشەگیرە بەرانبەر ڕووداوەکان و دەسناخاتە کاری دونییە.یەوە و دورە لە دونیای ئەزموونی ڕۆژانەی مرۆڤ، وەکوو ئایینی جوولەکەکان بانگخوازی نییە.و دەعوەی هاتنە ناو قوتابخانەکەی بۆ کەس ناکات و لەو باوەرەدایە کە مرۆڤ خۆی دەبێت بەو حاڵەتە ڕۆحیە بگات کە بێتە ئەو ڕەوتە ئایینییە.ە و ئەو جیهانە جیاوازە ڕۆحیەوە.
سوفی بەدورە لە سەرنجدان لە دونیای سیاسی و دەسەڵات، نەخوازەڵا وەکوو شێخ نەهرۆ نایەوێت ببێتە جێگرەوەی دەسەڵات و ئەو چارەسەر و چاکسازیانە ئەنجام بدات کە 30 ساڵە دەسەڵاتداران و حیزبە بنەماڵەییەکان لە قسەدان بۆ چارەسەری و لە کرداردان بۆ خراپتر کردنی. وەک دوا بانگەوازە خەندەئامێزەکەی بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێوە .
لەپال نەزانی و دوفاقی شێخ نەهرۆ بەو ڕەوتە دزێوەی و هەڵپەرستی پیاوانی دەسەڵات و حیزبەکان بە پشتگیری کردنی ئەو هێزیان داوەتی و وا پێشان ددەدەن ئەوەی ئەم شێخە دەیکات کارێکی ڕاستە و لە خزمەت خەڵکدایە. هەر بۆیە لە هەبوونی بۆشایی تێکنۆکراتی، شێخ نەهرۆ لەژێر چەتری ئەو تەریقەتەیا کە گوایە باوەری پێیەتی و ڕاست مومارەسەی دەکات، خۆی لێ بووەتە ئابووریزان و دەم ڕاستی شاری سلێمانی، گوایە دەیەوێت تەکیەکەی بکاتە مەزار بۆ شۆێنی زیارەت، ئەو تەکیەی کە لە ناورۆکدا کۆشک و دیوەخانی نەزان و هەڵپەرستانە.
هەرگیز لەمێژوی ئیسلامدا سۆفی بەو شێوازە نەژیاوە، ئەوەی ئەم تایبەتمەندیانەی تیادا بێت پێی ناوترێت سۆفی و لەو تەریقەیە بێبەریە و پێی نامۆیە.
لەسەر دەمی پێغەمبەری ئیسلامدا ``اصحاب التصوف`` هەبوون، کە تەنیا لە مزگەوتی مەدینە، خۆیان خەریکی زکرو عیبادەتی خوا کردبو، لە هەمان کاتیشدا باوەر و عەقیدەی ئەوەیان هەبوو کە ڕازی بن بە بەشی خوا . ئیمانی ئەوەیان هەبوو کە لەژێر سێبەری خوایا دەتوانن بژین، ڕەحمەتی خوا ئەوەندە ئاگای لێان دەبێت کەنەمرن لەبرسا، تەنیا پارچە پەرۆیەکیان لەخۆیان دەبەست و لەسەر بەڕەیەک دەژیان.
لەگەڵ گۆرانکاری بەسەر سۆفیزمدا لە سەدەی 11 تا 12 بەتایبەت پاش نووسینەکانی غەزالی، هێشتا سۆفی ئەو ڕێگا و باوەڕەی نەگۆری. سۆفی دەبێت ئەو کەسە بێت کە بەو پەڕی هەژاری و خاکی بژی. یەکێک لەهەرە مامەڵەکانی سۆفی ئەوەیە کە زۆربەی کات بەرۆژووە، شەونەخونی دەکەن و هەمیشە لەبیرو زکری خوادان، کەئەمەش بەچەند هەنگاوی قوورسدا دەبێت تێبپەرن تادەگەنە نزیک بوونەوە لەخوا.
سۆفی هەمیشە لە هەوڵدایە بۆ گەیشتن بە پایە و پێگەی `` الاتحاد و وحدە الوجود: کە ئەوەش دەیگەیەنێتە ئەوەی کە لە ناخیەوە بگاتە ئەو باوەرە ڕۆحیەی کە تەنیا یەک شت هەبوونی هەیە لە بوونیدا ، ئەویش تەنیا ``خوایە``. هاوتەریب لەگەڵ ئەو یەکێتی و یەکبوونەدا ``حلول`` درووست دەبێت، کە ئامێزبوونی ڕۆحی و جەستەییە لەگەڵ خوا. خوا دێتە ناو بەشەکانی جەستە، وەک ئەوەی حەلاج و ابن عربی باوەریان پێی هەبوو کە پێی گەیشتون، بەم ڕستەیە دەریان دەبری: ``انا الحق و انا اللە``.
ئەوەی ئەمڕۆ لەشێخ نەهرۆ دەبینین و دەبیستین: تەواو پێچەوانەی ئەم پرۆسێسە سۆفییە، ئەوەی ئەو هەوڵ و زکری بۆ دەکات ``اتحاد و الحلول`` ە ، بەڵام بەمانای یەک بوونی و تێکەڵاو بوونی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی گەندەڵ و خراپکار و سەروەت و سامانی گشتی، کە ئەمەش تەواو دورە لە بۆچونی سوفی و بیرو باوەرو عیرفانی قوتابخانەی سوفیگەراییی.
هەرچەندە ڕیتوێلی سوفیەتی تەنیا لە ئیسلامدا نییە، بەڵکوو لەهندویزم و زەردەشتی و پلاتۆنیزمی یۆنانیشدا هەیە، بەڵام لەتەواوی کۆی باوەر لە سۆفیگەریدا لەسەر یەک پرنسیب کۆن کە ئەوەش؛ وەرزشی ڕۆحیە لەگەڵ خوایەکدا و بوونێکی لەخۆت مەزنتر. دورکەوتنەوەیە لە ژیانی سامانداری و دەسەڵات و ماتەری، کە جەستەی مرۆڤیش دەگرێتەوە. لە هەمان کاتدا ئەو شوێنەی کە دەبێتە تەکیە، هەمیشە دەبێتە شوێنی داڵدەدانی هەژاران و گۆشەگیران. یەکێک لەهۆکارەکانی پەلاماردانی حەلاج ئەوەبوو کە بەتەواوەتی حەجی ڕەت دەکردەوە و دەیوت: پێویستە حەج لە مالەکەی خۆتا بکەیت، ئەوەش لەڕێگای تێرکردنی 30 کەسی برسی و هەژار.
شێخ نەهرۆ لەبری داڵدەدانی برسی و هەژاران و لێقەوماوانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان، تەکیەکەی کردۆتە دیوەخان و بانگەشەی کەسایەتییەکان و دزو گەندەڵە پلەباڵاکانی دەسەڵات و حیزبەکان دەکات.
بانگەشەی ژنانی حیزب و ڕێکخراوە وابەستەکان دەکات کە پێشنیاری سەیر وسەمەرەی زوتر ئامادەکراوی پێشکەش بکەن.
لەوێشەوە بانگەوازی سیاسی دەردەکات بە سیناریۆی بەتەنگەوەهاتنی دڵسۆزانە بۆ کۆمەڵگەکەمان. لەبری ڕووکردنە خوا ڕووی کردوتە دونیای دەرەوەی سامان و پلەو پایە، لەبری زوهد کردن بۆ خوا زوهد دەکات بۆ گەندەڵی. بەپێچەوانەشەوە بەناو سیاسییەکانمان لەبری خزمەت بە برسی و هەژاران و شەقام، ڕوو دەکەن تەکیەکەی شێخ نەهرۆ بۆ ئامادەکاری دەنگ کۆکردنەوە. ئەوەی لێرەدا لەلایەن هەردو بەناو پیاوانی دینی وەکوو شێخ نەهرۆ و دەسەڵاتداران ژێرپێخراوە و لەبیرکراوە؛ خوا و خاک و خەڵکە. [1]