$نامەینامەکەی بایدن!$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#31-03-2022#
$بەرایی$
نامەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو قەیرانە کەڵەکەبووە ناوخۆیی و دەرەکییانەی کە هەرێمی کوردستان بەرەو ڕوویان بووەتەوە، پشتگیرییەکی گرنگە، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نییە و لە چوارچێوەی هەوڵێکی گشتی ئەمریکادایە بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی لە جیهان، کە سیاسەتی واشنتن بۆ ململانێی هێزە گەورەکان، شەڕی ئۆکراینا و، دانووستاندنەکانی ڤییەنا و...تاد، دوودڵی کردوون!
بایدن بۆ خۆی سەردانی ئەوروپای کرد تاوەکوو هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی دڵنیا بکاتەوە. وەزیری دەرەوەیشی ناردە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوەکوو نیگەرانییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی عەرەبی بڕەوێنێتەوە. بە ئینشای خۆیشی نامەیەکی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیوە، تاوەکوو دڵنیایی پێبدات.
$ڕەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکان$
نزیکەی 9 ڕۆژ دوای یەکەم ڕۆژی نەورۆز و 17 ڕۆژیش دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، سەرۆک بایدن لە نامەیەکدا کە بە باڵیۆزی وڵاتەکەیدا بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی نارد، سەرکۆنەی هێرشەکەی هەولێری کرد و هەروەها پیرۆزبایی نەورۆزیشی کردووە.
جەختکردنەوەی بایدن بە پابەندیی دوورمەودوای ئەمریکا بە ئاساییش و ئارامی هەرێمی کوردستان و ئێراق لە نامەکەدا خاڵێکی جێگەی سەرنجە. دیارە ئەمەش ڕێک پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بەتایبەتی لە دوای شەڕی ئۆکرایناوە، ئەمریکا خەریکە جارێکی دیکە لا لە هاوپەیمانەکانی دەکاتەوە. بیرۆکەی کەمکردنەوەی بایەخ بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەجیاتی ئەوە، بایەخدان بە ململانێی هێزە گەورەکان لە شوێنی دیکە هەڵە دەرچوو، چونکە ئەو هێزە گەورانەی تەگەرە بۆ ئەمریکا درووستدەکەن، لێرە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش هەن!
دەکرێ جەختکردنەوە لە پایەندی دوورمەودای ئەمریکا بە ئاساییش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و ئێراق لەگەڵ ڕووداوەکانی وەک بڕیارێکی ئەم دوواییانەی کۆمپانیای لۆکهید مارتینی ئەمریکی بۆ سەرمایەگوزاری زیاتر لە یەک ملیار دۆلار لە پیشەسازی سەربازی لە سعودیە ، بەشداری بلینکن لە کۆبوونەوە دەگمەنەکەی نەقەب لە ئیسرائیل، بەڵێنی بلینکن بۆ ئیمارات و بەڵێنی هاوکاریکردن لەبەرانبەر هێرشی حوسییەکان ، هەروەها پەیوەندییەکەی بلینکن لەگەڵ شازادە فەیسەڵ بن فەرحان هاوتا سعودییەکەی لەبارەی هاوکاری بۆ ئاساییشی ناوچەیی، هەمووی لە چوارچێوەی یەک سیاسەتدا تەماشا بکرێت؛ کە ئەویش دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکایە. لەوانەیە نامەکەی بایدن نیشانەی ئەوەبێ کە ئەمریکا هاوشانی هاوپەیمانەکانی دیکەی لە ناوچەکە، تەماشای هەرێمی کوردستان دەکات و، دەزانێت کە ئیدی پێویستە زیاتر بایەخ بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی هەولێر بدات.
$پشتیووانی دیالۆگی ناوخۆیی و دەرەکی$
هەڕەشەی تیرۆر، هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان کە ناوە ناوە بە بیانووی ئەمریکا پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن و، ئەوانەی ئێرانیش کە هەرجارەو بە بیانوویەک هێرش دەکات، زیاتر لە جاران پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستانی بە درۆن و سیستەمی بەرگری مووشەکی دەرخستووە. بە لەبەرچاوگرتنی ڕێگرییە سیاسی و بیرۆکراسییەکان بۆ پرسی درۆندارکردنی پێشمەرگە، هێشتا ڕوون نییە ئیدارەی سەرۆک بایدن چۆن دەتوانێ بە کردەوە یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدات بۆ دابینکردنی ئاساییشێکی دوورمەودا کە بێگومان سیستەمی بەرگری مووشەکی یەکێک لە پێداویستییەکانی دەبێت. ئا لێرەدایە کە بەشی دووەمی پەیامی نامەکەی بەڕوونی دەردەکەوێت. بەتایبەتی ئەوکاتەی کە جەخت لەوە دەکاتەوە ئاساییش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئاساییش و سەقامگیری ئێراق تەماشا دەکات.
ئەمە بە زمانێکی ناڕاستەوخۆ واتای ئەوەیە کە پشتیووانی دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات سەبارەت ئەو کێشانەی لەسەر یەکتر کەڵەکەکراون. لەم کاتانەدا کە بەغدا لە دۆسییەی نەوت و گازدا زۆر گوشار لە هەرێمی کوردستان دەکات و دۆخی ئێراقیش ناجێگیرە و پڕۆسەی سیاسی لە دوای هەلبژاردن تەنگ و چەڵەمەی زۆری تێدایە، خودی نامەکە پشتیووانییەکی سیاسی بەهێزە لە هەرێمی کوردستان کە دەتوانێت پێگەکەی بەهێزتر بکات، هەڵبەت بەومەرجەی کە ڕووی هەولێر بەرەو بەغدا بێت!
بۆ تێگەیشتنی زیاتر لێرەدا پێویستە ئاوڕێک لەو مژارانەش بدەینەوە کە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە ئێراق لە پەراوێزی گەیاندنی نامەکەی بایدن دا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسیکردوون. دەکرێ باسەکانی نێوانیان لەژێر ناونیشانی 6 مژاری گرنگی ناوخۆیی و دەرەکی کۆبکەینەوە.
پڕۆسەی سیاسی لە دوای هەڵبژاردن و دانیشتنەکانی پەڕڵەمان، کە ئەوە مژارە گەرمەکەیە. تولەر جەختی لە گرنگی دیالۆگی هەرێمی کوردستان - بەغدا سەبارەت پرسەکانی نێوانیان، بایەخی یەکگرتوویی کورد لە بەغدا و پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕڵەمانی کوردستان کردووە، کە مشتومڕی لەسەرە. هەروەها بابەتی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەش مژارێکی دانیشتنەکە بووە. بێجگە لەوانەش، باسی شەڕی ئۆکراینا و دانووستاندنەکانی ڤییەناش کراوە.
$کۆتایی$
بەکوورتی نامەی نامەکەی بایدن و ئەمریکا ئەمەیە: هەرێمی کوردستان هاوپەیمانی ئێمەیە، پشتیووانیی لێدەکەین. شەڕی بۆ ناکەین، بەڵام یارمەتیی دەدەین. هەڵبەت داواش لە هەرێمی کوردستان دەکات لە ناوخۆ ڕێکبکەون، کە ئاماژەیە بۆ کێشەکانی نێوان یەکیتی و پارتی. هەروەها داوادەکات لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەریش دیالۆگ بکات و، هاوسەنگییەک لە ناوخۆ و دەرەوە درووست بکات. ڕێک وەک چۆن حەزدەکات دیمەنی پێکهاتنێکی سارد لەنێوان ڕکابەرەکانی جاران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببینێت کە کاتی خۆی ئۆباما باسی کردبوو، دەیەوێ هەرێمی کوردستانیش لە ناوخۆ و لەدەرەوەش، بە تایبەت یەکێتی و پارتی، هەولێر و بەغدا لانی کەم بەرەو پێکهاتنێکی سارد بڕۆن. ناردنی نامەکەش بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە ناوخۆ و دەرەوە بە پیاوی دانووستاندن و ڕیککەوتن ناسراوە، هەر بە ئاڕاستەی ئەو سیاسەتەیە. [1]