ناوی #زەنگەنە# لە چییەوە هاتووە
دەربارەی ناوی زەنگەنە ئاراو بیر و بۆچوون زۆرن، لێرەدا بە بڕوای نووسەر درووسترینیان ناوی هۆزی زەنگەنە لە دۆڵی زەنگانەوە هاتووە، کە دۆڵێکە دەکەوێتە شاری #کرماشان#ەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هۆزی زەنگەنە لە کۆندا بەزۆری لە دۆڵی زەنگان ژیاون هەندێک وای بۆ دەچن ئەم دۆڵەش کە دۆڵێکی گەورەیە و ناوچەیەکی شاخاوی سەختە لە ناوی هۆزی زەنگەنەوە هاتبێت، ئەم ناوەش لەوەوە هاتووە، کەمیر و بەگ و خان و سەرۆکەکانی ئەم هۆزە، لە کاتی مەترسی و پەلاماری داگیرکەراندا بۆ ئاگادارکردنەوەی هۆزەکەیان زەنگیان بەکارهێناوە، دواتر ئەم زەنگە بە تێپەڕبوونی کات بووەتە زەنگەنە، ئارا و بیر و بۆچوونی تر لەم ڕووەوە زۆرن، هەندێک دەڵێن لە زەنگینەوە هاتووە گوایە سەرۆک و میر و گەورەکانی زەنگەنە زۆر دەوڵەمەند و دارا بوونە، بەڵام بە بڕوای زۆربەی ڕۆشنبیرانی زەنگەنە و پیاوە قەدیمەکان، ناوی زەنگەنە لە دۆڵی زەنگان وە هاتووە کە ئەم هۆزە بەکاریان هێناوە، ئەو دۆڵە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە دۆڵی زەنگان بەناوبانگە، گرنگ زەنگەنە هۆزێکی ڕەسەن و کۆنی کوردە هەر وەکو هۆزە ڕەسەنەکانی تری کورد، زەنگەنە بووەتە پێناسەی ناوی ئەم کۆمەڵە تاکەی کورد کە لە سنوورێکی جوگرافی فراواندا دەژین لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و ئەفغانستان و قەوقاس و #خوراسان# و تورکیا و چەندین شوێنی تر، هەروها شارێک لە ئێران هەیە بە ناوی زەنگان دوور نییە ناوی ئەم هۆزە لە ناوی ئەم شارەوە هاتبێت، چونکە دەڵێن هۆزی زەنگەنە لەم شارەوە هاتوون گرنگ زەنگەنە ئەمڕۆ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە باشووری کوردستان و هەموو جیهاندا بوەتە ناوی هۆزێکی گەورەی کورد و ناوێکی کوردی ڕەسەن و پەتییەو هیچ شیکردنەوەیەک هەڵناگرێت.
ئەم کورتە باسە لە پەڕتووکی (میرنشینەکەی زەنگەنە و میرسمایل)ەوە وەرگیراوە. [1]