ڕێگای نێوان #کەلار# – #سلێمانی#، کە بە ڕێگای مەرگ ناسراوە، هۆکارێکی دیکەیە بۆ مەرگی بەشێک لەو هاوڵاتیانەی کە لەسەر ئەو ڕێگایە هاتوچۆ دەکەن، لەساڵی 2013وه پرۆژەی بە جووت سایدکردنی ئەو ڕێگەیە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لەئێستادا 2022 بەهۆی قەیرانی داراییەوە، کارکردن لەو پرۆژەیە وەستاوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی گەرمیان، تەنها لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 95 ڕوداوی هاتوچۆ لە سنووری گەرمیان ڕویانداوە، بەهۆیانەوە 23 کەس گیانیان لەدەست داوە و 80 کەسیش بریندار بوون، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2016، 77 ڕوداوی هاتوچۆ ڕوویداوە، بەهۆیانەوە 13 کەس گیانیان لەدەست داوە و 137 کەس بریندار بوون، بەوەش ڕێژەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە.
شۆفێران و هاوڵاتیانی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، نیگەرانی خۆیان لە ئاوڕ نەدانەوە لە ڕێگای کەلار – سلێمانی دەردەبڕن، شۆفێران هۆکاری زۆربوونی ڕوداوەکانی هاتوچۆ بۆ خراپی ڕێگەکە دەگێڕنەوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیانیش هۆکارەکەی بۆ پابەندنەبوونی شۆفێران بەڕێنماییەکانی هاتوچۆ دەگێڕنەوە.
[1]