دەقی پەیامەکەی #مەسرور بارزانی#:
بە بۆنەی حەفتا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و ڕۆژی لە دایکبوونی جەنابی سەرۆک بارزانی، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی جەنابی سەرۆک و سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگر و دۆستانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم. هیوادارم وەک هەمیشە، پارتی بەردەوام لە پێشکەوتن و پێشەنگایەتیدا بێت.
حەفتا و شەش ساڵە پارتی، وەک حیزب و بزووتنەوەیەکی جەماوەری و کوردستانی، بێ پسانەوە و دابڕان، ڕابەرایەتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان دەکات و تا ئێستاش بەردەوامە لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان.
لە قۆناخە جیاوازەکانی خەبات و تێکۆشانی پارتیدا، سەڕەڕای هەموو هەڕەشە و پیلانی دوژمنان و ناحەزان و ڕۆژانی سەختی بەرگریدا، پارتی تەنانەت بۆ یەک ساتیش، سازشی لە سەر مافەکانی خەڵکی کوردستان نەکردووە و نایکات و هەر کاتێکیش هەڕەشەیەک بۆ سەر کوردستان هەبێت، پارتی وەک هەمیشە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری و داکۆکيکردنە لە شکۆی کوردستان. بۆیە ئەندامانی پارتی، شانازی دەکەن و سەربەرزن، کە خاوەنی حزبێکی نیشتمانیی و ڕێبەر و سەرۆکێکن کە هەمیشە لە سەنگەرەکانی پێشەوەیە لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ بەڕەڤانیکردن و بەرزڕاگرتنی شکۆی خەڵکی کورستان.
شانازییەکی دیکەی مێژووی پڕ شکۆی پارتی وەک حزبێکی کوردستانی، ئەوەیە کە بەردەوام بەرگری لە مافەکانی مروڤ و مافەکانی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکانی کوردستان دەکات و هەمیشە، پارێزەری مافی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی کوردستانە. لەم پێناوەشدا، پارتی بەردەوام کار دەکات لە پێناو برەودان بە کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و قووڵکردنەوەی فەرهەنگی لێبوردەیی لە کوردستان.
لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا، سڵاو لە دامەزرێنەری پارتی و ڕێبەری نیشتمانیمان مستەفا بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
شازدەی ئابی 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!