ناو: کەریم
نازناو: کەریم قەرەنی
ساڵی لەدایکبوون: 1925
ساڵی کۆچی دوایی: 1994
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی کۆچی دوایی: بەغداد
$ژیاننامە$
کەریم قەرەنی یەکێکە لەو کەسایەتیانەی کە بەهۆی دڵسۆزی بۆ دامەزراندنی ناوەندە ئەکادیمییەکان، بۆ بڵاو کردنەوەی زانست و ڕۆشنبیری و خزمەتکردن بەخوێندکارانی زانکۆی شارەکەی، بەر لە50 ساڵ لەمەوبەر کەپارێزگاری سلێمانی بوو، لەسەرەتای دامەزراندنی زانکۆی سلێمانیدا خانووەکەی خۆی بەو زانکۆیە بەخشی، ئەوەش بەهەڵوێستێکی مەردانە لەقەڵەم درا و بووە جێی ستایش و پێزانین و ئەو کەسایەتییەی بەزیندوویی و نەمری هێشتەوە، هەر بۆیەش ساڵی 2018 زانکۆی سلێمانی لەپای ئەو هەڵوێستەی، لەیادی یۆبیلی زێڕینیدا نیگاری شکۆمەندی پێبەخشی.
کەریم قەرەنی ساڵی 1925 لەگەڕەکی #مەڵکەندی# شاری سلێمانی لەدایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی لەشارەکانی سلێمانی و بەغدا تەواو کردووە. لە بەغدا کۆلێژی سەربازی تەواو کردووە و بووە بەئەفسەر و وەک ئەفسەرێکی نیشتمانپەروەر خزمەتی کردووە. وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی عیراق و فەرماندەی ئینزباتی سلێمانی خزمەتی کردووە.
ماوەیەک بەڕێوەبەری کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار بووە. بەر لەچەند مانگێک لە کودەتای بەعسییەکان لەساڵی 1968، لەلایەن تاهیر یەحیای سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە، ئەرکی پارێزگاری سلێمانی پێسپێردراوە. لەساڵی 1970 خۆی خانەنشین دەکات.
هەرچەند بەعسییەکان هەوڵ دەدەن کە پۆستی باڵای بدەنێ، بەڵام ئەو ڕازی نابێ و وەک کەسایەتییەکی نیشتمانی بێلایەن دەمێنێتەوە. ساڵی 1994 لە تەمەنی 69 ساڵیدا، بەهۆی جەڵتەوەی دڵەوە لەشاری بەغدا کۆچی دوایی کرد و بەهۆی بارودۆخی سیاسی ئەو کاتەوە نەتوانرا تەرمەکەی بهێنرێتەوە بۆ شاری سلێمانی و هەر لەشاری بەغدا بەخاک سپێردرا.[1]