نۆی بمرێت لە باوان، کلی نابڕێت لە چاوان
کل: سورمەیە کە ڕەنگێکی شینی تاریکی هەیە، چاوی پێ دەڕێژرێت (چاو ڕشتن)، هێمنی شاعیر فەرموویەتی:
چلۆن بۆ سوورمە نابێ خاکی شارێک
کە حاجی پێی لەسەر دانابێ جارێک
ئەو چاو ڕشتنە زۆربەی جاران بۆ دڵ تەڕی و دڵخۆشی و خۆ جوانکردن و ئارایشت بە کار دەهێنرێت، کەم جار وەکوو دەرمان بۆ کاتی بەفربارین پیاوان دەیانکردە چاو تاوەکوو چاویان لە تیشکدانەوەی ئەو سپێتییەدا ئازاری نەبێت یان زیانی بەر نەکەوێت، لەپێشدا پیاوان بەکاریان دەهێنا ئێستا بووە بە ئارایشتێکی ژنانە و ژنە کوردەوارییەکان زۆربەیان کل و کلدان و کلچۆکیان هەبوو، هەندێکیان بەردەوام لە گیرفانی کەوێ و سوخمەیاندا هەڵیان گرتبوو، بۆ ئەوەی هەر کاتێک بیانویستایە چاویان پێ دەڕێشت، هەر لە ناوی کوردەواریدا ئەوەی تازیە بار و پرسەدار بووایە جل و بەرگی ڕەشی دەپۆشی و هەموو شتێکی وەکوو وەسمە و خەنە و کل و سورمەی لە خۆی حەرام دەکرد بۆ ماوەیەک بەگوێرەی نزیکی کەسە مردووەکە، ئەو حاڵەتە لە ئیدیۆمی کوردەواریدا جێگەی کراوەتەوە و بە کەسێک کە کەس بە خەیاڵی دانایەت و کەسی بەلاوە گرنگ نەبێت و خەم بۆ کەس و کار و برا و خزمی خوێشی نەخوات، هەر لەگەڵ پشوودان و خەو و خواردن و دڵ تەڕی و بە خۆوە خەریکبوون و تیفتیفە و خۆڕێکخستن بێت بەتەوسەوە پێی وتراوە: نۆی بمرێ لە باوان، کلی نابڕی لە چاوان. [1]