ناو: فەردین
نازناو: نوێنەر
ناوی خێزانی: ڕۆشەنزادە
$ژیاننامە$
فەردین ڕۆشەنزادە ناسراو بە نوێنەر، ساڵی 1381ی هەتاوی(2001 یا 2002ز.) لە گەڕەکی سەید شوکرەی شاری بۆکان لە دایک بووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی خوێندنی لەو شارە درێژە پێ داوە و لە ساڵی 1397 هەتاوی بەهۆی بارودۆخێکی نالەباری ژیان، زێدی خۆیان بەجێ هێشتووە و پەریوەی باکووری کوردستان بوون و هەر ئەو ساڵە لە باکووری کوردستان دەستی بە نووسینی هەڵبەستی ڕاپ کردووە و لە ساڵی 1398 هەتاویدا تێکەڵ بە دنیای نووزیک بووە و کاری مووزیکی لەسەر سەبکی ڕاپ دەست پێ کردووە. کۆتاییەکانی ساڵی 1398 هەتاوی قۆناغی ژیان دەگوزازێتەوە و لە وڵاتی نۆڕوێژ نیشتەجێ دەبێت. بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر هەست و کارەکانی نوێنەر دەبێت و بۆیە هەوڵ دەدات لە ڕێگای مووزیکەوە دەرد و ئازار و ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد لە بەرهەمەکانیدا جێ بکاتەوە و وەک ڕاپەرێکی کورد، بە زمانی کوردی باس لە کێشە و ئارێشەکانی نەتەوەکەی بکات. نوێنەر تا ئێستا لە چەندین کۆنسێرتدا لە وڵاتی نۆروێژ بەشداری کردووە و کارەکانی پێشوازییان لێ کراوە. ئەو هونەرمەندە لاوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەکانی خاوەنی گرووپێکی تایبەت بە خۆیەتی بە ناوی یاسا ڕێکۆرد کە چەندها ڕاپەر و ژەنیار تێیدا ئەندامن و نوێنەر سەرپەرەستی گروپەکە دەکات و دەگەڵ گرووپ و ڕاپەرەکانی بەشەکەی دیکەی کوردستان پەیوەندییەکی پتەوی هەیە کاری هاوبەشیان دەگەڵدا دەکات مەبەستیشی لەم کارە یەکگرتوویی موزیک و هونەری کوردییە. بۆخۆی هەڵبەستەکانی بەرهەمەکانی دەنووسی و بروای وایە کە ڕاپەرێک پێش ئەوەی کە ڕاپەر بێت، پێویستە نووسەرێکی باش بێت تا بتوانێ بە باشی پەرە بە هونەرەکەی بدات و هەستی خۆی دەرببڕێت. ئامانجی نوێنەر ئەوەیە کە بتوانێ هونەری ڕاپ لە کوردستان گەشە پێ بدات و گەڵی کوردیش وەک هەر گەڵێکی دیکەی جیهان لەو سەبکە هونەرییە بەجێ نەمێنێ و بۆ ئەو مەبەستەش خەریکی دانانی شێوازێکی تایبەتە بۆ ڕاپە کە مارکی کوردی پێوە بێت و تایبەت بە کورد بێت. دەگەڵ ئەوەشدا، نوێنەر بەڵگە فیلمێکی لەسەر مێژووی سەرهەڵدانی هیپ هاپ لە ئامریکا و گەشەکردنی ئەو هونەرە لە کوردستان دروست کردووە و ئەمەش بە یەکەم بەڵگە فیلم دادەنرێت کە لە بواری هیپ هاپ و ڕاپ لە کوردستاندا کاری بۆ کرابێت. [1]