دوای ئەوەی تووشی شێرپەنجە دەبێت و قژی دەبڕێت چەند ڤڵچەیەکی لێ دروست دەکات، ئەوە دەبێ سەرەتا بۆ چوونە ناو کاری هونەری، دەست دەکات بە دروستکردنی تابلۆ، یەکەمە تابلۆ بە ڕەنگی سووراوەکەی دەکێشێت، ئەو ئێستا چاکبووەتەوە و وەکخۆی دەڵێ، بووەتە خاوەن چەندین تابلۆ و بەشداری لە چەند پێشانگایەک کردووە.
#هێڤی حوسێن#، دانیشتووی شاری #سلێمانی#یە و چەند ساڵێک لەمەوبەر تووشی شێرپەنجە بووە، بەڵام بەهێزی و سەلیقە ئەو وا دەکات نەک هەر نەخۆشییەکە ببەزێنێ، بەڵکو ببێت بە شێوەکار و خاوەن چەندین تابلۆ. کە ئێستا شانازی بە کارەکانییەوە دەکات.
هێڤی، دەڵێت: سەرەتای دەستپێکردنی بەکاری هونەریم وەک شێوەکاری بەهۆی تووشبوونم بە نەخۆشییەکەوە بوو، کە تووشی شێرپەنجە بووم دکتۆر پێی ڕاگەیاندم من ئەو نەخۆشییەم هەیە، وەک هەر کەسێکی دیکە کە ئەم هەواڵەم ببیست بێتاقەتی کردم، هەرچەندە دەمزانی شێرپەنجە ئاوا ئاسان نییە، بەڵام کە سەیری خۆمم دەکرد من پڕاوپڕبووم لە ژیان، بۆیە بەدەستەکانی خۆم فرمێسکەکانی خۆمم سڕیوەو گوتم هێڤی تۆ دایکی دەبێ بەهێز بیت، بۆیە دوای چەند ڕۆژێک چوومە بەر ئاوێنە، بڕیارمدا خۆم قژەکانی خۆم کورت بکەمەوە، چونکە زۆرم خۆش دەویستن، بۆیە لەوکاتەدا ئەوە بە خەیاڵمدا هات، قژەکانم فڕێ نەدەم و چەند فڵچەیەکی لێ دروست بکەم، چونکە من هیچ کات وێنەیەکی زۆر سەرەتایشم نەکێشابوو هیچم لە هونەری شێوەکاری نەدەزانی، بۆیە هیچم لەبەردەستدا نەبوو پاکەتی دەرمانەکانم وەرگێڕایە ڕووی ئەودیو فڵچەکەم بە سوراوەکانم ڕەنگ کرد، دوای چەند خولەکێک بەخۆدا هاتمەوە وێنەیەکم کێشابوو سەیر لەوێنەکە نەبوو سەیر ئەوەبوو من هیچم لەوبارەوە نەدەزانی، بۆیە خەندەیەک هاتە سەرلێوەکانم و بەخۆمم گوت هێڤی ئەمە مژدەی خودایە بۆتۆ کە دەتوانی ئەم نەخۆشییە تێپەڕێنی، بەڵێ هەر وابوو من ئەو ڕۆژە یەکەم تابلۆی خۆم کێشا، ئێستا من شێوەکارم بەشداری سێ پێشانگام کردوەو تابلۆکانم خستووەتە ماڵەکانی ئێوە لەگەڵ ئەوەشدا توانیوومە وەک بژێوی ژیانی خۆم سوودی لێوەرگرم.
هێڤی دەڵێ: تابلۆکانی من زۆرینەیان خەیاڵیین خەیاڵی ئافرەتێک کە دەیەوێ ڕۆح بکاتەوە، بەبەری ژیاندا هەروەها سرووشت، بەڵام سرووشتی ڕاستەقینە نا سرووشت لە خەیاڵی مندا، چونکە لە تابلۆکانمدا دەمەوێت لە نەبووەکان بوون دروست بکەمەوە، ئەمەوێ تابلۆکانم هیوا ببەخشن نەک ئازار.
ئەو ئێستا بە ئومێدەوە درێژە بە ژیان دەدات و باس لەوە دەکات: پێش ئەوەی ببمە هاوڕێی هونەر، ژیانی من ڕەش وسپی بوو، ئێستا هونەر ژیانی منی ڕەنگ کردووە.
هێڤی حوسێن، دەشڵێت: دەمەوێت ببمە نموونەیەک بۆ ئەوکەسانەی کە بێ هیوابوون لە ژیان، ئەوە بێ هیوایە بەهۆی نەخۆشییەکەوە بێت یا بەهۆی کێشەیەکەوە بێت، من پێیان ئەڵێم تەنیا پێویستان بە ڕۆحێکی بەهێز هەیە، نەک جەستەیەکی بەهێز، هەوڵبدەن هێڤییەک بخەیتە ڕۆحی خۆتانەوە تا بتوانی بۆی بژین، دڵنیابن دەتوانی هەموو کێشە و ئازارەکان تێپەڕێنن.[1]