ڕۆژی 03-10-2019 پرۆفیسۆر #عیزەدین مستەفا ڕەسول#، مامۆستای زانکۆ، نووسەرو ئەدیب، ئەندامی دامەزرێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لە تەمەنی 85 ساڵیدا لە شاری #سلێمانی# کۆچی دوایی کرد. دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول، سەرەڕای ئەوەی کەسایەتییەکی دیاری بواری ڕۆشنبیری و ئەدەبی و ئەکادیمیی کوردی بوو، هەمان کات مامۆستایەکی بە هەڵوێست و کەسایەتییەکی دڵسۆزی دۆزو خەباتی گەلەکەی بوو. یەکێک لەو ڕۆشنبیرە دەگمەنانەی تا دوا ساتەکانی ژیانی پەیوەست بوو بە بوارە جیاوازەکانی تێکۆشانی نەتەوەیی و ئەدەبی و سیاسییەوە.
پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول وەک مامۆستای زانکۆ، سەدان خوێندکاری پێگەیاندووە. چەندین کتێب و نووسینی ئەکادیمیی لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەبی کوردیدا بڵاوکردۆتەوە. وەک ئەدیبێکیش لە دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نووسەرانی کورد بوو. لەیەکەم کۆنگرەی ئەو ڕێکخراوەشدا بە سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی کورد هەڵبژێردرا.
کۆچی دوایی دکتۆر عیزەدین لەم قۆناغە ناسک و هەستیارەی گەلی کوردستاندا، زیانێکی گەورەیە لە ئەدەب و ڕۆشنبیریی و خەباتی نەتەوەیی گەلی کوردستان.
ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەرەخۆشی لە خۆمان، لە گەلی کوردستان، لە کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانی دکتۆر عیزەدین و ئەدیب و نووسەرانی کوردستان ئەکەین. جێگاو ڕۆڵی دکتۆر عیزەدەین مستەفا ڕەسوڵ لە مێژووی ئەدەب و ڕۆشنبیریی و خزمەتی نەتەوەییدا، هەمیشە درەوشاوەو پرشنگدار ئەمێنێ.[1]