رووداو - #هەڵەبجە#ی شەهید
هەورامان سوجادی، چالاکوانی بواری ژینگە لە هەڵەبجە، گومانی لە ژینگەی شارەکەی هەیەو دەڵێت “تا ئێستا توێژینەوەیەکی ورد لەسەر ژینگەی هەڵەبجە نەکراوە، ئەو توێژینەوانەشی کراون، توێژینەوەی سەرەتایین”.
ئەوەی گومانەکەی هەورامان زیاتر دەکات، ڕانەگەیاندنی ئەنجامی هەندێک لەو توێژینەوانەیە کە لەسەر ژینگەی هەڵەبجە کراون “لە ساڵانی نەوەدەکان، تیمێک لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتبوون لێکۆڵینەوەیان لەسەر ژینگەی هەڵەبجە کرد، بەڵام ئەنجامەکەیان ڕانەگەیاند”.
رۆژی 16/3/1988 فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای پێشووی عێراق چەندین بۆمبی کیمیاییان داباراندە سەر شاری هەڵەبجە و بەو هۆیەشەوە زۆرتر لە 5 هەزار هاووڵاتی شارەکە گیانیان لەدەستدا. بە بڕوای دانیشتووانی هەڵەبجە، کاریگەری ئەو چەکە کیمیاییە هێشتا هەر ماوە.
بەبڕوای هەورامان، هەڵەبجە پێویستی بە ناوەندێکی توێژینەوەی گەورە هەیە کە توێژینەوە لەسەر ژینگەی شارەکە بکەن “چونکە تا ئێستا ئەو خانووانەی لە هەڵەبجەدا دەستکاری دەکرێن، یان ئەو پرۆژانەی ئەنجام دەدرێن، سەرچاوەی مەترسین بۆ سەر ژینگە و دانیشتووانی شارەکە، ترسی مانەوەی پاشماوەی کیمیایی لە خاکی شارەکەدا هەیە”.
لەژێرزەمینی ماڵی لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پاشماوەی غازی خەردەل هەیە “ناتوانین بۆ چەند ساتێک لەو ژێرزەمینەدا بمێنینەوە، چەند جارێک تاقیمانکردووەتەوە کە مریشکمان لە ژێرزەمینەکەدا هێشتووەتەوە، مردوون”. گوتیشی “چەند تیمێک سەردانیان کردووین و ئاگاداریان کردووین کە نابێت لە بەرهەمی درەختەکانی ماڵەکەشمان بخۆین، بۆیە بە ناچاری ماڵەکەمان چۆڵ کردووە”.
رۆژی #05-06-2013# تیمێکی وەزارەتی ژینگە و وەزارەتی مافی مرۆڤی حکومەتی عێراق بە هاوڕێیەتی وەفدێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان سەردانی هەڵەبجەیان کرد و وێڕای باسکردن لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، نوێنەرەکەی وەزارەتی ژینگە ڕایگەیاند کە دەستدەکەن بە لێکۆڵینەوە لە ژینگەی هەڵەبجە.
رۆژی 14/8/2013 ئەمیر حەسون، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “بەرلەوەی کار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بکرێت، لێکۆڵینەوە لەسەر ژینگەی هەڵەبجە دەکەین”.
تیمەکەی وەزارەتی ژینگە هێشتا دەستی نەکردووە بە کارەکانی، ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکان و کەسایەتیەکانی سوید و کوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە، تۆڕی دۆستانی ژینگەی کوردستانیان لە سوید دامەزراندووە و بە نیازی لێکۆڵینەوەن لە ژینگەی هەڵەبجە.
#نالیا ئیبراهیم#، چالاکوانی بواری ژینگە لە سوید گوتی “بڕیارمانداوە لێکۆڵینەوە لەسەر ژینگەی ئەو ناوچانە بکەین لە کوردستاندا کە تووشی کارەسات بوون و هەڵەبجەمان بە سەنتەری ئەو لێکۆڵینەوانە داناوە”. گوتیشی “لێکۆڵینەوە لە خاک و ژینگەی هەڵەبجە دەکەین”.
رۆجەر سفنسۆن، چالاکوانی بواری سروشت لە سوید کە لە ڕێکخراوی سروشتپارێزی سویدی کاردەکات، باسی لەوە کرد کە ڕێکخراوەکەیان یەکێکە لە ڕێکخراوەکانی تۆڕی دۆستانی ژینگەی کوردستان، گوتیشی “چەند نموونەیەک لە چەند شوێنێکی جیاواز لە هەڵەبجە وەردەگرین و دواتر لە سوید لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکەین”.
جێگری سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە، کوێستان ئەکرەم کە لەگەڵ ئەو تۆڕەی سوید کۆبووەوە، لەبارەی ئەو توێژینەوانە گوتی “گرنگ ئەوەیە ئەنجامێکی باشمان هەبێت، لەبەرئەوەی خەڵکی هەڵەبجە 25 ساڵە لە دوودڵیدا دەژین و دڵنیا نین لە ژینگەی ئەو خاکەی لەسەری دەژین”.
دەربارەی کارەکانی تیمەکەی وەزارەتی ژینگە و ئەم تیمە کە لە هەمانکاتدا هەردووکیان کار لەسەر ژینگەی هەڵەبجە دەکەن، کوێستان گوتی “دواتر ئەنجامی هەردوو توێژینەوەکە بەراورد دەکەین، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باشمان دەستبکەوێت”[1].