پسپۆرێکی بواری نەوت ئاشکرایدەکات: هەرێمی کوردستان لە بواری نەوت و غازدا خاوەنی 52 گرێبەستە و بەشێک له و گرێبەستانەش کێشەی دەستووریان هەیە، سەرۆکی دیوانی چاودێری داراییش دەڵێت: ڕێگریان لێدەکرێت لە وردبینکردنیان.
لەوەتەی هەرێم کاری بەرهەمهێنان و پاشان هەناردەی نەوتی دەستپێکردووە، داهاتەکەی یەکێک بووە له و پرسانەی بە نادیاری ماوەتەوە، شارەزایانیش پێیانوایە نەک تەنها ئەوە بەڵکو گرێبەستەکانی بوارەکەش زانیاری وردیان تیانیە.
هەروەک لە بەشێک لە گرێبەستەکاندا کاری پێچەوانەی یاسا کراوە، وەک ئەوەی شارەزایەکی بواری نەوت دەیڵێت.
حەمزە جەواهیری، پسپۆڕ و شارەزای بواری نەوت لەبارەی گڕیبەستە نەوتییەکانی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی 52 گرێبەستە لە بواری نەوت و غاز، بەشێکی زۆر له و گرێبەستانە بە تەواوی دروست نین و، زۆربەی ئه و گرێبەستانە تەنها بیرهەڵکەندن بووە و پاشان دایانخستووە، یاخو خاڵی بارکردنیان بۆ داناوە لە بیرەکەوە ڕاستەوخۆ بۆ ناو تەنکەر.
ئاماژەشی بەوەکرد: ئەم جۆرە گرێبەستانە نابێتە پەرەپێدان و ئەمەش مانای ئەوەیە لەبنەڕەتدا زۆرێک له و کۆمپانیایانە باوەڕیان بە خەرجکردنی پارەنییە لەپێناوی گەشەپێدانی کوردستان.
ئه و پسپۆرە ڕوونشیکردەوە: لە حکومەتی عێراقدا هیچ گرێبەستێکی هاوبەش نییە لە نێوان بەغدا و کۆمپانیاکان، چونکە ئه و جۆرە لە گرێبەست ناکۆکە لەگەڵ دەستووردا و هیچ کەسیش نییە جورئەتی ئەم جۆرە گرێبەستانە بکات نە سەرۆک وەزیران و نە وەزیری نەوت.
وتیشی : گرێبەستی هاوبەش ئەوکاتە هەبوو کە نرخی نەوت لەسەرووی 100 دۆلار بوو، بڕی 22 دۆلار دەبەخشرا بە وەبەرهێنەر، گرێبەستە خزمەتگوزارییەکانیش 2 دۆلاریان بە وەبەرهێنەر دەبەخشی، له و بڕەش دۆلارێکی بۆ هاوبەشە عێراقیەکە دەڕۆیشت و لە 35% بۆ باجی نەوت دەڕۆیشت. ئەوەشی وت: گرێبەستی هاوبەش پێچەوانەی دەستوورە، چونکە ئه و دەستوورە ڕێگە بە بوونی هاوبەشێک نادات بۆ گەلی عێراق تەنانەت ئەگەر ئه و هاوبەشە عێراقیش بێت، چونکە نەوت موڵکی گەلی عێراقە.
نەک تەنها لە ڕووی یاساییەوە، بەڵکو لە ڕووی بەدواداچون و وردبینیشەوە گرێبەستەکان لە بەردەم هەڵوەستەدان، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی ئاماژە بەوەدەکات کە ڕێگریان لێدەکرێت لە وردبینکردنی گرێبەستەکانی تایبەت بە دۆسیەی نەوت.
خالد چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بەپێی یاسای دیوانی چاوێری دارایی ئەوان دەتوانن وردبینی لە هەموو گرێبەستەکانی دامەزراوەکانی هەرێم بکەن، بەڵام سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک داوایان لە چەند دامەزراوە و دەزگایەک کردووە وردبینی بۆ گرێبەستەکانیان بکەن، بەڵام بەشێکیان ئامادەنین ئه و گرێبەستانە بخەنە بەردەم دیوانی چاودێری درایی.
ئەوەشی ئاشکراکرد: سەرەڕای چەند جارێک داواکردنی گرێبەست و مەلەفەکانی تایبەت بە دۆسیەی نەوت و گاز لەلایەن دیوانەوە بەمەبەستی وردبینی، بەڵام تاوەکو ئێستا نە وەڵامیان دراوەتەوە و نە هیچ دۆسیەکیشیان بینیوە.
سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی، ئەوەشی خستەڕوو: هەرچەندە یاسای دیوانی چاودێری دارایی ساڵی 2008 کەموکوڕی تێدایە، بەڵام دەسەڵاتی تەواوی داوە بە دیوان چاودێری دارایی وردبینی بکات لە هەموو دۆسیەکی نهێنی و ئاشکرا، جگە لەوانەی سەرۆکی هەرێم دەتوانێ بەدەریان بکات لە وردبینیکردن.
ناوبراو، وتیشی: تاوەکو ئێستا جگە لەوە گرێبەست و دۆسیەی نەوتمان نەخراوتەوە بەردەم، بەشێکی تری گرێبەستی تری دامەزاروەکانی هەرێمان نەبینیوە و وردبینیشمان بۆ نەکردووە.[1]
#16-03-2019#