ساڵی 2018 بۆ دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەڕووی داهات و توانای کڕینەوە ساڵی نەهاتە. لەو ساڵەدا ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی کشایەوە و گەمارۆکان لەسەر ئێران دانرانەوە. بەو هۆیەوە تمەن بەهای خۆی بە ڕێژەیەکی زۆر لەدەستدا.
سەرەتای ساڵ نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر بە 3 هەزار و 500 تمەن بوو، بەڵام لە سەرەتای مانگی ئادارەوە دابەزینی تمەن دەستیپێکرد. نرخی هەر دۆلارێک تاوەکو نزیکەی 20 هەزار تمەن بەرزبووەوە. بەرزی و نزمی دراو، بازاڕەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ناسەقامگیرکرد. نرخی شتومەک و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک زیاتر لە 100% بەرزبووەوە و لە بەرامبەردا داهاتی خەڵکیش بەهۆی ئەو دۆخە کەمیکرد. توانای کڕینی خەڵک دابەزیوە و گرانییەکان تەنگیان بە خەڵک هەڵچنیوە.
ئەمساڵ بەهۆی داخستنی سنوورە #کۆڵبەر#ییەکان، داهاتی هاونیشتمانییان لە ناوچە سنوورییەکان زۆر کەمیکردووە. بە داخرانی سنوورەکان و دابەزینی بەهای تمەن، بازاڕچەکانی کەلوپەلی بیانی کە ناوەندێکی گرینگی بازرگانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون پەکیان کەوت.
ساڵی 2018 هەروەها بۆ کۆڵبەران ساڵێکی پڕ نەهامەتی بووە. هێزەکانی سوپای پاسداران و پاسەوانی سنوور فەرمانیان پێکرا بە تووندی ڕووبەڕووی کۆڵبەران ببنەوە. بەپێی ئامارەکان، لەمساڵدا تاوەکو ئێستا لانیکەم 59 کۆڵبەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون یان بە تەقینەوەی مین و کەوتنەخوارەوە گیانیان لەدەستداوە. بە سەدان کەسیش بریندار و کەمئەندام بوونە.
لەڕووی سیاسییەوە ساڵی 2018 هەوڵی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ یەکخستنی هەوڵەکانیان سەریگرت. بە مەبەستی هاوئاهەنگی و یەکڕیزی نێوانیان پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە 20ی کانوونی دووەمی 2018، ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیان دامەزراند.
حیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لەو ناوەندەدا هاوکارن. لە ساڵی یەکەمیدا، ئەندامانی ناوەندی هاوکاری چەندین کۆبوونەوە و ڕاگەیێندراوی هاوبەش و کۆڕ و کۆبوونەوە و سمیناریان بەڕێوەبردووە، بەڵام هێشتا لەسەر پەیڕەو پرۆگرامی ناوخۆیی و چوارچێوەی چالاکییەکانیان نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
ئەمساڵ هەروەها چەندین پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئێران و پێشمەرگە و گەریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویداوە و تێیاندا نزیکەی 40 کەس لە هێزەکانی ئێران کوژراون. لە یەک لەو پێکدادانانەدا، گەریلاکانی #پژاک# بەرەبەیانی 21ی تەمووز هێرشیانکردە سەر بنکەیەکی سوپای پاسداران لە #مەریوان# کە تێیدا 11 پاسدار کوژران و هەشتی دیکەش برینداربوون.
ئێران کە پێشتر هەڕەشەی کردبوو، ئەگەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکییەکانیان ڕانەگرن، هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگانیان لە باشووری کوردستان، کاژێر 09:45 خولەکی پێش نیوەڕۆی 8ی ئەیلوولی 2018، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە قەڵای دیموکرات لە نزیک شاری #کۆیە#ی مووشەکباران کرد کە بەهۆیەوە 14 ئەندامی سەرکردایەتی و کادر و پێشمەرگەی حدک و 2 پێشمەرگەی حدکا گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 40 کەسیش برینداربوون.
هەر لەو ڕۆژەدا لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، سێ بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حوسێن پەناهی لەسێدارە دران. دوو ڕۆژ دواتریش، بەندکراوێکی سیاسی دیکە بەناوی کەمال ئەحمەدنژاد لە گرتووخانەی شاری میاندواو لەسێدارەدرا. لەمساڵدا لانیکەم 68 بەندکراوی کورد لە گرتووخانەکانی ئێراندا لەسێدارەدراون.
لە 12ی ئەیلوول بۆ ئیدانەکردنی هێرشی سەر بنکەکانی حیزبی دیموکرات و هەروەها لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی، خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووکان و بازاڕەکانیان داخست و مانیان گرت. مانگرتنەکە لە ئاستێکی فراواندا بەڕێوەچوو و زۆربەی شار و شارۆچکەکانی لە پارێزگاکانی #ورمێ#، #سنە# و #کرماشان# گرتەوە.
ئەمساڵ هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان بوونە قوربانی ڕووداوی هاتووچۆ. لە 10ی تەممووزی 2018، بەهۆی پێکدادانی پاس و تەنکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە نزیک تێرمیناڵی سنە، پاسەکە ئاگری گرت و بەهۆیەوە 13 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا.
لە 2018شدا ژینگەپارێز و خۆبەخشەکانی کوردستان ڕۆڵی سەرەکییان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستان و لەوەڕگەکان هەبوو، بەڵام لە 25ی ئابدا ئاگر گیانی 4 ژینگەپارێزی مەریوانی ئەستاند. شەریف باجوەر، ئومێد کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژوهی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان مەریوان و #پێنجوێن# لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان گیانیان لەدەستدا. ژمارەیەک چالاکڤانی مەدەنی گومانیان خستەسەر ڕووداوەکە و ڕایانگەیاند، شەریف باجوەر پێشتر لەلایەن ئەندامانی سوپای پاسدارانەوە هەڕەشەی لێکراوە بەهۆی ئەوەی کە ئەو دامەزراوەیە ڕۆڵی لە ئاگرتێبەردانی دارستانەکاندا هەبووە و شەریف ویستوویەتی سکاڵا دژ بە سوپای پاسداران تۆمار بکات.[1]
#30-12-2018#