دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
وتەبێژی پۆلیسی #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت: لە ساڵی 2018دا، 44 پیاو کوژراون و 21 ژن کوژراون و 22 ژن و پیاویش خۆیان کوشتووە، دەڵێت: 91%ی کەیسەکانی پارێزگای هەولێر لەلایەن پۆلیسەوە کۆتایی هاتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی کانوونی یەکەم، هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژناوانی ئاماری کەیسەکانی کوشتن و خۆکوشتن و دزیکردن و ڕووداوەکانی ساڵی 2018ی بۆ ڕۆژنامەنووسان خستەڕوو.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: لەمساڵدا 44 پیاو لە هەولێر کوژراون، کە 41 کەیسیان یەکلایی کراوەتەوە، بەڵام سێ کەیسیان ماوە یەکلایی بکرێتەوە، لەبەرامبەردا لە 2017دا، 64 کەس کوژراون، ئەمەش مانای وایە کە ڕێژەی کوشتنی پیاو کەمیکردووە.
وتیشی: لە 2018دا 34 کەس خۆیان کوشتووە کە 10 پیاو و 24 کەسیشیان ژن بوون، هەروەها 22 کەس خۆیان سوتاندووە کە 16 کەسیان ئافرەت و شەش کەسیان پیاو بوون، 21 ئافرەتیش لەهەولێر کوژراون.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ئاماژەی بەوەشکرد: لە 2018دا، 819 حاڵەتی دزیکردن هەبووە کە زیاتر لە 100 حاڵەتیان دزینی ئۆتۆمبێل بووە، هەروەها 542 کەس لەسەر ئەوەی دزیان لێکراوە سکاڵایان تۆمارنەکردووە، بەڵام 88%ی کەیسەکان یەکلایی کراوەتەوە، هەروەها لەمساڵدا 849 شەڕکردن هەبووە کە زیاتر لە 700 کەیسیان یەکلایی کراوەتەوە.
هۆگر عەزیز، ڕاشیگەیاند: کۆی گشتی کەیسەکانی پارێزگای هەولێر لە ساڵی 2018دا، سێ هەزارو 653 کەیس بووە کە سێ هەزار 330 کەیسیان یەکلایی کراوەتەوە، واتا تەنیا 323 حاڵەت ماوە، بەبەمەش دەکاتە ڕێژەی 91%ی کەیسەکان لەمساڵدا کۆتایی پێهاتووە.
دەڵێت: کۆی گشتی کەیسەکان بە بەرارود بە ساڵی 2017، کەمیکردووە کە نزیکەی 100 کەیس دەبێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و شەونخونی پۆلیسی هەولێر.
لەبارەی ئەوانەی لەمساڵدا دەستیگرکراون و لە چاکسازییەکاندا ڕاگیراون، هۆگر عەزیز وتی: لە 2018دا، چوار هەزارو 843 کەس دەستیگرکراون و له و ڕێژەیەدا چوار هەزارو 297 کەیسیان یەکلایی کراوەتەوه و 101 کەسیان سزادراون و 435 کەیسیش لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد[1]
#30-12-2018#