ئەزموونەکانی ئەلبێر کامۆ
ئارام سدیق
هەمیشە کاتێک کتێبێکی ئەلبێر کامۆ دەخوێندمەوە هەست بەوە دەکەم زیاتر لە ژیان نزیک دەبمەوە. نووسینەکانی ئەم نووسەرە زیاتر لە ژیانم نزیک دەخاتەوە و بە دیوی دیکەی ژیان ئاشنام دەکات، کە پێشووتر پەییم پێ نەبردووە. کامۆ بۆ من لەو نووسەرانەیە کە یاخیبوونی لا چەسپاندم. وایکرد سیزیفئاسا ژیان بکەم گوێ بەوە نەدەم کە بۆ هەزاران جاریش بەردەکە ببەمەوە سەر شاخەکە. واتە لە کامۆوە فێری یاخیبوون و کۆڵنەدان بووم. بەڵام فێری ئەوەش بووم لەم دونیاپوچەدا مرۆڤە مەحکومە بە ژیانێک کە بەسەریدا سەپێنراوە و هەڵبژاردەی خۆی نییە. هاوکات هیچ شتێکیش وەکو ژیان بەهادار نییە. بەڵام ئەوەشی گوتووە، کە مرۆڤ و ژیانیش ناماقوڵییە.
ئەزموونەکان، کتێبی بەشێک لە ئەزموونەکانی ئەلبێر کامۆ، کە سامان کەریم کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ئەندێشە لە دوتوێی 151 لاپەڕەدا بە چاپی گەیاندووە. ئەم کتێبە جیا لە کتێبەکانی دیکەی ئەم نووسەرە لە کۆمەڵێک وتار و نامە پێکهاتووە، کە تاڕادەیەک بابەتگەلی سەربەخۆن. بەڵام بابەتگەلێکن کە دوور نین لە دونیای کامۆوە، بەڵکو کامۆ لەم وتار و نامانەشدا دیسان پێداگریی لەسەر ئەو بۆچوونانە دەکاتەوە، کە لە کتێبەکانی دیکەیدا جەختی لەسەر کردوونەتەوە.
کامۆ لەو نووسەرە دەگمەنانەیە کە ورد لە ژیان دەڕوانێت و ئەو چاوێکی دیکەی هەیە بۆ بینینی ئەو بەش و جێگایانەی ژیان کە چاوی ئاسایی نایبینن. یان چاوی زۆربەمان ناتوانن بیبینن. ئەو لە جێگەیەکدا دەڵێتهیچ شتێک نییە پتەو و جێی متمانە بێت، بەڵام هەر پێویستە بژیت. کامۆ لەو ڕستەیەوە دەیەوێت خۆکوژی ڕەتبکاتەوە. ئەو هەرگیز نایەوێت شەرعییەت بە خۆکوژی بدات. بەڵکو ئەو کردەی هەڵبژاردنی مەرگ ڕەتدەکاتەوە.
یەکێک لەو بۆچوونانەی لەم کتێبەدا زۆر سەرنجڕاکێشە ئەو گوتارەیەتی لە سوید. لەوێدا کامۆ بە ڕستەیەکی سەرنجڕاکێش دەستپێدەکات و دەنووسێت: من وەک خۆم بەبێ هونەر ناتوانم بژیم، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هونەرم خستۆتە سەروو هەموو شتێکەوە. لە دواتریشدا دەڵێت هونەر بە لای منەوە شتێک نییە تەنها چێژی لێ ببینرێ. هونەر دەبێت جۆش و ئازار و دڵخۆشییە هاوبەشەکانی مرۆڤەکان بدۆزێتەوە و پیشانی بدات. ئەگەر سەرنج لەم ڕستانەی سەرەوە بدەین و هاوکات سەرنج لە ڕۆمان و شانۆکانی ئەم نووسەرە بدەین بە تەواوی هەست بەوە دەکەین کە هونەر لای ئەم نووسەرە تەنها بۆ چێژ نییە، بەڵکو زۆرجار بۆ پیشاندانی ئەو دیوە دڵڕەقەی ژیانە کە بەردەوام مرۆ دەهاڕێت. ئەمەشی لە ڕۆمانێکی وەکو تاعووندا خستۆتەڕوو. ئەم ڕۆمانە ئەگەرچی دڵڕەقییەکانی ژیان پیشاندەدات و دەیەوێت مرۆڤ لەوپەڕی ناڕەحەتیدا وێنا بکات. بەڵام ڕۆمانێک نییە بۆ تەسلیمبوون. بەڵکو لەوێدا بەر جۆرێک لە مرۆڤی بەرەنگار دەکەوین، کە بەرەنگاری ژیانێکی ئالودەبوو بە تاعوون دەبێتەوە.
لە زۆر وتاری دیکەی ئەم کتێبەدا کامۆ باس لەو نەهامەتیانە دەکات کە بەسەر مرۆڤی سەدەی بیستەمدا هاتوون و ئەو لە وتاری سەدەی ترسدا بەم شێوەیە پۆلێنی چەند سەدەیەک دەکات: سەدەی حەڤدە سەدەی ماتماتیک. سەدەی هەژدە سەدەی فیزیا. سەدەی بیست، سەدەی ترس. ڕەنگە کامۆ لەم سەدە نوێیەدا کە دوو جەنگی گەورەی جیهانی ڕوویانداوە و خۆی بەر لەوەی جەنگی یەکەم هەڵبگیرسێت هاتۆتە دونیاوە. واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرکەوتەی لەگەڵ هەردوو جەنگەکەدا هەبووە. بۆیە ئەم سەدەیەی ناو ناوە سەدەی ترس. سەدەیەک کە مرۆڤ لە هیچ شتێک دڵنیا نییە. بەڵکو ئەوەی لێی دڵنیاییە تەنها ترسی بەردەوامە کە دەشێت ئێستا نا، بەڵکو چەند ساتێکی دواتر ڕووبەڕووی بێتەوە.
ئەزموونەکان بەدەر لە چەندین وتار لەسەر ئەخلاق و سیاسەت و ڕۆڵی هونەر لە ژیانی مرۆڤدا و هاوکات نیشتیمانپەروەریی و زۆر بابەتی دیکە چوار نامەی گرنگی کامۆشی لە خۆگرتووە، کە بۆ دۆستێکی ئەڵمانی ناردووە. ئەم نامانە لەنێو نووسینەکانی کامۆدا بایەخێکی زۆریان هەیە و لەنێو ئەو نامانەدا کامۆ زۆر مەسەلەی گرنگ دەوروژێنێت، کە ئەم وتارە جێگەی باسکردنی ئەم بابەتانە نییە. بەکورتی دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەم کتێبە ئەگەرچی لە ڕووی قەبارە و لاپەڕەوە کەمە، بەڵام زۆر بابەتی گرنگی لە هەناویدا هەڵگرتووە کە دەیەوێت بمانداتێ، هەر بۆیە شایەنی خوێندنەوەیە. دەستخۆشی بۆ موزیسیان و وەرگێڕ سامان کەریم و هیوای بەردەوامی بۆ دەخوازم.