دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
سەرپەرشتیاری کارگەی دۆشاوی تەماتەی #شارەزوور# ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی سوتەمەنی و دانانی گومرگێکی زۆر لە لایەن حکومەتی عێراق بۆ ئه و بەرهەمانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانین درێژە بەکارکردن بدەین و کارگەکەمان دابخەین.
جاسم محەمەد، سەرپەرشتیاری کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور بە دواڕۆژی ڕاگەیاند سەرەتای دامەزراندنی کارگەکەمان لەلایەن زۆربەی بەرپرسانی حکومی و حزبی و هاوڵاتیانەوە ستایشکراین و بەهەنگاوێکی گەورەیان دانا بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ، بەڵام بەداخەوە دواجار لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هیچ پاڵپشتییەکمان نەکراو ناچاربووین کارگەکە دابخەین.
راشیگەیاند لە دوای ئەنجامدانی ڕیفاندمەکەی هەرێم، حکومەتی عێراق بە بڕیارێک گومرگێکی زۆری بەسەر هەموو ئه و بەرهەمانەدا سەپاند کە لە هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێن و تا ئێستاش ئه و بڕیارە کاری پێدەکرێت، بۆیە بۆ هەر تۆنێک دەبوو نزیکەی 900 دۆلار گومرگمان بدایە بەحکومەتی عێراق و 500 دۆلاریش بۆ #حەشدی شەعبی#، بۆیە نەمانتوانی بەرهەمەکانمان ڕەوانەی عێراق بکەین.
سەرپەرشتیاری کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت ساڵانە بڕی 46 ملیۆن دینار کرێی ساڵانە بدەین بە حکومەت لە کاتێکدا بەڵێنمان پیێدرابوو، کە ئه و پارەیەمان لێوەرنەگیرێت، بەڵام جێبەجێنەکرا، هەروەها لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بەڵێنمان پێدارا 120 تۆن نەوتی ڕەشمان بۆ دابینبکرێت، بەڵام دواجار ئەوەش جێبەجێنەکرا لە کاتێکدا هەمان بڕ درایە کارگەی ئاسنی #هەولێر#.
جاسم محەمەد، ئەوەشی وت: ئێمە ساڵی ڕابردوو، ڕووبەری هەزار و 100 دۆنم لە زەوی کشتوکاڵی دەشتی شارەزوورمان کرد بە تەماتە و پلانیشمان هەبوو لەمساڵدا ڕووبەری پێنج هەزار دۆنم زەوی تەماتە بەرهەم بهێنین، بەڵام تەماتەکەی ساڵی ڕابردوو هەمووی بوو بە زیان و بۆمان ساغ نەکرایەوە، بۆیە بەم حاڵەوە ناتوانین کارگەکەمان بکەینەوە.[1]
#09-07-2018#