وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای دەکات کە هەرێمی کوردستان و زۆرینەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کە لەعێڕاقدا کاردەکان ڕازیبوون بە کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بەپێی ڕێکەوتنەکەی ئۆپیک.
جەبار لوعەیبی، وەزیری نەوتی عێراق دوێنێ لەکۆبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی ناو ڕێکخراوی ئۆپیک لەشاری قاهیرە، جەختی لەپابەندبوونی هەرێمی کوردستان کردەوە بەرێکەوتنەکەی ئۆپیکەوە.
کۆتایی مانگی ڕابردوو، ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک، گەیشتنە ڕێکەوتن لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوەش یەکەمین ڕێکەوتنی لەو شێوەیەی ئەو وڵاتانەیە لەدوای ساڵی 2008ەوە.
بەپێی ڕێکەوتنەکە 14 وڵاتەکەی ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپیک 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کەم دەکەنەوەو بەوەش کۆی ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی ئەو وڵاتانە کەمدەبێتەوە بۆ 32.5 ملیۆن بەرمیل.
"کوردستان لەناو عێراقدایەو ئێمەش لەناو ڕێکەوتنەکەداین" وەزیری نەوتی عێراق بەئاماژەدان بۆ ڕێکەوتنەکەی ئۆپیک وای وت، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی بلومبێرگ.
بەپێی ئەو وێبسایتە ئابورییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەسەدا 12ی نەوتی هەموو عێراق بەرهەم دەهێنێت، لەرۆژی 5ی ئەم مانگەدا ڕایگەیاند کە پێشبینی ناکات گۆڕانکاریی گەورە لەکەمکردنەوەی بەرهەمهێنانیاندا بکات بەپێی ڕێکەوتنەکەی ئۆپیک، کە لەمانگی کانونی دووەمی ساڵی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی دەی ئەم مانگە، ڕێکەوتنەکەی ئۆپیک فراوانتر کرا کاتێک بەرهەمهێنەرانی نەوت لە ڕێکخراوی ئۆپیک و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپیک کە 11 وڵاتن، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2001ەوە ڕێکەوتن بەهاوبەشی بەرهەمهێنانی نەوت سنوردار بکەن ئەوەش بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی کەڵەکەبوونی نەوتی خاو.
عێراق کە دووەمین گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتی خاوە لەرێکخراوی ئۆپیکدا دوای سعودییە، بەڵێنی داوە کە ڕۆژانە 210 هەزار بەرمیل کەم بکاتەوە، ئەوەش دەکاتە ڕێژەی لەسەدا 4.5ی کۆی گشتی بەرهەمەکەی.
هەرچی لەبارەی نەوتی کەرکووکەوەیە کە لەساڵی 2014ەوە کەوتوەتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە ڕایدەگەیەنێت تا ئێستا هیچ داواکارییەکیان بۆ کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنان بەدەست نەگەیشتووە.
ئەحمەد عەسکەر، سەرۆکی لیژنەی وزەو پیشەسازی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەبلومبێرگی ڕاگەیاندوە کە ئەوان هێشتا هیچ داوایەکی فەرمییان بۆ کەمکردنەوەی نەوت بەدەست نەگەیشتووە. ئامادەشن بۆ کەمکردنەوە لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقدا بگونجێن.
- 23-12-2016