ساڵى تازەى زایینى (2024) له خانەوادەى سەربەرزى شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزەکانى ناوخۆ و تەواوى کوردستانییان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لە هەر کوێ بن، لە گەلانى عێراق و جیهان بەگشتى پیرۆز دەکەم. هیواى ساڵێکى پڕ لە ئارامى و خۆشى و سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازم.
بەهۆى لێکەوتەکانى دۆخى سیاسى، ئەمنى، ئابوورى و کێشە و قەیرانەکانەوە لە ناوچەکە و عێراق و هەرێمى کوردستان، ساڵێکى سەختمان بەڕێکرد کە تیایدا ڕووبەڕووى چەندین مەترسى و ئاڵنگارى بووینەوە.
ناتەبایى و ناکۆکیى سیاسیى ناوخۆ، ڕەنگدانەوەى خراپى بەسەر توانا و پێگەى کوردستانەوە لە عێراق و دەرەوە هەبوو. بووە هۆى ئەوەى هەرێمى کوردستان نەتوانێت وەک پێویست ماف و شایستە دەستوورییەکانى بەدەست بهێنێت. هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوا خرا، لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانیشدا لە ناوچەکانى مادەى (140) کاریگەرییە خراپەکانى، دیار بوون.
پێچەوانەى ڕێککەوتنە سیاسییەکان و دەستوور، وێڕاى هەموو گفتوگۆ و هەوڵ و پابەندییەک، زۆرێک لە ماف و شایستە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان لە عێراق فەراهەم نەبوون. چەندین جار بە هێرش و پەلاماری درۆنی، هەڕەشە لە ئارامى و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان کرا.
جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان و نەناردنی شایستە و مافە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان، جگە لە زیان هیچ سوودێکى دیکە بە عێراق ناگەیەنێت. لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەبێ هەمووان بە گیانى بەرپرسیاریەتیى هاوبەش، بە یەکترقبووڵکردن و تەبایى، بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن، کار بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و تێپەڕاندنى قەیرانەکان بکەین.
با لە ساڵى تازەدا لە عێراق و هەرێمى کوردستان، پەند و وانە لە ڕابردوو وەرگرین و پێکەوە بەره و داهاتوویەکى باشتر و سەقامگیر و ئاسوودە هەنگاو بنێین. با قەیران و ئاڵنگارییەکان بکەینە دەرفەت و بەرژەوەندیى گەل و نیشتمان، ئامانج و کۆکەرەوەى هەمووان بێت. عێراق بە پێکهاتەکانییەوە بەهێز و دەوڵەمەندە و تەنیا بە تەبایى و پێکەوەیی، هەمووان براوەن.
لەم بۆنەیەدا دووپاتى دەکەینەوە کە هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچەکە و جیهاندا، لەسەر بنەماى ڕێزلەیەکگرتن و بەرژەوەندیى هاوبەش، بره و بە پەیوەندییەکانى دەدات. وەک هەمیشە بە فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى و بە هاوبەشێکى کاراى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و زێدى فرەیى و پێکەوەژیان دەمێنێتەوە. [1]
=KTML_Bold=بە هیوا و ئومێدەوە لە داهاتوو دەڕوانین و ساڵى نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت.=KTML_End=
#نێچیرڤان بارزانى#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=