مەکتەبی سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، بەبۆنەی ھاتنی ساڵی تازە، پیرۆزبایی لە ھاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکات، ھەر بەم بۆنەشەوە مەکتەبی سیاسی پارتی داوا لە گشت ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات کە پێویستە بەرژەوەندیە باڵا نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان لەسەرووی ھەموو شتێکەوەبێت و یەکڕیزی و یەکدەنگی گەلی کورد بپارێزن.
=KTML_Bold=دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:=KTML_End=
بە بۆنەی ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زایینی، گەرمترین پیرۆزبایی لە ھاووڵاتیانی ھێژا و خۆشەویستی کوردستان لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێم دەکەین، پیرۆزباییەکی گەرم لە بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و، سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگرانی دڵسۆز و خۆڕاگری پارتیمان دەکەین و، ھیوای ساڵێکی ئاسوودە و ئارام و پڕ دەستکەوت بۆ ھەموو لایەک دەخوازین.
ئەمڕۆ #31-12-2023# ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە ھۆی شەڕ و ناسەقامگیریی و ململانێ ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان بە بارودۆخێکی ھەستیار و نەخوازراودا ڕەت دەبێ، بۆیە پێویستە ھەموو لایەک بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە کاربکەین بۆ پاراستنی ئەزموون و قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی ڕەوشێکی سەقامگیر و ئارام.
لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ھەروەکو ڕامانگەیاندووە، سەرەڕای ھەبوونی تێبینی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەییمان دەربڕیوە بۆ دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە بۆ پێکھێنانی حکوومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکان لەسەر بنەمای شەراکەت و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە سیاسییەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانەی کە پێشتر ڕێککەوتنیان لەبارەوە کراوە لەپێناو دابینکردنی ئاسوودەیی و خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتییانی ئەو شار و شارۆچکە و ناوچانە بەبێ جیاوازی.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ساڵی تازە و، وەک ھەمیشەیش جەخت لەسەر گرتنەبەری ڕێگای گفتوگۆ و دانوستاندن دەکەینەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکان و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە شایستە داراییەکان و مووچە و بوودجەی ھەرێمی کوردستان و، سەرجەم ماف و ئیستیحقاقە یاسایی و دەستوورییەکانی گەلەکەمان.
بە بۆنەی ساڵی تازەوە، دووپاتی دەکەینەوە کە پاراستنی قەوارەی سیاسی و یاسایی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان بە ئەرکی لە پێشینەی خۆمان دەزانین و لە ڕۆشنایی ئەو بڕیار و باوەڕە نەگۆڕەشمانەوە داوا لە گشت ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین پێویستە بەرژەوەندیە باڵا نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانمان لەسەرووی ھەموو شتێکەوەبێت و یەکڕیزی و یەکدەنگی گەلەکەمان بپارێزین و پرەنسیپە ڕاستەقینەکانی ھاوپەیمانییەتی پتەوتر بکەین بۆ باشترکردنی بارودۆخی گوزەران و بژێوی ھاووڵاتییان و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری وڵاتەکەمان.
ئومێدەوارین ساڵی 2024 ساڵێکی موژدە بەخش بێت و، ساڵی کۆتایی ھاتنی قەیران و گیروگرفتەکان و ساڵی بەختەوەری و بەھێزترکردنی ئاشتەوایی و لێبووردەیی نێوان گشت پێکھاتەکان بێت. [1]
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
#31-12-2023#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=