$کورد و جیهانی ناڕۆژاوایی$
#زریان ڕۆژهەلاتی#
#22-02-2020#
یەکێک لە دیارترین باسەکانی ئەمساڵی کۆنفرانسی ئاساییش لە میونیخ، سەردەمی ناڕۆژاواییە لە سیاسەتی جیهانیدا. هەرچەندە باسەکانی تایبەت بە کەمبوونەوەی کاریگەریی ڕۆژاوا لەسەر جیهان تازە نین، بەڵام چەمکی ناڕۆژاوایی دەستبردن بوو بۆ بابەتێکی گەورە کە پۆتانسیێلی گۆڕینی سیاسەتی جیهانی لەهەناودایە.
کورد لەکوێی جیهانی ناڕۆژاوایی دایە؟ پێویستە لەم قۆناغەشدا چۆن بجووڵێتەوە؟ ئەمانە پرسیاری گرنگن، چونکە کاریگەریی ئەو گۆڕانەی کە ئێستا خەریکە ڕوودەدات، بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردستانیش شۆڕدەبێتەوە.
بابەتی سەرەکیی ئەمجارەی کۆنفرانسی میونیخ کە (14-16) ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو ناڕۆژاواییبوون لە سیاسەتی جیهانیدا بوو. چەمکی ناڕۆژاواییبوون کە لە ڕاپۆرتەکەی وڵڤگانگ شینگەر، سەرۆکی کۆنفرانسەکەدا باس کرا، دواتر لە گوتەی بەشێک لە بەرپرسانی ئەوروپیشدا ڕەنگیدایەوە. بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەک زیادەڕۆیی ئاماژەی بۆ کرد.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەمساڵی کۆنفرانسی میونیخ ئەوە بەڕوونی دیارە کە ڕوانگەی ناڕۆژاواییبوون نەک لە دیدێکی جوگرافی، بەڵکوو لە ڕوانگەیەکی سیاسی- ئەمنی و بەپێی هەندێک پێوەری وەک:
1- پابەندبوون بە لیبراڵ- دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.. 2- ئابووریی بازاڕ..
3- هاوکاریی نێودەوڵەتی لە ڕێی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە سەیرکراوە.
جا ئەگەر بەپێی ئەو پێوەرانەی ڕۆژاوا کە بۆ خۆیشیان جێگەی پرسیارن، تەماشای دنیای ئەمڕۆ بکەین، ناهەق نییە ئەگەر بڵێین دنیا زیاتر لە ڕۆژاواییبوون بەرەو ناڕۆژاواییبوون دەچێت. ڕژێم و دیدگای سیاسی، پۆپۆلیستی و نەتەوەگەرا و ناساز لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ، لە ئەمریکا، چین و ڕووسیاوە بگرە هەتا ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، مۆری خۆیان لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستویەک داوە.
بنەماکانی ئابووریی بازاڕ و بازرگانیی ئازاد لە ڕێی جەنگە ئابوورییەکانەوە کەوتوونەتە ژێر پرسیار. هاوکاریی نێودەوڵەتی لە ڕێی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە وەک جاران بڕ ناکەن و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی دنیایان نییە. بەپێی ڕاپۆرتەکەی کۆنفرانسی میونیخ، لە 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا 129یان لە وەختی خۆیدا پارەی ئەندامبوونیان دەدەن کە ئەمەش خۆی بایەخی ئەو دامەزراوەیە کەمتر دەکاتەوە. ئێستا ئیدی لە جیاتی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ چارەسەکردنی کێشەکان زیاتر پەنا بۆ پەیوەندییە دووقۆڵی و چەند قۆڵییەکان و کۆنفرانسەکان دەبردرێت.
لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە تێگەیشتنی ڕۆژاوا لە پرسە ئەمنییەکان بەرەو گۆڕان دەچێت. ئەمریکا گەشەی تەکنۆلۆژیی چین و هۆشی زیرەک لەو وڵاتە، لە ڕووسیا بە مەترسیدارتر دەزانێت. ئەوروپا چین و ڕووسیا و ئەمریکا بە مەترسی بۆ سەر ئاییندەی خۆی دەزانێت و لە خەمی داهاتووی خۆیدایە. ناتۆش کێشەی تێدایە. قەیرانی سووریا نەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵکوو لە ئاستانە و سۆچی، کێشەی لیبیاش نەک لە نیویۆرک، بەڵکوو لە بەرلین گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
ئێستا بە دڵنیاییەکی زیاترەوە دەتوانین بێژین دنیا بەهێواشی و لەسەرخۆ بەرەو نەزمێکی تازە دەچێت کە لەوانەیە پێوەرەکانی، ئەوانەی ڕۆژاوا نەبن!
$ڕەنگدانەوەی ناڕۆژاوایی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست$
زۆرێک لە دەوڵەتانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرهەمی قۆناغێکن کە هێزە ڕۆژاواییەکان بەسەر سیاسەتی جیهانیدا زاڵبوون. لە کۆی 16 وڵاتی دیاری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 11یاندا جۆرێک ڕژێمی سیاسی تۆتالیتەر هەن کە یان پادشایین یان کۆمارین. تەنیا پێنجیان جۆرێک دیموکراسییان تێدایە کە ئەوانیش جگە لە قوبرس و ئیسرائیل، لە پاشەکشەدان. زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لە ڕیزەکانی هەرەدواوەی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادیدان. لانی کەم تا ئێستا، هەرجۆرە خواستێکی گۆڕانکاری لەم ناوچەیە بەبەرچاوی دنیا و لەژێر هەژموونی نەزمی ڕۆژاواییدا بە توندترین شێواز سەرکوتکراون، دواترین نموونەیان ئێراقە کە لە ڕیزی دیموکراسییە گەنجەکانی ئەم ناوچەیە دادەنرێت! خۆی لە بنەڕەتدا ئەکتەرە سەرەکییەکانی جیهان زیاتر لە پێوەرە ڕۆژاواییەکان، بەپێی هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە جوڵاونەتەوە. بەرهەمی ئەمەش زۆربوونی پەنابەران، کێشەی تیرۆر و تاوانی ڕێکخراوە کە لەسەر ڕۆژاواش هەڕەشەن. ئێستاش کە خودی ڕۆژاواییەکان باس لە سەردەمی ناڕۆژاوایی لە دنیا دەکەن، لەوانەیە ورەی بەشێک لە سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ سەرکوتکاریی زیاتر بەرزتر بێتەوە و داشی ڕژێمە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە سوارتر بێت.
لە بنەڕەتدا ئەو پێوەرانەی کە ڕۆژاوا باسیان دەکات، زیاتر بۆ ڕۆژاوایە نەک هەموو جیهان. ئەوان بە کردەوە، زیاتر لە بڵاوکردنەوەی هەموو پێوەرە ڕۆژاواییەکان، کاریان لەسەر ئەوانە کردووە کە دەسکەوتی ئابووری و سیاسیی خێراتریان هەیە. بێگومان بازرگانیی ئازاد لە جۆری ڕژێمە سیاسییەکان و مافەکانی مرۆڤ پڕبایەختر بووە بۆ ڕۆژاوا. هەڵبەت دواجار ئەمانەش لەشێوەی کێشەکانی پەنابەران، تیرۆر و ڕێکخراوە تاوانکارییەکانەوە بەسەر ئەواندا شکاونەتەوە. ئەو دۆخەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و ئەو کێشانەی کە لەم ناوچەیەوە بەرەو دنیا دەچن، لە ئەنجامی چاوپۆشیکردنی ڕۆژاوایە لەو پێوەرانەی کە خۆی بانگەشەی بۆ کردوون.
ئەو کاتەی کە ڕۆژاوا هێزی سیاسی و سەربازیی هەبوو بۆ جێگیرکردنی پێوەرەکانی، زیاتر ڕێگای دانووستاندن و ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕژێمە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە گرتەبەر و ئێستاش کە هێزەکەی لە داکشانداندایە، کارێکی ئەوتۆی پێناکرێت مەگەر جارێکی دیکە خۆی کۆبکاتەوە!
ناڕۆژاواییبوون بە دیوێکی دیکەشدا گوزارشت لە کەمبوونەوەی باڵادەستیی سەربازی و سیاسیی ڕۆژاوا لە ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست دەکات. ئەمەش جگە لە جەنگی ناڕاستەوخۆ، ئەگەری پێکدادان و بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی دەوڵەتانیشی زیاتر کردووە. لە دەریاوە تا دەریا (کەنداو - دەریای مێدیتەرانە) ، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەتا ملی باکووری ئەم ناوچەیە، زنجیرەیەک ناکۆکی و ململانێی بەهێز لە ئارادان کە ماتەوزەی جەنگیان تێدایە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆنفرانسەکەی میونیخ، لە ساڵی 2020دا جگە لە سووریا، ئەگەری پێکدادان لە 10 ناوچەی دیکەی جیهان هەیە کە پێنجیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقان!
ناڕوونیی سیاسەتی ڕۆژاوا و تاڕادەیەکیش گۆڕانی ئەولەویەتەکانی، بووەتە هۆی ئەوەی ڕووسیا ببێتە یاریگۆڕی سەرەکی لەم ناوچەیەدا. لە کێشەی لیبیاوە بگرە هەتا سووریا، ئیسرائیل- فەلەستین، ئێراق و ئێران، ڕووسیا یان یاریگۆڕی یەکەمە یان بەرەو بەهێزبوون دەچێت. دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بایەخێکی زیاتریان بە ڕووسیا داوە و هەوڵیانداوە بەدوای هاوسەنگییەکدا بگەڕێن. ئیسرائیل کە یەکێک لەبەرچاوترین هاوپەیمانەکانی ڕۆژاوایە لەم ناوچەیە، بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ ڕووسیا هەرگیز ناتوانێ لە ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی لە دژی ئێران لە سووریا بەردەوام بێت. کشانەوەی ئەمریکا لە ئێراق لە کۆتایی 2011 و بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا، وای لە سعودیە و وڵاتانی ناوچەکە کرد بەشێوەیەکی جدیتر بیر لە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا و چین بکەنەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی مامەڵەی ڕاستەوخۆی مۆسکۆش لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و سیاسەتەکەی بۆ پاراستنی وەزعی مەوجود، دەتوانین بێژین باڵادەستیی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەتوانێت لە ماوەی درێژخایەندا بە زیانی گەشەکردنی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەم ناوچەیە بشکێتەوە.
کورد و سەردەمی ناڕۆژاوایی
سەردەمی ناڕۆژاوایی پرسی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دووڕێیانێکدا داناوە. لەلایەک دەرفەت لەلایەکی دیکەش مەترسیی لە بەردەمدایە. پاشەکشەی سەختەهێزی ڕۆژاوایی لەم ناوچەیە، سەرەتا ڕێگەی بۆ گەلەکۆمەیەکی ناوچەیی خۆشکرد کە بەتەمای پێچانەوەی کیانی هەرێمی کوردستان بوو لە 2017. دواتر ئەمە لە ڕۆژاوای کوردستانیش ڕوویدا و بێدەنگییەکی نێودەوڵەتیش بەرانبەر سیاسەتەکانی تورکیا لەمەڕ کێشەی کورد بینرا. بەهەمانشێوە، سەری کێشەی کورد، هاوشێوەیەی گەلێک لە کێشەکانی دیکە لە ئێرانیش هەروا بە کپکراوی هێڵرایەوە.
کەمبوونەوەی باڵادەستیی ڕۆژاوا لە جیهاندا دەتوانێت ڕێگا بۆ پێداویستی زیاتری ئەوان بە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەکوو کورد لەم ناوچەیە خۆش بکات، بەڵام ئەمە دیوێکی دراوەیەکە و دەتوانێت ڕێگا بۆ بەهێزبوون و هاوکاریی زیاتری دەوڵەتانی ناوچەکە خۆش بکات کە ئەوەش بە زیانی کورد دەشکێتەوە. ئێستا کورد بەشێوەیەکی درووست هەوڵی ڕاگرتنی باڵانس لە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا- ڕووسیا، ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەکە دەدات، بەڵام لەوانەیە ئەمە هەتا سەر بەکەڵک نەبێت.
پاشەکشەی پێوەرەکانی ڕۆژاواش دەتوانێت ڕێگا بۆ درێژبوونەوەی تەمەنی ڕژێمە نادیموکراتییەکانی ئەم ناوچەیە خۆش بکات. ئەمەش بەردەوامیی کۆچ و پەنابەریی چینی نێوەڕاستی ئەم ناوچەیە و درێژەکێشانی کێشە سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانی لێدەکەوێتەوە. کاریگەریی گێژاوەکانی ئەم ناوچەیەش لەسەر پرسی کورد، دەتوانێت لەشێوەی بەردەوامیی ناکۆکییە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی کورددا بەردەوام بێت.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەسەر ئەم قۆناغی ناڕۆژاواییە گوتوویەتی، ئەگەر مشووری خۆمان نەخۆین کەسانێکی دیکە دێن و لە جیاتی ئێمە بڕیارمان بۆ دەدەن. ئەمە بۆ کوردیش وایە. دواجار لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشدا بنەمایەک هەیە کە هیچ کەس فریای ئەوی تر نەکەوێت. دەبێ هەرکەس مشووری خۆی بخوات.
ئامادەیی سیاسی و سەربازی بۆ ناڕوونییەکانی قۆناغی ناڕۆژاوایی پڕبایەخە. ڕێگایەکی ئەمەش بە چاکسازییەکی ڕاستەقینە، دەزگامەندیی سیاسی و سەربازییدا تێپەڕ دەبێت. [1]