ناونیشانی بابەت: نەوتى ئێڕاق و داخستنی تەنگەی هورمز
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
تەنگەی هورمز ئەو ڕێرەوەیە لە ئاوی کەنداو کە تیایدا پانیەکەی زۆر کەم دەبێتەوە و شێوەى تەنگە (مضیق) یەک
وەردەگرێت، هەرچی کەشتى نەوت هەڵگری وڵاتانى کەنداو هەیە بە ئێڕاقیشەوە بەوێدا تێپەر دەبێت . وڵاتى ئێران تا ڕادەیەک لەم تەنگەیەوە نزیکە و هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت لە ڕێگەى ئاسمان و دەریاوە کێشە لەو ناوچەیە درووست بکات و ئاستەنگ بخاتە بەردەم تێپەربوونى کەشتیە نەوت هەڵگرەکان.
$باگراوندى هەرەشەکان$
مێژووى هەرەشەکانى ئێران بۆ داخستنى تەنگەی هورمز کۆنەو دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەى ڕابردوو لە سەردەمی شەری هەشت ساڵەى ئێڕاق ئێراندا، لەو کاتەى زۆربەى کۆمەڵگای نێودەوڵەتى یارمەتى حکومەتى ئێڕاقیان دەدا لە شەرەکەدا و فرۆکەکانى ئێڕاق توانیبویان تا ڕادەیەکى باش نەهێڵن نەوتى ئێران لە ڕێگەى کەنداوەوە هەناردە بکرێت ئەویش بە بۆردومان کردنی ئەو کەشتیانەى نەوتیان لە ئێران دەکری، لە بەرانبەر ئەوەشدا هەر بەیناو بەینێک بەرپرسێکی ئێرانی لە ڕێگەى کەناڵەکانى ڕاگەیاندنەوە هەرەشەى داخستنى تەنگەی هورمزى دەکرد تاوەکو چیتر وڵاتانی جیهان یارمەتى سەربازى ئێڕاق نەدەن، بەڵام ئێران تا ئەو کاتەى جەنگەکەش کۆتایی هات نەیتوانى ئەم تەنگەیە دابخات چونکە جگە لەوەى بەم کارەی نەوتی لە زۆر وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکاو ژاپۆن دەبری و زیانی بە وڵاتانی کەنداو دەگەیاند لە بەرانبەر ئەوەشدا بۆ خودی ئێران خۆکوشتن بوو.
ئەمڕۆش ئێران دوای سەپاندنى سزا نێودەوڵەتییەکان و پەکخستنی ئابووری وڵاتەکە ڕۆژانە هەرەشەی داخستنى ئەم تەنگەیە دەکات.
ئەگەری داخستنى ئەو تەنگەیە با بۆ سیاسیەکان بەجێبهێڵین و گریمان ئەو تەنگەیە داخرا ئەوکاتە چ ڕەنگدانەوەیەک بەسەر ئێڕاقدا بە جێدەهێڵێت؟
ئێڕاق ڕۆژانە نزیکە 2.200ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەدەکات کە 1.400ملیۆن بەرمیلیان لە ڕێگەى کەنداوەوە ڕەوانەى دەرەوە دەکرێت، ئەوەى دەمێنێتەوە بە ڕێگەى بەندەری جەیهانى تورکیەوە یان بە ڕێگای تانکەر دەفرۆشرێت . کەواتە ئەگەر ڕێگەى کەنداو برا تەنیا ڕێگەى تورکیا دەمێنێتەوە. ئەم ڕێگایەش لە دوو لوولەى 40، 46 ئینجی پێکهاتووە لە ساڵی (1977)ەوە لە لایەن کۆمپانیای مانسمانی ئەڵمانیەوە درووستکراوە، لە ماوەى پڕۆسەى ئازادیدا لوولە 46 ئینجیەکە لەکار کەوت ئێستا لووە 40 ئینجیەکە ماوەتەوە کە چەندین جار ڕوبەروی کاری تیرۆریستى بوەتەوەو تەقێنراوەتەوە، یا ئەوەتا بەبێ دەستکاریکردن بەهۆی کۆن بونیەوە لە خۆیەوە لیک دەکات و نەوتێکی زۆری لێدەرژێت . هێلێکی تریش هەیە کە نەوتى ئێڕاق بەرەو سووریا دەگواستەوە لەوێشەوە بەرەو دەریای ناوەڕاست بۆ هەناردەکردن، ئەم هێڵە لە ساڵی 1935-1983 کاری کردووەو بە جۆرێک کۆن بووە کە لوولەکانى دارزاون، ناتوانرێ نەوتى لێوە هەناردە بکرێ.
$هەنگاوە ئەڵتەرناتیڤیەکان$
کەواتە ئەگەر داخستنى تەنگەى هورمز لە ماوەیەکی زەمەنى نزیکدا ڕوبدات ئێڕاق فریای هیچ ناکەوێت و بە هیچدا ناگات،بەڵام بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەو ئەگەرە ئێڕاق پێویستە ئەم هەنگاوانە هەڵبنێت:-
1- ڕێگای هەناردەکردنی نەوتى کەرکووک - جیهان نۆژەن بکرێتەوە و لوولو نەوتییەکان بگۆردرێ و نوێ بکرێنەوە. تواناى هەناردەکردنی ئەم هێڵە 1.7ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا لە باشترین حاڵەتیدا.
2- هێڵە کەرکووک - سووریا:- ئەم هێڵەش بە تەواوى لەکار کەوتووە و پێویستى بە سەرلە نوێ گۆرینی لوولە نەوتییەکانى هەیە کە دوو لوولەى 30. 32 ئینجین. توانای ئەم هێڵە یەک ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. هەرچەندە لە سەرەتای ئەمساڵدا 2012 وەزارەتى نەوتى ئێڕاق بریاری داوە کە بۆری نێوان بەسرە سووریا بە درێژایی 1400 کم بنیای بنێت بەڵام تاوەکو ئەم ساتە نەچوەتە بواری جێبە جێکردنەوە.
3- هێڵی ئێڕاق سعودیە: لە دوو لوولەى 48 و 46 ئینجی پێکهاتووە و نەوتى ئێڕاق دەگەیەنێتە سەر دەریای سوور. وزەى هەناردەکردنى ئەم هێڵە 1.6 ملیۆن بەرمیلە. ئەم هێڵە ئێستا لەکار کەوتووە و پێویستى بە نۆژەن کردنەوەیە.
4- هێڵی ئێڕاق ئوردن:- ئەم هێڵە لە چوارچێوەى بیرۆکەدەرنەچوە دەرەوەو بە هەڵپەسێوراوی مایەوە، لە توانایدا هەبوو یەک ملیۆن بەرمیل نەوتى پێدا هەناردە بکرێت.
5- نۆژەنکردنەوەى هێڵى ستراتیجى کەنەوتى باکوورو باشووری ئێڕاقی پێکەوە دەبەست، لە دوای پڕۆسەى ئازادییەوە لە کار کەوت.
ئەگەر هەموو ئەم هێڵانەى لە سەرەوە باسمان کردن نۆژەن بکرێنەوە ئەوا دەبنە ئەڵتەرناتیڤ بۆهەناردەکردن لەباشووری ئێڕاقەوە، ئەوسا داخستنی تەنگەی هورمزیش کاریگەرییەکى ئەوتۆی نابێت. [1]