ناونیشانی بابەت: سامانی نەوت لەسێگۆشەی سووننە نشین
ناوی نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
زۆرجار کە باس لە پێکهێنانی سێ هەرێمی فیدڕاڵ بۆ ئێڕاق دەکرێت باس لەوە دەکرێت کە هەردوو هەرێمی شیعەو کورد دەوڵەمەندن بە سەرچاوەی نەوت و گاز کەچی هەرێمی سووننە لە بیابانێکی وشک و برنگ بەولاوە هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە چونکە سەرەرای هەژاری ناوچەکە لە داهاتی نەوت بۆ کشتوکالیش ناشێت و هیچ کارگەیەکی پیشەسازی وە هاشی تێدانییە کە شایانی وتن بێت. ئەم تێروانینەی خەڵکی بۆ ئەو دەڤەرە تا ئەو کاتە بڕی دەکرد کە هێزەکانی داعش لە 9ی حوزەیرانی ئەمساڵ زۆربەی ناوچە سووننە نشینەکانی ئێڕاقیان کۆنترۆل کرد و خەلافەتی ئیسلامیان لەشاری موسل جاڕدا، لەو ساتەوە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باس لەو نەوتە زۆرو زەوەندە دەکەن کە ڕۆژانە هیزەکانی داعش دەیانفرۆشێت بە جۆرێک جگە لە مەترسییە سەربازییەکەی مەترسی ئابوورییشیان خستە پاڵ و کردیان بەهێزێکی دەوڵەمەند بە داهاتی نەوت لەوانە وڵاتە یەککگرتووەکانی ئەمریکا کە ئیدیعای ئەوەی دەکرد ڕۆژانە چەندین ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت دەچێتە گیرفانی داعشەوە.
لە چاو گێرانێکی خێرادا بە پارێزگا سوننە نشینەکاندا ئەو ڕاستیانەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە هەرێمی سوننەش لە ڕووی ئابووری نەوت و غازەوە دەوڵەمەندەو لە توانای دایە ئەو هەرێمە پێش بخات و بیهێنێتە سەر پێی خۆی.
$پارێزگای موسڵ$
لە سنووری ئەم پارێزگایەدا نزیکەی 50 ستراکچەری جیۆلۆجی تیا دۆزاوەتەوە کە ژمارەیەکیان بیری نەوتی تێدا هەڵکەنراوەو بوونی نەوتی تێدا سەلمێنراوە، چەند دانەیەکیش لەمانە گەشەیان پێدراوە و چوونەتە بواری بەرهەمهینانەوە کەئەمانەی لای خوارەوەن :
1- کێڵگەی گەیارە: ئەم کێڵگەیە ڕووبەرەکەی 15x3,5 کم2 دەبیًَت، دەکەوێتە ڕۆژاوای ڕووباری دیجلەوە بە دووری 15 کم لە باشووری شاری موسڵەوە. تا ئێستا 36 بیری تیا هەلکەنراوە یەدەکی سەلمێنراوی لە ملیارێک کەمترە. بە داڕشتنی بەرنامەیەکی پوخت و گونجاو و زانستی لە توانادا هەیە ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەنرێتە 120هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
2- کێڵگەی عەین زالە: 29 بیری تیادا هەڵکەنراوە بەرهەمی ئێستای 20 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا لە تواناشدا هەیە زیادبکرێت، یەدەگی نەوت تیایدا نزیکەی یەک ملیار بەرمیلە.
3- کێڵگەی سوفەیە: لە ساڵی 1926 یەکەم ڕوپێوی جیۆفیزیایی لەلایەن کۆمپانیای نەوتی ئێڕاقەوە بۆ ئەنجام دراوە. یەکەم بیریش لە ساڵی 1973 هەڵًکەنراوەو دڵنیابوون لە بونی نەوت تیایدا.
لە ساڵی 1977 کۆمپانیای (تەکنۆ ئیکسپۆرت) ی بولغاری ڕوپێوێکی تری ئەنجامدا 46 بیری تێدا هەڵکەنراوەو یەدەکی نەوت تیایدا نیو ملیار بەرمیلە. کێڵگەکە دەکەوێتە ڕۆژاوای ئێڕاقەوە لە دوری 100 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژاوای شاری موسڵەوە، هەروەها لە دوری 15 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی ڕەبیعەوە , درێژی کێڵگەکە 11 کیلۆمەتر پانیەکەشی 4,4 کیلۆمەتر دەبێت. هەرچەندە بەشێکی کەمی کێڵگەکە بەر سووریا کەوتوە بەڵام حکومەتی سووریا زۆر ئەکتیڤانەبەکاری دەهێنێت و دەیان بیری تێدا هەڵکەندوەو نەوتی لێدەردەهێنێت. ئێڕاقیش لە بەرنامەیدایە ئەم کێڵگەیە بە کۆمپانیایەکی بیانی بسپێرێت.
(هەردوو کێڵگەی عەین زالە و سوفەیە دەکەونە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان)
4- کێڵگەی ساسان: ئەم کێڵگەیە دەکەوێتە 63 کم ی باکووری ڕۆژاوای موسڵەوە تا ئێستا 2022 دوو بیری لێهەڵکەنراوە لە تواناشدا هەیە گەشەی پێبدرێت نەوتەکەشی لە جۆری سوکە.
چەند کێڵگەیەکی تریش وەک نەجمە و بەتمە و جاوان و قەسەب و عەلان و سەرجۆن و خانوقە و نەینەوا هەیە کە تەنها بونی نەوتیان تیا سەلمێنراوە بەڵام گەشەیان پێنەدراوە. بەم دۆخەی ئێستای کێڵگەکان دەوانرێت تا 30 هەزار بەرمیل لەو ناوچانە بەرهەم بهێنرێت بەڵام حکومەتی ئێڕاق لە بەرنامەیدا بوو لە ڕێگەی کۆمپانیا بیانیەکانەوە بەرهەمی چوار لەو کێڵگانە بگەیەنێتە 170 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بە کورتی یەدەکی سەلمێنراوی پارێزگای نەینەوا 3,5 ملیار بەرمیل نەوتە کەدەکاتە 3,2 ی یەدەکی هەموو ئێڕاق.
$پارێزگای سەڵاحەدین$
لەم پارێزگایەدا ژمارەیەک ستراکچەری جیۆلۆجی بەرچاو دەکرێت بەڵام ئەوانەی بەرهەمهێنن ئەمانەن:-
1- کێڵگەی حەمرین: کێڵگەیکی گەورەیەو درێژێکەی 105 کم دەبێت تا ئێستا 81 بیری تیا هەڵکەنراوە یەدەکی سەلمێنراوی 1.3 ملیار بەرمیلە، لە توانایدا هەیە 60-100هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەم بهێنێت لەگەڵ60 ملیۆن پێ سێجا لە غاز. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە گەرمەی ڕووداوەکانی 9ی حوزەیراندا کۆمپانیای نەوتی باکوور سەرقاڵی هەڵکەندنی 3 بیر بوو لەو کێڵگەیەدا بە تێکچوونی دۆخەکە کارمەندان ناوچەکەیان چۆڵکردوو 3 تاوەری گەورەی هەڵکەندنیان بە دوای خۆیاندا بە جێهێشت کە بە چەندین ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
2-کێڵگەی عەجیل: (لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ناوی گۆرا بوو بۆ سەدام) دەکەوێتە دامێنی زنجیرە چیای حەمرینەوە درێژییەکەی 20 کم دەبێت ژمارەی بیرەکانی 92 بیرە یەدەگی نەوتیش نزیکەی 1 ملیار بەرمیلە. یەکێک لە خاسیەتە گرنگەکانی ئەم کێڵگەیە توانای بەرهمهێنانییەتی بۆ برێکی زۆر غازی سرووشتی کە ئەمیش ڕۆڵێکی باڵای هەیە لە ئیشپێکردن و بە گڕ خستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەگەڵ دابینکردنی بڕی پێویستی ماڵان لە غازی شل. ماوەیەکی دوورە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەغازی ئەم کێڵگەیە کاردەکەن، دوای داگیرکردنی لەلایەن داعشەوە پشت بە غازی کێڵگەی جەمبور بەسترا
3- کێڵگەی بەلەد: دەکەوێتە باشووری شاری تکریتەوە 9 بیری تیا هەڵکەنراوە، ئەگەر گەشەی پێبدرێت بەرهەمی چاکی لێدەسدەکەوێت.
4- کێڵگەی ڕۆژهەڵاتی بەغدا :- کێڵگەیەکی گەورەیەو بەشێکی بەر پارێزگای سەلاحەدین دەکەوێت.
5- کێڵگەی پەڵکانە :- هێشتا پەڕەی پێنەدراوە.
$پارێزگای ئەنبار$
جیۆلۆجییەکان گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەیەی کە خۆراوای ئێڕاق بە تایبەت ئەو بەشەی لە سنووری وڵاتی ئوردونەوە نزیکە گومان دەکرێت چەندین کێڵگەی غازی لە خۆگرتبێت. ئەگەر ڕووپێوێکی چاکی ناوچەکە بکرێت ئەوا زیاتر ڕاستییەکان ڕووندەبنەوە، لەبەرئەوەی ڕۆژبەرۆژ پێویستی جیهان بۆ غاز زیاتر دەبێت هەربۆیە وەزارەتی نەوتی ئێڕاق لە بەرنامەیدایە کەبە دەستی شارەزایانی ئێڕاقی و بەتوانای نشتمانی هەڵبسێت بە ڕووپێوی 42000کیلۆمەتر دووجا لە خاکی خۆراوای ئێڕاق بە دوو قۆناغ، هەردوو قۆناغەکە نزیکەی 3ملیار دۆلاری تێدەچێت و لە توانادا دەبێت 20 ملیار مەتر سێجا غازی سرووشتی بدۆزرێتەوە.
ئەوەی تا ئێستا لەو ناوچەیە دۆزراوەتەوەو بەرهەمی هەبووە کێڵگەی (عەکاز)ە.
1- کێڵگەی عەککاس کە بە یەکێک لە کێڵگە غازییەکانی ئێڕاق دەژمێردرێت دەکەوێتە بیابانی ڕۆژاوای ئێڕاقەوە 30کم لە باشووری شارۆچکەی قائیمەوە.
2- کێڵگەی ڕیشە:- ئەم کێڵگەیە هاوبەشە لە نێوان ئێڕاق و ئوردن مەزەندە دەکرێت 200 بلیۆن پێ سێجا غازی تێدا بێت.
درێژی کێڵگەکە 30کیلۆمەترە پانییەکەشی 12کیلۆمەترە. لە ساڵی 1949-1950یەکەم ڕووپێوی ناوچەکە کراوە، لە ساڵی 1994یەکەم بیری تێدا هەڵکەنراوەو قوڵییەکەی گەیشتووەتە 4237مەتر، لە دوو ماوە (interval)دا تێبینی بوونی غاز کراوە لە قوڵی 2001-2003مەتر هەروەها لە قوڵی 2071-2091مەتر. دوابەدوای ئەمە 6بیری تریش هەڵکەنران کە لە هەموویان دا تەنها تێبینی بوونی غاز کراون.
یەدەکی غاز لەم کێڵگەیە بە 5.6تریلیۆن پێسێ جا دەخەمڵێنرێت.
لە ماوەی حوکمی ڕژێمی پێشوودا ئەم کێڵگەیە بە دەست لێنەدراوی مابۆوەو هیچ بەرهەمێکی نەبوو. ئاشکرایە لە دوای پڕۆسەی ئازادی وەزارەتی نەوتی ئێڕاق کێڵگە نەوتییەکانی خستە بەردەم زیادکردنی کۆمپانیا بیانییەکانەوە بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمی هایدرۆکاربۆنی لە ئێڕاقدا. لە خولی سێیەمی زیادکردنەکاندا کە لە ساڵی 2010 ئەنجامدرا 3کێڵگەی غازی گرتەوە کە یەکێکیان کێڵگەی عەککاس بوو، لەو زیادکردنەدا ئەم کێڵگەیە بۆ کۆمپانیای (کۆگاز)ی کۆری (دەرچوو، کاربەدەستانی پارێزگاکە هەوڵ و کۆششێکی چاکیان کرد تا داهاتی کێڵگەکە بەپلەی یەکەم لەخزمەتی پارێزگاکەدا بێت ,بەڵام لێپرسراوانی وەزارەتی نەوت وای بەباش ئەزانن لەداهاتی ئەو کێڵگەیە ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیجی لەو پارێزگایە بکرێتەوە لەوانەکارگەی پترۆکیمیاوی و ویستگە ی بەرهەم هێنانی کارەبا ئەوەی دەشمێنێتەوە لە غازەکە دەچێتە تۆری نیشتمانییەوەو هەناردەی دەرەوە دەکرێت هەر وەک حسێن شەهرستانی وەزیری پێشووی نەوت وتبووی بەرهەمی غازی کێڵگەی عەککاس تەنها هەناردەی ئەوروپا دەکرێت.
$دووەم شۆڕشی نەوتی$
لە پێش پڕۆسەی ئازادییدا وەزارەتی نەوتی ئێڕاقی بیابانی ڕۆژاوای ئێڕاقی دابەشی 12 بلۆک کردبوو 6 لەم بلۆکانە دەکەونە سنوری هەردوو پارێزگای موسڵ و ئەنبارەوە ڕووبەرەکەیشی زیاتر لە 46 هەزار کیلۆمەتر دووجایە. بە مەبەستی ڕوپێوکردن(مسح-survey)ی داوای لە ژمارەیەک کۆمپانیای ڕوسی و هندی و ئەندەنووسی کردبوو تا ئەرکی ڕوپێوکردنی تێدا ئەنجام بدەن بەڵام ڕوداوەکانی ساڵی 2003 کارەکەی پەکخست. لە دوای پڕۆسەی ئازادی ئێڕاق وەزارەتی نەوت لە ڕێگەی خولەکانی مۆڵەت پێدانەوە بابەتەکەی هێنایەوە مەیدان و لە خولی چوارەمی مۆڵت پێداندا زیندووی کردەوەو دەرگای واڵا کرد بۆ کۆمپانیا بیانیەکان تا بکەونە کێبرَکێوە بۆ بەدەست خستنی کارکردن لەو بلۆکانە. ئەگەر ئارامی بۆ ئێڕاق بگەرێتەوەو کۆمپانیا بیانیەکان دەست بەکار بن ئەوا لە دواییدا دەکرێ بۆری غازی لێوە ڕابکێشرێت ڕوەو ئەوروپا هەروەک بۆریە غازییەکانی ڕوسیا غازی لێوە هەناردە بکرێت کە ڕۆژ بە ڕۆژ داخوازی جیهانی لە سەری لە زیادبووندایە لەبەر ئەوەی هاورێی ژینگەیەو کەمتر پیسی دەکات.
سەبارەت بە نەوتیش ئاژانسی نەوتی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا لە ساڵی 2006 ئاماژە بە بوونی 100 ملیار بەرمیل نەوت لە بیابانی ڕۆژاوا دەکات.
ئەگەر دۆزینەوەی نەوت لە ساڵی 1927 لە کەرکووک بە یەکەم شۆڕشی نەوت هەژمار بکرێت ئەوا بە تەواو بوونی ئەو پرۆژانەی لە سەرەوە باسمان کردن دووەم شۆڕشی نەوتی لە ئێڕاق بەرپا دەبێت.
لە ڕووی دامەزراوەی نەوتیشەوە ناوچەی سووننە نشین خاوەن گەورەترین پاڵاوگەی نەوتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەویش پاڵاوگەی بێجییە کی لە بنەرەتدا لە 5 پاڵاوگە پێکدێت لە توانایدایە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت و هەموو بەرهەمە نەوتییەکان هەر لە بەنزینی فرۆکەوە تا قیری شەقامەکان و ڕۆنی ئۆتۆمبێل دروست بکات. جگە لەم پاڵاوگەیە چەند پاڵاوگەیەکی تری بچووکیش لە ناوچەی سووننە نشیندا هەیە وەک پاڵاوگگەی گەیارەو سینییە.
بە پێی سیستەمی وەزارەتی نەوتی ئێڕاقی هەر پارێزگایەک لە توانایدا هەبێت 100 هەزار بەرمیل نەوت بە سەرەوە بەرهەم بهێنێت مافی پێکهێنانی کۆمپانیای تایبەت بە خۆی دەبێت هەربۆیە پاش پەرەپێدان و گەشەسەندنی کێلًگە نەوتییەکانی سنووری شاری موسڵ دەتوانرێت کۆمپانیای نەوتی موسڵ دابمەزرێنێت
جگە لە سامانی نەوت و غاز ناوچەی سوننە نشین دەوڵەمەندە بە کانزای گۆگرد لە شارەدێی (میشراق) لە گەڵ کانزای فۆسفات لە ناوچەی (عەکاشات) لە ڕۆژاوای ئێڕاق.
لەم چەند دێرەی سەرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی هەر کاتێک بە پێی دەستووری ئێڕاقی مافی دامەزراندنی هەرێمێکی تایبەت بە سووننە بدرێت ئەوا دەبینین تەواوی بنەما ئابوورییەکانیان لە بەر دەست دایە هەر لە سەدان هەزار بەرمیل نەوت و بلیۆنان مەتر سێ جا غازی سرووشتی. هەر بەپێی یاسای پەڕڵەمانی ئێڕاقی پڕۆژەی پترۆدۆلاریش دەیانگرێتەوە کە بەرانبەر هەر بەرمیلێکی نەوتی هەناردەکراو دۆلارێکیان بەردەکەوێت کە ئەمە خۆی لە خۆیدا داهاتێکی چاکە بۆ ناوچەکە. [1]