ناو: ڕوسیتا
ناوی باوک: حەجی باچۆ
شوێنی لەدایکبوون: شارۆچکەی #شەنگال#
$ژیاننامە$
روسیتا حەجی باچۆ، دوایین کچی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعشە، ئەو چەند ڕۆژێکە لە کەمپی هۆل لە #حەسەکە#ی ڕۆژئاوای کوردستان ڕزگار کراوە. کاتێک داعش هێرشی کردە سەر زێدی ڕۆسیتا، ئەو تەمەنی تەنیا هەشت ساڵ بوو، ئێستا تەمەنی 16 ساڵە، مامی ڕۆسیتا دەڵێت، بەهۆی خراپیی دۆخی دەروونییەوە ناتوانێت قسە بکات.
ڕۆژی دووشەممە #20-06-2022# مەروان ئەلیاس باچۆ، مامی ڕۆسیتا حەجی باچۆ، ئەو کچەی گەیشتەوە کۆمەڵگەی تل قەسب لە شنگال، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت، کاتێک داعش هێرشیکردە سەر ناوچەکانی کوردانی ئێزدی لە شنگال و پارێزگای نەینەوا بەگشتی لە ساڵی 2014، تەمەنی ڕۆسیتا 8 ساڵ بوو، دوای نزیکەی هەشت ساڵ بەسەر ڕفاندنیدا، گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی.
سەبارەت بە ڕزگارکردنەکەشی گوتی مامی ڕۆسیتا ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی 2014 کە ڕۆسیتا ڕفێندرا، سەرەتا برایە تەلەعفەر و دواتر بۆ موسڵ و پاشان بۆ سووریا و لەوێ لە دەستی چەکدارانی داعش مایەوە، دواتر براوەتە کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکە لە سووریا، چەند ڕۆژێکە لە کەمپی هۆل ڕزگار کراوە، دواتر براوەتە ماڵی ئێزدی لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئەمڕۆ هاتووەتەوە بۆ زێدی خۆی، بەڵام لەڕووی تەندروستی و دەروونییەوە باش نییە، ناشتوانێت قسە بکات، ئێمە زۆر نیگەرانی ئەو بووین.
لەبارەی ماڵباتی برازاکەیەوە، مەروان ئەلیاس باچۆ گوتی، کە داعش هێرشیکرد، دایک و باوکی ڕۆسیتا تاقانەی خێزانەکەی بوو، ئێستا بێکەس ماوەتەوە.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی کاروباری ڕفێندراوانی کوردی ئێزدی لە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە 20-06-2022 بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت، ڕۆسیتا دوایین کچە لەوانەی ڕزگاریان بووە، ئەو ئێستا براوەتەوە بۆ لای کەسوکاری خۆی لەنزیک شەنگال، بارودۆخی زۆر باش نییە، پێویستی بە پشوو و پشتیوانییە تاوەکو بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆی.
لەبارەی دوایین ئامارەکانی بەردەستیان تایبەت بە ڕفێندراوان و ڕزگارکراوانی کوردی ئێزدیی دەستی داعش ئاشکرایکرد، لە کۆی زیاتر لە شەش هەزار ئێزدیی ڕفێندراو، ژمارەی ئەو کەسانەی ڕفێندراون و چارەنووسیان دیارنییە دوو هەزار و 718 کەس دەبن بە پیاو و ژن و منداڵەوە، جگە لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 553 کەس ڕزگارکراون، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون بە کەیسی ئەو کوردە ئێزدییانەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێندرابوون.
چەکدارانی داعش لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 هێرشیانکردە سەر موسڵ و کۆنترۆڵیان کرد، دواتر پەلاماری ناوچەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوایان دا و ڕۆژی 3ی ئابی 2014 پەلاماری شەنگال و دەوروبەریان دا و بە سەدان ئێزدییان لە کوشتارگەی جیاجیا شەهید کرد و هەزارانی دیکەشیان لێ ڕفاندن کە بەشێکیان لە گۆڕی بەکۆمەڵ ئێسک و پرووسکیان دەرهێندرایەوە و بەشێکیان هێشتا ماون.[1]