ناو: مەریوان
ناوی باوک: مەسعود
ناوى مەریوان مەسعود لە 05-10-1977 لە شاری #هەولێر# لەدایکبووە.
قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر خوێندووە، لە دوای دەرچوونی لە قۆناغی ناوەندی، لە ساڵی 1992 دەچێتە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر و وەکوو یەکەم دەستەی خوێندکارانی ئەو پەیمانگەیە لە بەشی هونەری شانۆ دەخوێنێت، دواتر لە قۆناغی چوارەمی پەیمانگە، بەهۆی بارودۆخی سیاسی ئەو کات لە دوای ساڵی 1996 دەچێتە شاری #سلێمانی# و لەوێ قۆناغی چوارەم و پێنجەمی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان تەواو دەکات و لە ساڵی 1999 دەبێتە هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمی شانۆ لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی.
ئەم نووسەر و ڕۆژنامەنووسە، لە 01-01-1997 لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ دادەمەزرێت و لە خۆشەویستی بۆ بواری ڕۆژنامەنووسیی، بواری هونەری شانۆ فەرامۆش دەکات، بۆیە لە سەرجەم بوارەکانی ڕۆژنامە کار دەکات وەکوو سەرپەرشتیاری چاپ، هەڵەچنی، پەیامنێری، هەواڵساز، لێپرسراوی لاپەڕە، لێپرسراوی بەش، ئەندامی دەستەی نووسەران، سکرتێری نووسین، و دوا پلەشی لە ساڵی 2022ەوە تا ئێستا جێگری سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ-یە و بەردەوامە لە کارکردن.
مەریوان مەسعود، لە ساڵی 2000-2001 بەشی ڕۆژنامەنووسی لە پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی تەواو دەکات، وەکوو یەکەم دەستەی دەرچووی ئەم پەیمانگەیە دەبێت، دواتر بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بەشی ڕاگەیاندن-ی زانکۆی سلێمانی-کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان بەدەستدێنێت ئەویش لە ساڵی 2006.
لەنێوان ساڵانی (2004-2005) لە ڕۆژنامەی ئاسۆ کە دەزگای خەندان بۆ پەخش و وەشاندن دەریدەکرد کاری کردووە و پلەکەی تا جێگری سەرنووسەر ڕۆیشت، دواتر گەڕاوەتەوە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ. لە ساڵی: (2007-2011) وەکوو سکرتێری ڕۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاری کردووە. ماوەی یەک ساڵیش لە سایتی ڕەسمی سەرۆکایەتی کۆماری ئێراق-بەشی کوردی کاری کردووە کە ڕەوانشاد #مام جەلال# سەرۆک کۆمار بووە.
خوشکەزای شەهید کاردۆ گەڵاڵییە کە یەکێکە لە سەرکردە و پارێزەر و نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووسە ناسراوەکانی کورد کە بەدەستی جەلادەکانی #بەعس# شەهید کراوە.
مەریوان مەسعود، سەرەڕای ئەوەی نزیکەی دوو هەزار بابەتی بڵاوکراوەی لە ڕۆژنامە و گۆڤار و وێبسایتە کوردییەکان هەیە، خاوەنی چەند پەرتووک و بەرهەمێکی چاپکراوە، وەکوو:
* پەرتووکی پڕۆفیشناڵی لە ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا، نووسینی مەریوان مەسعود لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیر و هوشیاری (ی. ن. ک.)، چاپی یەکەم، سلێمانی، 2006، 158 لاپەڕە.
*پەرتووکی (ڕووە و هونەرێکی کوردیی ڕەسەن و هاوچەرخ)، نووسینی: مەریوان مەسعود و د.ژینۆ عەبدوڵڵا، چاپی یەکەم، 2017.
* پەرتووکی حەسەن زیرەک، چریکەیەک بۆ شادی، نووسینی: کۆمەڵێک نووسەر، سەرپەرشتیار مەریوان مەسعود، سلێمانی، 2019.
*کۆماری ژیاندۆستی، پەرتووکی دیداری ڕۆژنامەنووسی، لە بڵاوکراوەکانی هاواری فیلم، 2021.
* مام جەلال لە خاکی کوردستانی نوێدا، نووسینی مام جەلال، ئامادەکردنی مەریوان مەسعود، سلێمانی ، 2023
*پەرتووکی من دەنووسم، ئێوەش بیخوێننەوە، کە ئەزموونێکی نوێی ڕۆژنامەنووسیە، سلێمانی، 2024.
ئەمە جگە لەوەی ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لە بواری ڕۆژنامەنووسیی بەڵگەنامەیی و مێژوویی کار دەکات و تا ئێستا زیاتر لە 200 بابەتی بە بەڵگە و نامە و وێنەی دەگمەن بڵاوکردووەتەوە و کە شارەزایانی بواری ڕۆژنامەنووسیی پێیان وایە ئەم شێوازی کارکردنە بنکۆڵکارییە و لە ڕۆژنامە کوردییەکان بە دەگمەن کاری لەسەر کراوە. چونکە پێویستی بە ڕۆژنامەنووس و نووسەری بە سەلیقە و خاوەن ئەزموون هەیە و مەریوان مەسعودیش زیاتر لە 28 ساڵ ئەزموونی هەیە لە بواری ڕۆژنامە و چاپەمەنی نووسراو.
نووسەر، ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە و هەروەها ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسانی جیهانییە. [1]