دەقی پەیامەکەی #نێچیرڤان بارزانی#:
زۆر بە توندی سەرکۆنەی هێرشی دڕندانەی شەوی ڕابردووی تيرۆریستانی #داعش# لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووخ لە سنووری #مەخموور# بۆ سەر خەڵکی سڤيل دەکەين کە لە ئەنجامدا سێ برا لە یەک خێزان شەهید و چەند هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوون، لەگەڵ شەهیدبوونی ژمارەيەک پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی ژمارەيەکی دیکەیان لە کاتی ئۆپەراسيۆنی ڕاونانی تيرۆرستاندا.
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەین و لە دڵەوە هاوسۆز و هاوخەمیانین. خوای مەزن گیانی شەهیدان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە خێزان و کەسوکاریان ببەخشێت. هيوای زووچاکبوونەوە بۆ برينداران دەخوازين.
هێرش و پەلاماری ڕۆژانەی تیرۆرستانی داعش، ئيتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەوێت، کە سنوورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆرستییەکانیان دابنێت.
بۆ ئەم مەبەستە پێداچوونەوە بە دۆخ و توانا سەربازييەکاندا و هەنگاوی خێرا و هەنووکەیی بۆ هەماهەنگیی کاراتری سوپای عیراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە کە بۆشاییی ئەمنی و سەربازی بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان پڕ بکاتەوە.
لە ڕووی سیاسیشەوە دەبێ هەموو هێز و لایەنە عێراقییەکان بزانن، کە تا پرۆسەی سیاسی ڕاستەڕێ نەبێت و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات جێگیر نەبێت، تیرۆرستان زیاتر دۆخەکە دەقۆزنەوە، بۆیە ئەرکی لە پێشینەی نیشتمانیی تەواوی عێراقییەکانە تا زووە ناکۆکیی سیاسی تێپەڕێنن و هەموومان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری کار بکەین.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
3\12\2021[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!