ژمارەیەک پارێزەری تایبەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و پسپۆڕی یاسا نێودەوڵەتییەکان، لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی بەرفراوانیان لەبارەی جینۆسایدکردنی #کورد#انی #ئێزدی# و پێکهاتەکانی دیکە، لە باشووری کوردستان و عێراق ئەنجامداوەو، ئەنجامەکەیان وەک لێکۆڵینەوەیەک لە گۆڤاری وەرزانەی بەنێوبانگی ئەمریکی (هیومان ڕایتس)دا بڵاوکردووەتەوە.
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن پەیام ئاخاڤان، پرۆفیسۆری یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی مکگێڵی کەنەدی و ئەندامی (دادگای هەمیشەیی یەکلاییکردنەوەی کەیسە ناکۆکەکان) لە لاهای، ساریتا ئەشرەق، پارێزەری تاوانە نێودەوڵەتییەکان و توێژەری باڵای یاسایی لە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی نێو سووریا لە ساڵانی 2012-2016، پڕۆفیسۆر بارزان بارزانی، دکتۆر و قوتابی پۆست دکتۆرا لە زانکۆی مکگیڵ، دەیڤید ماتیاس، قوتابی یاسا ئامادەکراوە.
ڕاپۆرتی لێکۆلینڤانەکان بەناوی (چ دادپەروەرییەک بۆ جینۆسایدی ئێزدیەکان؟ گوێ لە دەنگەکان بگرە) و تێیدا تیشک خراوەتە سەر چەند بابەتێکی هەستیاری تایبەت بە ژیانی دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی #داعش# بۆ کوردانی ئێزدی و دەستپێکردنەوەی ژیانێکی ئاسایی بۆیان و جێبەجێکردنی دادپەروەری.
لە حوزەیرانی 2014دا داعش ناوچەیەکی بەرفراوانی لە عێراق گرت و لە ئابی هەمان ساڵیشدا هێرشیکردە سەر #شنگال# و دەوروبەری. داعش ژمارەیەکی زۆر کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد، و شەش هەزار ژن و منداڵ و پیاوی ئێزدیشی ڕفاندن. لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام جەخت لەسەر چەند خاڵێک کراوەتەوە، لەوانە هەوڵدان بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی و دادگاییکردنی تۆمەتباران.
یەکێک لەو خاڵانەی نووسەرانی ڕاپۆرتەکە لەسەری وەستاون، ئەوەیە کە بیرۆکەی دادپەروەری بۆ ڕزگاربووانی جینۆسایدی دەستی داعش چ واتایەکی هەیە؟
نووسەرانی ڕاپۆرتەکە لە ڕێگەی توێژینەوە مەیدانییەکان و پرسیارکردن لە کوردانی ڕزگاربووی دەستی داعش، و پێکهاتەکانی دیکە لەکامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان هەوڵیانداوە ئەو وەڵامەیان دەستبکەوێت کە ئایا ڕزگاربووەکان داوای قەرەبووکردنەوە دەکەن یان دەستپێکردنەوەی ژیانێکی ئاسایی بەلایانەوە گرنگە؟ ئەوان هەوڵیانداوە بزانن ڕزگاربووان لەگەڵ دادپەروەرییەکی جیهانیدان یان داپەروەرییەکی ناوخۆییان مەبەستە؟ ئایا چیرۆکی ئەوان چیرۆکی تاوانبار و قوربانییە یان لەوە زیاترە و چیرۆکێکی ئاڵۆزە و وردبوونەوەی زیاتری پێویستە.
نووسەرانی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکەن، لە چاوپێکەوتنە مەیدانییەکانیاندا قسەیان لەگەڵ زیاتر لە هەزار ئاوارە کردووە، کە زۆربەیان کچ و ژنی کوردی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعشن و ئێستا لە کامپەکانی هەرێمی کوردستاندان.
پەیام ئاخاڤان، ساریتا ئەشرەق، بارزان بارزانی و دەیڤید ماتیاس دەڵێن، لە ئەنجامی توێژینەوەکە بۆیان ڕوونبووەوە کە ڕزگاربووانی دەستی داعش دەیانەوێت کێشە هەنووکەییەکانیان چارەسەربکرێن، نیگەرانییەکانیان بڕەوێندرێنەوە و داهاتوویەکی باشتریان بۆ دابین بکرێت.
بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، ڕزگاربووانی دەستی داعش بەلایانەوە گرنگە قەرەبوو بکرێنەوە، نەک ئەنجامدانی دادپەروەری بۆ ئەوان تەنیا لەسەر سزادانی تاوانباران بێت. هەروەها ڕزگاربووانی دەستی داعش هەندێک شتی دیکەیان بەلاوە جێگەی بایەخە، لەوانە دابینکردنی پشتیوانی دارایی بۆ ئەوان، دەرخستنی ڕاستییەکان، ئاشتبوونەوەی نێو کۆمەڵگەکان و چارەسەرکردنی برینەکانیان.
نووسەرانی ڕاپۆرتەکە دەڵێن، توێژینەوەکە گۆشەنیگایەکە بۆ وردبوونەوە لە چەمکی دادپەروەری لای ژنانی کوردی ئێزدی، بەتایبەتی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی تووندوتیژی جەستەیی و سێکسی بوونەتەوە و دەڵێن، پێویستە شارەزایان و پاڵپشتیکارانی کەیسەکە هەوڵی جدی بدەن بۆئەوەی گوێ لە ناخی ئەو کەسانە بگیرێت، پێش ئەوەی دادپەروەری بەو سنووردارییە پێناسە بکەن کە پەنابردنە بەر دادگایەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان. جەختکردنەوەی بەردەوام لەسەر دادگاییکردن لە دادگای دادی نێودەوڵەتی کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەرییەک کە دەستپێکردنەوەی ئاساییانەی ژیان بەشێکی سەرەکی ئەو دادپەروەریەیە.
پەیام ئاخاڤان: پرۆفیسۆری یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی مکگیڵ، ئەندامی دادگای هەمیشەیی کەیسە جێناکۆکەکان، ڕاوێژکاری یاسایی پێشووی نووسینگەی داواکاری گشتییە بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ کەیسی یوگسلاڤیا (1994-2000). وەک ڕاوێژکاری لیژنەی داننان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق کاریکردووە.
ساریتا ئەشرەق: پارێزەرێکی تاوانی نێودەوڵەتییە کە پسپۆڕییەکی تایبەتی لە جێندەر و جینۆساید هەیە. وەک لێکۆلینڤانی باڵای یاسایی لە کۆمیسیۆنی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی سووریا لەنێوان ساڵانی2012-2016 کاریکردووە و ڕەشنووسی ڕاپۆرتی ساڵی 2016ی داڕشت، کە جەختی لەوە دەکرد کە داعش تاوانی جینۆسایدی بەرامبەر ئێزدیەکان ئەنجامداوە.
ساریتا: لەساڵی 2019دا لێکۆڵینڤانی باڵای یونیتاد بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق. ئەو بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ ئێزدی و کۆمەڵگەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان کە داوای دادپەروەری بۆ قوربانیانی تاوانەکانی داعش دەکەن.
پڕۆفیسۆر د. بارزان بارزانی: لە کۆلێژی یاسای زانکۆی مکگێل سەرقاڵی پۆست دکتۆرایە و ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتنە مەیدانییەکان لەگەڵ ڕزگاربووانی ئێزدی لە عێراق و ئەوەش زۆر بە وردی لەم گوتارە و شیکارییەدا دەبینرێت.
دەیڤید ماتیاس مفیل: پێشتر لە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان کاریکردووە و ئێستا قوتابی یاسایە و ئەم نووسینە لە ماوەی خوێندنیدا لە کۆلێژی یاسای زانکۆی مکهیڵ نووسراوە.
هەروەک لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێدراوە، هەموو ئەو تێروانینانەی لەو ڕاپۆرتەدا دەربڕدراون تەنیا گوزارشت لە بۆچوونی نووسەرەکانی ڕاپۆرتەکە دەکەن.[1]