=KTML_Bold=(خوشکانی شەڕ- Sisters in Arms)=KTML_End= ناوی یەکەمین فیلمی سینەمایی خاتوو کارۆلین فورێست، ڕۆژنامەنووسی ناوداری فەرەنسییە. ئەم فیلمە کە وا بڕیارە لە فێستیڤاڵی چوارەمی فیلم لە #سلێمانی# لە یەکی ئۆکتۆبەری داهاتوو ببێتە فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە، چیرۆکی دوو کچی فەرەنسی (کاهینە بە ڕەگەز موسوڵمانێکی جەزائیری) و (ساشکا جوویەکی بە ڕەگەز ئیسرائیلی) دەگێڕێتەوە کە خۆویستانە دەچنە کوردستان و دەبنە ئەندامی یەکەیەکی سەربازی نێودەوڵەتیی تایبەت بە ژنان. بە فەرماندەیی ژنێکی کورد و شانبەشانی #شەڕڤان# و پێشمەرگە و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان شەڕی #داعش# دەکەن. هێڵی دووەمی چیرۆکی فیلمەکە باس لە کچێکی ئێزیدی دەکات بە ناوی (زارا) کە پاش ڕزگاربوونی لە دەستی داعش، دەبێتە ئەندامی ئەم یەکەیە بۆ تۆڵەکردنەوەی کوژرانی باوکی و ڕزگارکردنی برا بچووکەکەی.
ئەم یەکە سەربازییە پێکهاتووە لە حەوت ژنی جەنگاوەر کە هەرکامیان هەڵگری چیرۆکی نەتەوەیەکە، ئەمان لەناو شاخەکانی کوردستاندا یەکدەگرن و سۆزی خوشکایەتی دەدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم.
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2019/372289/0001.JPG=KTML_ImageCaption_Title=خوشکانی شەڕ=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=خوشکانی شەڕ=KTML_ImageCaption_End=
=KTML_Bold=فیمینیزم و ژورنالیزم لە فیلمی خوشکانی شەڕدا=KTML_End=
ساڵی 2017 بە کارۆلین ئاشنا بووم، لە کۆبوونەوەیەکدا پاش گەڕانەوەی چاودێرە فەرەنسییەکان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، هەر لە یەکەم دانیشتندا هەستم بە هێزێکی تایبەت لە شینایی نیگاکانیدا کرد. کە قسەی بۆ دەکەیت، بەقووڵی لێت دەڕوانێت و بۆ هەموو قسەیەکی بەڵگە و ئارگۆمێنتی هەیە. ڕوانینی فیمینیستانەی هاوبەشمان هەیە لە تێگەیشتنی بابەتەکان و لە ڕوانگەیەکی مرۆڤدۆستانەوە سەیری ئاڵۆزییەکانی سەردەم دەکات. ئەمانەش بوونە هۆی دروستبوونی هاوڕێیەتییەک کە بنچینەیەکی پتەوی هەیە بۆ ڕێزلێنان لە ژن و تواناکانی.
=KTML_Bold=کارۆلین، پاش بیست ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی و دەرهێنانی 21 فیلمی بەڵگەنامەیی، ڕوو لە سینەما دەکات.=KTML_End= یەکەم فیلمی خۆی بە ناوی خوشکانی شەڕ دەخولقێنێ. فیلمێک کە باسی شەڕ و کارەساتە مرۆییەکانی سەردەم دەکات، سەمبوڵە دروستکراوەکان تێکدەشکێنێ و باس لە ئیرادەیەکی پۆڵایینی ژنانە دەکات. مێژوو وەبیردەهێنێتەوە و بوێرانە دەیبەستێتەوە بە دەرهاوێشتەکانی شەڕی جیهانی، هۆڵۆکۆست، شەڕە ئایینییەکان، تێرۆریزم و قەیرانە سیاسییەکانی جیهانەوە.
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2019/372289/0002.JPG=KTML_ImageCaption_Title=هێزی نوسینی کارۆلین=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=هێزی نوسینی کارۆلین=KTML_ImageCaption_End=
=KTML_Bold=هێزی نووسین و ڕۆحی ڕۆژنامەڤانیی کارۆلین=KTML_End=، دەبێتە هۆی خوڵقاندنی دیالۆگێکی بەهێزی ڕەخنەگرانە و زیرەکانە و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پێکەوە دەبەستێتەوە، زۆر بوێرانە باس لە هێز و یەکگرتنی ژنان دەکات. ڕوانینە فیمینیستانەکەی ئەم دەرهێنەرە وای لێدەکات چیرۆکە ڕاستەقینەکانی وڵاتە جیاوازەکان پێکەوە ببەستێتەوە. ژنی قوربانیی توندوتیژیی شەڕ و جینۆساید دەکاتە نوێنەری سەرجەم ئەو ژنانەی کە لەناو شەڕە ئایینییەکان لە جیهاندا وەک چەک بەکاردەهێنرێن. بە تێکشکاندنی سنوورەکان، ڕوانینێکی تر بۆ بینەری جیهانی دەستەبەر دەکات. سەرجەم ئەمانە و زۆر پەیامی دیکە بە فیلتەرێکی گەرم و بە ڕەنگی هەتاو و تۆزی شەڕ لە 9ی ئۆکتۆبەری 2019 دەچنە سەر پەردەی سینەماکان لە فەرەنسا.
کارۆلین لە ساڵی 2000ەوە وەکو ڕۆژنامەنووسێکی ڕەخنەگر دژ بە ئەنتێگریسمی ئایینی و سیاسی کار دەکات. باس لە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئەنتێگریسمی هەر سێ ئایینی مەسیحی، جوو و ئیسلام لەسەر مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ژنان بە تایبەتی دەکات. باس لە ئامرازگەرایی ئایینی دەکات کە چۆن ئایین وەک وەسیلەیەک بەکاردەهێنرێت بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
=KTML_Bold=کارۆلین خۆی دەڵێت=KTML_End=: پاش هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر بنکەی بڵاوکراوەی شارلی ئێبدۆ لە ساڵی 2015 کە خۆم یەکێک بووم لە نووسەرەکانی، هەستمکرد چیدی نووسین بەشم ناکات. کاتێک بۆ یەکەمجار چیرۆکی ژنە فرۆشراوە ئێزیدییەکانم خوێندەوە، تێگەیشتم کە چیدی قەڵەم بەشم ناکات، کاتێک وێنەی ئەو ژنە جەنگاوەرانەم بینی کە نەترسانە و سەرکردانە شەڕی تێرۆریزم و داعش دەکەن، تێگەیشتم کە چیتر قەڵەم بەشم ناکات. پێویستم بە ئامرازێکی دیکە هەبوو بۆ ئەوەی باس لە ڕاستییەک بکەم کە نزیکەی بیست ساڵە شەڕی بۆ دەکەم.
توانا ڕۆژنامەڤانییەکەی کارۆلین لەسەر سیناریۆ و داڕشتنەوەی دەق و دیالۆگەکان ڕەنگی داوەتەوە. وەک لێکۆڵەرێک چووەتە نێو قووڵایی بابەتەکان و زۆر کورت و سادە زانیارییەکانت پێدەبەخشێ. کەسێکی بێگانە بە ئایینی ئێزیدییەکان ئاشنا دەکات. بە ئاڵۆزییەکانی چەمکی (کوردبوون)دا دەچێتەوە و چەمکی ئایینی و کولتووری و ناسیۆنالیستی لەیەک جیا دەکاتەوە و لە یەک شوێندا بە تەنیشتی یەکەوە دایاندەنێت.
زۆر ڕاشکاوانە باس لە کوردستان و سیاسەتەکانی ناوچەکە دەکات. سیمبولەکانی کورد دەزانێت و ڕێز لە شەهیدەکانی دەگرێت. وەک خۆی دەڵێت: ویستم ڕێزێک لە کورد و کوردستان و هێزی بەرگریکردنی بگرم. کارۆلین ڕووداوەکان پێکەوە دەبەستێتەوە، مێژوو دەهێنێت و هەڵیدەکێشێت بە سیاسەت، دواتر بە ماچێکی ژنە شەڕڤان و پێشمەرگەیەک، لەگەڵ مرۆڤایەتیدا ئاهەنگ دەگێڕێت.
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:left;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2019/372289/0003.JPG=KTML_ImageCaption_Title=خوشکانی شەر باسە نەتەوەییەکان پێکەوە دەبەستنەوە=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=خوشکانی شەر باسە نەتەوەییەکان پێکەوە دەبەستنەوە=KTML_ImageCaption_End=
=KTML_Bold=خوشکانی شەڕ، باسە جیهانییەکان پێکەوە دەبەستێتەوە.=KTML_End= لە ڕێگەی گفتوگۆی نێوان ئەم ژنانە، لەگەڵ خۆمان ئاشتمان دەکاتەوە و وێنەیەکی تری هێرۆیزم لە ڕوانگەی سینەماوە پێشکەش دەکات. وێنەی هێرۆیزمێکی فیمینیستانە دەهێنێت و بە فیلتەرێکی سینەمایی گەرم و موزیکێکی نەرمی شۆڕشگێڕانەدا تێیدەپەڕێنێ و دەڵێت: شۆڕشی ئێمە سنوور ناناسێت. بە زمانێکی فەلسەفیانە سەختترین و ڕەشترین ڕووداوەکانی ناو شەڕ بە گوێدا دەچپێنێ و لە کۆتاییدا چاوی بینەر بانگهێشتی نیگا قووڵەکانی (زارا) دەکات، نیگای ژنێک کە هەم قوربانییە و هەم پاڵەوان و لە کۆتاییدا بینەر لەناو نیگای کۆتایی (زارا) دا بەجێدەهێڵێت.[1]
پاریس، 18-09-2019
نووسینی: شەیدا حیسامی، پسپۆڕی میدیا و جێندەر، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی فەرەنسی بۆ یارمەتی مرۆیی و ژورنالیزم.