لەلایەن ژینگە پارێزانی باڵەکایەتییەوە، هەڵمەتێک بۆ پاککردنەوەی ڕووباری سەرەکی باڵەکایەتی ئەنجامدرا و ڕووبارەکەیان لەو پاشماوانە پاککردەوە کە لەلایەن هاوڵاتیان و گەشتیارانەوە فڕێ درابوونە ناو ڕووبارەکە، داواشیانکرد گەشتیاران ژینگەی ناوچەکەیان بپارێزن.
لە بەردەوامی ئەو چالاکییە ژینگەییانەی گەنجانی باڵەکایەتی لە شوێنە جیاجیاکانی ناوچەکە دەستیان پێکردووە، ئەمڕۆ لەلایەن ژینگەپارێزانەوە هەڵمەتێک بۆ پاککردنەوەی ڕووباری سەرەکی باڵەکایەتیی ئەنجامدرا.
لە هەڵمەتەکەدا سەدان بتڵ و شوشە و پاشماوەی خواردن و پیسی لەنێو ڕووبارەکەدا دەرهێندران.
ژینگە پارێزان نیگەرانن لە پیسکردنی ژینگەی ناوچەکەیان و ناشیرینکردنی سیمای ڕووبار و ناوچە گەشتیارییەکانی سنوری باڵەکایەتی.
ڕامیار ئەحمەد، یەکێک لە چالاکوانانی ژینگەیی لە باڵەکایەتی بۆ ڕۆژنیوز وتی: ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ کۆمەڵێک لە ژینگە پارێزانی ناوچەکەمان هەڵمەتێکی پاککردنەوەمان دەستپێکردووە، ئەمرۆش هەستاین بە پاککردنەوەی ڕووباری سەرەکی باڵەکایەتی کە بڕێکی زۆر لە زبڵ و پاشماوە پلاستیکییەکان خرابوونە ڕوبارەکە و سیمای ڕووبارەکەیان شێواندبوو.
ڕامیار وتیشی: بەشێکی زۆری ئەو گەشتیارانەی کە ڕوو لە ناوچەکەمان دەکەن و وە بەشێکیش لە خەڵکی ناوچەکە ڕەچاوی پاراستنی ژینگەو تەندروستی خەڵک ناکەن و پاشماوەی خۆیان و برێکی زۆر پلاستیک دەخەنە نێو ڕووبارەکەو پیسی دەکەن.
ئەو ژینگە پارێزە لەکۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەوان خۆبەشخانە کار دەکەن و هەرجارە و شوێنیک پاک دەکەنەوە، بۆیە داوایکرد گەشتیاران و خەڵکی ناوچەکە ڕێز لە ژینگە و ماندوبوونی ئەوان بگرن و ژینگە پیس نەکەن.