دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەرده و گەشەپێدان ئاشکرایدەکات، لەماوەی ڕابردوودا وازهێنانی خوێندکاران لە خوێندن بەشێوەیەکی مەترسیدار زیادیکردووه و ئەگەر گوزەرانی هاوڵاتیان باشتر نەکرێت، ئەوا مەترسییەکان زیاتر دەبێت، وەزارەتی پەروەردەش ڕونکردنەوە لەسەر ئامارەکە دەدات.
بەپێی ئامارێکی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەرده و گەشەپێدان، لە ساڵی 2010 تاوەکو ساڵی 2013، ساڵانە 10 هەزار تاوەکو 12 هەزار خوێندکار لە هەرێمی کوردستان وازیان لە خوێندن هێناوە، هەروەها لە ساڵی 2013 و 2014، ڕێژەکە بۆ 21 هەزار خوێندکار بەرزبۆتەوه و لە ساڵی 2015 و 2016 ڕێژەی وازهێنانی خوێندکاران بۆ 30 هەزار خوێندکار بەرزبۆتەوە.
هەر بەپێی ڕاپۆتەکە، ڕێژەی وازهێنانی خوێندکاران لە هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان بۆ سێ هێندەی ساڵانی ڕابردوو زیادیکردووە.
لەبارەی وازهێنانی خوێندکاران لەمساڵدا، دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەرده و گەشەپێدان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ساڵانە ڕێژەی وازهێنانی خوێندکاران لە کوردستان بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو زیاد دەبێت، ئەمەش مەترسی هەیه و ناکرێت حکومەت و وەزارەتی پەروەدە ڕێگری نەکەن لە وازهێنانی خوێندکاران.
وتیشی بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2017-2018، کارەکانمان کۆتایی نەهاتووە بەڵام چاوەڕوان دەکرێت هەمان ژمارە دووبارە ببێتەوە، بەڵکو زیاتریش بێت.
لەبارەی هۆکارەکانی وازهێنانی خوێندکاران، سەرۆکی ئینستتیوتی پەی باس لەوەدەکات، هۆکاری سەرەکی وازهێنانی قوتابیانی هەرێم لە پرۆسەی خوێندن دەگەڕێتەوە بۆ خراپی گوزەرانی خەڵک کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە قەیرانی دارایی بەسەر هاوڵاتیاندا هاتووە، هەروەها کەمی توانای هاوڵاتیان لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن بۆ منداڵەکانیان بە درێژایی ساڵ.
لێژنەی پەروەرده و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان، پێیوایە ئاماری وازهێنانی خوێندکاران لە ناوەندەکانی خوێندن مەترسیداره و دەبێت حکومەتی هەرێم کار بۆ باشکردنی ژیانی هاوڵاتیان بکات.
ئایدن مەعروف، ئەندامی لێژنەی پەورەرده و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی وت ئاماری وازهێنانی خوێندن به و ڕێژەیە، زۆر مەترسیداره و دەبێت حکومەتی هەرێم بەزوویی کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی کەمبکاتەوە بۆئەوەی ئه و ڕێژەیە زیاد نەکات.
ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد کە جگە لە وازهێنانی خوێندکاران لە شارۆچکه و گوندەکان، لە سەنتەری شارەکانیش ئه و دیاردەیە بوونی هەیە، دەشڵێت لەسەنتەری هەولێر زۆر خێزانی تورکمان و مەسیحی بەهۆی دووری خوێندنگاکان، منداڵەکانیان نانێرن بۆ خوێندن.
لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار خوێندکار لە قۆناغی باخچەی ساوایان تاوەکو 12ی ئامادەیی لە پڕۆسەی خوێندندان.
لەبارەی ڕێژەی وازهێنانی خوێندکاران لە ناوەندەکانی خوێندن، دکتۆر یوسف بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی پەروەردە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ئه و ئامارەی لەبارەی وازهێنانی خوێندکاران بڵاوکراوەتەوە ڕاست نییە، بەڵکو ئەوەی لە وەزارەتی پەروەردە تۆمارکراوە، بریتییە لە ڕێژەی 8،1%ی خوێندکاران وازیان لە خوێندن هێناوە، ئەمەش زۆر نییە بە بەراورد بە ژمارەی ئه و خوێندکارانەی لە پڕۆسەی خوێندندان.
جگە لە قەیرانی دارایی و خراپی بژێوی ژیان، پسپۆڕانی پەروەردە چەند هۆکارێکی تریش دەخەنەڕوو کە وادەکات خوێندکاران واز لە خوێندن بێنن.
شێرزاد قاسم، پسپۆڕی پەورەردەیی بە دواڕۆژی وت ڕاستە قەیرانی دارایی کاریگەری خراپی لەسەر هاوڵاتیان دروستکردووه و وایکردووە خێزانەکان نەتوانن خەرجی منداڵەکانیان دابین بکەن، بەڵام جگە له و هۆکارە چەندین هۆکاری تریش هەن و پێویستە حکومەت چارەسەریان بکات.
وتیشی دانەمەزراندنی خوێندکاران دوای تەواوکردنی خوێندن، یاخود دەستنەکەوتنی کار لە کەرتی تایبەت بۆ ئەوانەی خوێندن تەواودەکەن، هەروەها تیکەڵبوونی منداڵ بە کەسانێکی خراپ لە تەمەنی هەرزەکاری وایکردووە ڕێژەی وازهێنانی خوێندکاران زیاتربێت.
دەشڵێت نەبوونی مامۆستای پسپۆڕی پەروەردەیی لە خوێندنگاکان، وایکردووه و نەتوانرێت ڕێگری له و خوێندکارانە بکرێت کاتێک لە خوێندن بێزاردەبێت، بەمەش دوای بێزاربوونیان واز لە خوێندن دێنن، بەڵام لەهەموو کاتێکدا حکومەت بەرپرسیارە له و دیاردەیه و دەبێت ڕێگری بکات، هەروەها ساڵانەش چاو بە مەنهەجی خوێندن بخشێنێتەوه و هۆشیاری بەردەوام بڵاوبکاتەوە.[1]
#06-04-2018#