لە 15 ساڵی ڕابردوودا تاکە کەرتی عێراق کە گەشەسەندنی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە کەرتی وزە بووە، هەر ئەو کەرتەش دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە مەیدانی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پەیمانگەی واشنتن، لە چەند ساڵی داهاتوودا پیشەسازیی نەوت و غازی عێراق دوو سیناریۆی لەبەردەمە کە یەکێکیان کەرتی نەوتی عێراق ڕادەستی ئێران دەکات و ئەوەی دیکەیان عێراق دەکات بە ڕێگەیەکی سەرەکی لە نێوان وڵاتانی کەنداو، تورکیا و ئەوروپا، بەرژەوەندیی ستراتیژی ئەمریکاش لە وەدیهاتنی سیناریۆی دووەمدایە.
$گەشەی خێرای کەرتی وزەی عێراق$
مانگی ڕابردوو لە کۆنفرانسی نەوتی عێراق لە بەرلین ئاماژە بۆ ئەوە کرا کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە 2017دا گەیشتووەتە پێنج ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. جیا لەمەش عێراق پلانی ئەوەی هەیە دەست بە پڕۆژەی دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت لە دەریاش بکات و یەکەمجار ئاستی بەرهەمهێنان بۆ حەوت ملیۆن و دواتریش بۆ نۆ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبکاتەوە.
عێراق یەدەکێکی گەورەی غازی سروشتیشی هەیە کە 16 ملیار مەتر سێجای بەفیڕۆ دەچێت. بەڵام پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2021 بە تەواوەتی ڕێگە لەو بەفیڕۆچوونە بگرێت و وەکو سەرچاوەیەکی پاکتر، هەرزانتر و بەسوودتر بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا کەڵکی لێوەربگرێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی پەیمانگای واشنتن، ئەگەر عێراق ئەو پڕۆژە غازییەی خۆی سەربخات، دەتوانێت ببێتە ڕێڕەوی گواستنەوەی غاز لە نێوان تورکیا، ئێران، سووریا، ئوردن و سعودیە.
$کوردستان و نەوتی کەرکووک$
جەیمز جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق و تورکیا و مایکڵ نایتس، شارەزای کاروباری عێراق کە ئەو ڕاپۆرتەیان ئامادە کردووە، پێیانوایە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان گەورەترین بەربەستن لەبەردەم ئەو پلانانە، لەبەرئەوەی کێڵگەکانی ئەو ناوچەیە دەکەونە زۆنێک کە بە کێشە لەسەر ناسراوە، بەڵام ئەم کێشەیە دەتوانێت ئێران و تورکیا بهێنێتە سەر خەت و ئەمریکاش هەندێکجار وەکوو نێوەندگیر بەشداری کێشەکەیە.
کێشەی سەرچاوەکانی وزە لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ کاتی پەسەندکردنی دەستووری عێراق لە 2005 دەگەڕێتەوە. بەپێی دەستوور، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاوی لە دۆزینەوە و پەرەپێدانی کێڵگەی نوێی نەوت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەبێت، بەڵام هەر بەپێی دەستووری عێراق، مافی بازاڕدۆزی بۆ نەوتی هەموو ناوچەکانی عێراق بۆ کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی کە بە (سۆمۆ) ناسراوە، دەگەڕێتەوە. ناکۆکیی نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان داناوە.
لە ماوەی سێ ساڵی هەڕەشەکانی داعشدا، کەرکووک و کێڵگەکانی لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوون، بەڵام لەگەڵ تێکشکانی داعش، هێزە عێراقییەکان گشتپرسییەکەی 25ی ئەیلول و بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییان وەکوو هەلێک بۆ هێرشکردنە سەر کەرکووک بەکارهێنا. ئێستاش کێشەی سەرەکیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا ئەوەیە نەوتی کەرکووک چۆن هەناردە بکرێت و کێ بازاڕ بۆ نەوتی کەرکووک لە بەندەری جەیهان بدۆزێتەوە.
$کەرکووک و هاوبەشەکانی عێراق لە بواری وزەدا$
بەگوێرەی ڕاپۆرتی پەیمانگا ئەمریکییەکە، سێ وڵات بەرژەوەندیی گەورەیان بەستراوەتەوە بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە سەبارەت بە نەوتی کەرکووک، ئەوانیش بریتین لە ڕووسیا، تورکیا و ئێران.
رووسیا: کۆمپانیای ڕوسنێفت سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا کردووە. بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ڕووسییەکە، خاوەندارێتی بەشێک لەو بۆڕییە نەوتەی لە کەرکووکەوە بەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دەڕوات، بۆ کۆمپانیا ڕووسییەکە دەبێت. ئەو بۆڕییە نەوتی کەرکووک بە بەندەری جەیهان لە تورکیا دەبەستێتەوە.
تورکیا: لە گەرمەی ڕووداوەکانی دوای گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستاندا حکومەتی تورکیا ئامادە نەبوو ناردنی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان ڕابگرێت. تورکیا ئامادە نییە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی عێراق بکاتەوە، چونکە پێیوایە عێراق دەبێ یەکەمجار قەرزە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تورکیا بداتەوە، هەروەها داواش دەکات بەغدا ئەو سکاڵایە بکێشێتەوە کە بەهۆی بۆڕیی نەوتی نێوان کوردستان و تورکیا تۆماری کردووە.
راپۆرتەکەی پەیمانگای واشنتن ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەرژەندیی بازرگانیی تورکیا لەوەدایە دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمی لە باکووری عێراق هەبێت، وەکو چۆن چاوی لەسەر هەناردەی غازی سروشتیی هەرێمی کوردستانیشە کە بڕیارە لەگەڵ تەواوبوونیدا بە تورکیادا بڕوات.
بەڵام وەکو لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بۆ دەکرێت، تورکیا بەرژەوەندییەکی گەورەشی لە عێراقدا هەیە، چونکە عێراقێکی سەقامگیر دەتوانێت بازاڕێکی گەورە بێت بۆ کاڵا تورکییەکان، جیا لەمەش لە کۆنفرانسی مانگی ڕابردووی ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا کە لە کوێت بەڕێوەچوو، تورکیا بەڵێنی دا پێنج ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق تەرخان بکات.
ئێران: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر ئێستاش کارەبا و غازی سروشتی بە نرخێکی بەرزتر لە بازاڕەکان بە عێراق دەفرۆشێت. تاران هەروەها چاوی لەسەر ئەوەشە نەوتی کەرکووک بە بۆڕییەکی نەوتی بۆ ئێران بگوازێتەوە، ئێستا حکومەتی عێراق هەوڵدەدات بە تانکەر بەشێک لە نەوتی کەرکووک بۆ ئێران بگوازێتەوە، بەڵام سەرهەڵدانەوەی پاشماوەکانی داعش کێشەی بۆ ئەم هەوڵە دروستکردووە.
پەیمانگای واشنتن جەخت لەوە دەکاتەوە کە بڕیاری حکومەتی عێراق لەبارەی نەوتی کەرکووک بایەخێکی جیۆستراتیژی زۆریشی هەیە، لەبەر ئەوەی ئەگەر حکومەتی زۆرینە شیعەی عێراق بڕیار بدات نەوتی کەرکووک ڕەوانەی ئێران بکات، بەو هەنگاوە لەلایەکەوە خۆی لە ململانێ ناوچەییەکانی نێوان بەرەی شیعە و سوننە تێوەگلاندووە و لەلایەکی دیکەشەوە گورزێکی گەورەی لە تورکیا و هیوای ئەو وڵاتە بە عێراقی داهاتوو داوە.
$ئەمریکا چی پێدەکرێت؟$
ئامادەکارانی ڕاپۆرتەکە پێیانوایە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ئەمریکا دەبێت ڕێگری بکەن لەوەی ئێران سەرکەوتنێکی دیکە تۆمار بکات. بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێت لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایار وردەکاریی ڕێککەوتنێکی هەناردەکردن و دابەشکردنی داهاتی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا ئامادە بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئێران هەوڵدەدات لە ڕێگەی عێراقەوە غازی سروشتیی خۆی بۆ سووریا بگوازێتەوە، پەیوەندیی دوولایەنەی وزە لە نێوان ئێران و عێراقیش دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیی بەغدا بە بازاڕە ئازادەکان و سەرمایەی نێودەوڵەتی کەم ببێتەوە.
جێفری و نایتس جەخت لەوە دەکەنەوە کە واشنتن دەبێ نفوزی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی کۆریدەری باکوور باشوور بکرێتەوە، بەهۆی ئەو ڕێڕەوەش عێراق دەبێت بە گوێزەرەوەی نەوت لە نێوان وڵاتانی کەنداو و تورکیا و دواجاریش ئەوروپا. ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت جۆرێک لە سەربەخۆییش بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە، تاوەکو بۆ گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزە هێندە پشت بە ئێران و گەرووی هورمز نەبەستێت. جیا لەمە ئەمریکا دەتوانێت پشتگیری لە پڕۆژەی گواستنەوەی نەوت و غازی عێراق بۆ ئوردن بکات کە بە پڕۆژەی بەسرە حەدیسە عەقەبە ناسراوە.[1]
#28-03-2018#