ماوەی چەند ڕۆژێکە گرژی و کێشە لە نێوان پ.ک.ک و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێکردوە. لە ئاکامدا سەرەڕای حەولی ئێمە و لایەنگەلی دیکەش، ئەم کێشەیە دوێنێ بەیانی، یەکشەممە 24. 5. 2015، بوو بە هۆی ئەوە تەقە لە نێوانیان ساز بێ و لە لایەن گەریلاکانی پ.ک.ک وە هێرش بکرێتە سەر ژمارەیەک پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکرات لە دەوری کێلەشینی سەر سنوری نێوان شنۆ و سیدەکان. بە داخێکی زۆرەوە پێشمەرگەیەک شەهید بووە و سێ کەسی دیکەش بریندارە.
ئێمە وێرای دەربڕینی ناڕەزاییمان لەو ڕوداوە و مەحکومکردنی دەستبردن بۆ چەک لە کێشەی ناوخۆییدا و داخی زۆرمان بۆ کوژرانی پێشمەرگەیەکی کوردستان لە پێکهەڵپڕژانی چەکدارانەی ناوخۆیی، بە پێویستمان زانی جارێکی دیکەش لەم ڕاگەیاندنەدا هەڵوێستی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەو خاڵانەی خوارەوەدا بخەینە بەر دیدەی هەموان:
1. کۆمەڵە لە مێژە و هەر لە ساڵانی زووەوە پەنابردنی بۆ چەک لە کێشە و ململانێی ناوخۆیی هێزەکانی ناو بزوتنەوەی کوردیدا بە نادروست زانیوە و دژایەتی هەر چەشنە پاوانخوازیەکی کردوە. ئێمە بە دایم خوازیاری ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی و چالاکی هێزە سیاسیەکان، سەرەڕای هەبوونی ناکۆکی و بۆچوونی جیاواز بووین. هەمیشە پێداگریمان کردوە لەسەر چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان بە ڕێگای دیالۆگی سیاسی چ لە ناو پارچەیەکی کوردستان و، چ لە نێوان هێزی سیاسی بەشەکانی کوردستان لەگەڵ یەکتریدا.
2. چالاکی و خەبات دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە مافی بێ ئەملاوئەولای هەموو هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوانە بە مافی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیشی دەزانین. بۆیە چوونی پێشمەرگەی ئەو حیزبە یان لایەنێکی دیکە بۆ سەر سنور و بۆ پێوەندی لەگەڵ خەڵک و چالاکی و خەبات، پێویستە لە لایەن هەموو هێزێکی دیکەی کوردستان ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ(بە گوێرەی توان و واقیع) تەنانەت کارئاسانی بۆ بکرێ. لە هەمان کاتدا تەئکید دەکەینەوە لێکنزیکبوونەوەی دوو هێزی چەکداری کوردی یان بوونیان لە ناوچەیەکی هاوبەش، دەخوازێ بە هەماهەنگی و جۆرێک لە ئاگادارکردنەوەی یەکتر ئەنجام بدرێ تا بەر بە ڕوداوی نەخوازراوی لەم چەشنە بگیرێ.
3. لە ڕوانگەی ئێمەوە بە هەڵسوکەوتی بەرپرسانە و بە هاوئاهەنگی دەکرا لەم ڕووداوە بەرگری بکرێ و کار نەگاتە ئەوەی ڕوویدا. یەکەم: پێویست بوو حیزبی دێمۆکرات بەر لە جێگیرکردنی هێزەکەی، بۆ هاوئاهەنگی زورتر لەگەڵ پ.ک.ک کە هێزێکی چەکداری زۆری لەم ناوچەیە هەیە، حەولی زۆرتر بدات و تەنانەت ئەگەر پ.ک.ک لارییەکی هەبوایە لە هاوئاهەنگی دەکرا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و تەنانەت حکومەتی هەرێمی ئاگادار و تێکەڵ مەسەلەکە کردبایە. دووهەم: پ.ک.ک کە لەم دەڤەرە دەسەڵات و هێزی زۆریان هەیە نەدەبوو بە هیچ شێوەیەک بهێڵن کێشەکە بگاتە لێکدانی چەکدارانەو، دەیانتوانی بەر بەو ڕوداوە دڵتەزێنە بگرن. دەیانتوانی ئەوانیش داوای لێژنەیەکی حیزبە کوردستانیەکان و بە تایبەت هێزەکانی ڕۆژهەلات بکەن تا بە دیالۆگ و هێمنانە چارەسەر بدۆزرێتەوە، بۆیە بەرپرسایەتی تەقە و پێکدادان لەم دەڤەرە دەکەویتە ئەستۆی هێزەکانی پ.ک.ک و کارێکی نابەرپرسانە بووە.
4. بە بڕوای ئێمە هەر چەشنە ئاورخۆشکردن و دنەدانی لایەنێک بۆ درێژەپیدانی ناکۆکیەکە لە قازانجی دوژمنانی گەلی کورد و کارێکی نابەرپرسانەو، لەبەرچاونەگرتنی ئەم دۆخەیە کە ئەوڕۆ کوردستان ڕووبەڕووی تیرۆریزمی داعش بۆتەوە. ئێستا کە بزوتنەوەی کوردستان ئیعتیبار و خۆشەویستی لە ڕای گشتیی جیهانیدا پەیدا کردوە، ئێستا کە دەرفەتی ئەوە هاتوەتە پێش ئاواتەکانی ئەم گەلە و ئەو بزوتنەوەیە پشتیوانییەکی نێونەتەوەیی بۆ هەبێ، پێویستە ئەم گرفتە و هۆکارەکانی چارەسەر بکەین. بەر لە هەر شتێک دۆخەکە ئارام بکرێتەوە و بەستێن بۆ دیالۆگ برەخسێندرێ و نەهێڵین ناحەزانی بزاوتی ڕزگاریخوازی کورد لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن و بە ئامانجە ناڕەواکانین بگەن. بۆیە خوازیاری دیالۆگ و دانیشتنی بەپەلەی دوو لایەن و چارەسەری سیاسی کێشەکانین. تەنانەت لامانوایە پێویستە نوێنەرانی هێزە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان مەودایان بدرێ تا ڕۆڵی دڵسۆزانە و نێوەنجیگەری خۆیان بگێڕن. دەبێ بە فەوری هێرشی ڕاگەیاندن بۆسەر یەکترین بوەستێندرێ، پێویست دەکات مێدیای کوردی حەولی هێورکردنەوە و چارەسەر بکەنە پیشە، پێویستە خوڵقینەران و ڕێگاخۆشکەرانی تەقەی ڕۆژی یەکشەممە 24. 5. 2015 لێپرسینەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێ و دەستەیەکی بێلایەن کە بە ڕەزامەندی هەرتک لا بێ، بۆ ئەم ئەرکە دیاری بکرێن.
5. ئێمە وەک هەمیشە بڕوامان وایە کە وەزعی بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێستا زیاتر لە پێشوو دەخوازێ تا هێزە سیاسیەکانی ئەم بەشەی کوردستان چەترێکی هاوئاهەنگی بۆخۆیان دروست بکەن. دەبێ ئەو ڕاستیە بسەلمێنین کە هیچکام لە لایەنەکانی ڕۆژهەڵات ناتوانن بە تەنیا و حەولی تاکلایەنە لەم قۆناغەی ئێستا سەرکەوتوانە دەرباز بن و بتوانن بەسەر بەربەستەکانی سەر ڕێگای بزاوتی کوردی لەم پارچەیەی کوردستاندا، زاڵ بن.
دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
25ی مەی 2015ی زایینی – 4ی جۆزەردانی 1394ی هەتاویی