ڕۆژى جیهانیى ئافرەتان بە گەرمى لە تەواوى ژنانى کوردستان، ئێراق و جیهان پیرۆز دەکەم، هیواى سەرکەوتنى زیاتر، کۆڵنەدان و بەردەوامییان بۆ دەخوازم.
ئافرەتان ساڵانێکی زۆرە خۆیان ڕێکخستووە و لە هەموو بوارەکاندا خەبات دەکەن بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانیان و بنبڕکردنی چەوساندنەوە و توندوتیژی و بەرەنگاربوونەوەى نایەکسانی. وەک چۆن پێشتر لە بوارى چاکسازیى یاسایى، سیاسەتى کۆمەڵایەتى، سەربەخۆییى دارایى و پەروەردەدا پشتگیریمان لە ژنان کردووە، بەردەوام دەبین و هەمیشە پشتگیرى لە خەباتیان دەکەین بۆ مسۆگەرکردنى تەواوى مافەکانیان.
هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ ئازادیى ئافرەت، ئازاد نییە و پێشناکەوێت. کار دەکەین بۆ ئەوەى لە هەرێمى کوردستان بوارى زیاتر بە بەشداریى ژنان لە ژیانى سیاسى و بەڕێوەبردن و هەموو بوارەکانى دیکەدا بدرێت، توندوتیژى دژى ژنان و پێشێلکردنى مافەکانیان کە مایەى نیگەرانییە، کۆتایى بێت.
لەم ڕوانگەیەوە هەرێمی کوردستان پێویستی بە کار و سیاسەت و ستراتیژیی نوێ، بە بەشداریى هەمووان هەیە. پەروەردە و فێرکردن و برەودان بە توێژینەوەی ئەکادیمی و کاری زانستی، هۆشیارى و گفتوگۆى هەمەلایەنە، باشترین ڕیگەن بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.
ستایش و دەست خۆشى بۆ ئەو خانمانەى متمانەیان بە خۆ بووە، لە کایە و بوارە جیاکانى ژیاندا چوونەتە پێشەوە و خۆیان سەلماندووە، لە ڕاپەراندنى ئەرک و کارەکانیاندا سەرکەوتوون و بوونەتە پێشەنگ. هەروەها ئافرەتانى کوردستان، دەبێ هاوشانى ژنانى جیهان، ئامادەیى و بەشداریى زیاتریان هەبێت لە پرسەکانى ئافرەتان و پرسەکانى دیکەى ژیاندا.
لەم یادەدا کار و خەباتى ئافرەتانى کوردستان لە ڕێکخراوە حکوومى و ناحکوومییەکان، لە فەرمانگە و دامەزراوەکاندا بە بەرزى هەڵدەسەنگێنین. بە ڕێز و پێزانینەوە لە ئەرک و ڕەنج و ماندووبوونى هەموو ئەو خانمە کۆڵنەدارنە دەڕوانین کە لە هەر بوارێکى کەرتى گشتى و تایبەتدا کار دەکەن و بەشدارییەکى کارا لە بەڕێوەبردن و بنیاتانى کۆمەڵگە و وڵاتدا دەکەن.
سڵاو لە گیانى پاکى هەموو ئەو خانمانەى لەپێناو یەکسانى و بەدیهێنانى مافەکانى ژناندا گیانیان بەخشى و هەموو ئەوانەى بوونەتە قوربانیى توندتیژى. گیانیان شاد و یادیان هەمیشە بە خێر.
شکۆدار بێت یادى هەشتى مارس، ڕۆژى جیهانیى ئافرەتان.[1]
#نێچیرڤان بارزانى#
سەرۆکى هەرێمى کوردستان
2023/3/8