کۆرۆنا کەرتی گەشتیاریی هێناوەتە خاڵی سفر و، دەیان ملیۆن دۆلار زەرەری لە خاوەن پرۆژە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای #سلێمانی# داوە.
ئارام شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 06-08-2020) ل لە ساڵانی ڕابردوودا شاری سلێمانی پلەی یەکەمی بەدەستدەهێنا لەڕووی ڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران و بەدەستهێنانی داهات، بەڵام ئەمساڵ کۆرۆنا هێناوینەتییەوە خاڵی سفر.
ساڵی ڕابردوو لەمکاتانەدا زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار گەشتیار ڕوویان لە سنووری سلێمانی کردووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەو بارودۆخەی کۆرۆنا دروستی کردووە، وەک ئارام شوانی دەڵێ تەنیا لە سەرەتای مانگی شوباتدا ڕێژەیەکی کەم گەشتیار ڕوویان لە سنووری سلێمانی کردووە، کە ژمارەیان لە 100 هەزار گەشتیار تێنەپەڕیوە.
لە سنووری سلێمانی زیاتر لە 1300 خاوەن مۆڵەتی پڕۆژەی گەشتیاری هەبوون، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، دەیان خاوەن مۆڵەتی گەشتیاری مامەڵەی پووچەڵکردنەوەی مۆڵەتەکانیان کردووە.
ئەم حاڵەتەی کۆرۆنا دروستیکردووە بەگوتەی گوتەبێژەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی بە ئاسانی ساڕێژ ناکرێت، چونکە جگە لە زیانگەیاندن بە خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکان، سەدان دەستی کاریشی بێکار کردووە.
ئارام شوانی جەختیش دەکاتەوە لەوەی بەگشتی تەنیا لە ماوەی شەش بۆ حەوت مانگی ڕابردوو، زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار زیان بە کەرتی گەشتیاری کەوتووە لە سنووری پارێزگای سلێمانی.[1]