دوای زیاتر لە5 مانگ دەستبەسەری لەزیندانەکانی #داعش#، جاسم ئەحمەد مەجیدی تەمەن 54 ساڵ و دانیشتوی شاری #موسڵ#، چیرۆکی ئه و ئەشکەنجەدان و ئەتکردنانە دەگێڕێتەوە کە لەسەر دەستی داعش بینویەتی.
جاسم ئەحمەد کە ئێستا خێزانەکەی ئاوارەن و لەپارێزگای (بابل) ن لەسەرەتادا وا بەخێزانەکەی دەوترێت کە کوژراوە. بەڵام گەڕانەوەی لەپڕی بۆ ماڵەوە دەبێتە خۆشییەکی گەورە.
(جاسم) سەرەتای چیرۆکی دەستگیرکردنەکەی بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە:
کاتێک چەکدارانی داعش هاتنە ناو شاری موسڵ، خەڵکی لە ڕاستی و دروستی ئەم ڕێکخراوە تێنەگەشتبوو، ئەوان ئاڵای دەوڵەتی خەلافەتیان بەرزکردبووە، بانگهێشتی کردەوەی چاک ومرۆڤ دۆستی ویەکسانیان بە گوێی خەڵکیدا دەداو ودەیان وت ئێمە هاتوین بۆ ئەوەی ڕزگارتان بکەین لە دەست ستەمکاری وچەوساندنەوە.
کاتێک یەکەم جار دەست بەسەرکرام :
دوای ماوەیەکی کەم لە هاتنی داعش، ئەوە بوو ڕۆژێکیان کۆمەڵێک لە لایەنگرانی داعش دایان بە سەر ماڵماندا بەتەنها منیان گرت و بردمیان بۆ بنکەی لێکۆڵینەوە کە تایبەت بوو بە خۆیان، سەبارەت بە ئامۆزاکانم پرسیاریان لێکردم (کە پێش هاتنی داعش فەرمانبەر بوون لە بنکەی پۆلیسی ناوخۆ)، منیش پێم وتن: هیچ زانیاریەکم لە سەریان نییە و هەواڵیان نازانم، ئەوە بوو ئازاد کرام و گەڕامەوە بۆ ماڵەوە.
لە دوای ماوەیەک هەستم بەوە کرد کەوتومە ژێر چاودێرییەوە بۆیە بڕیارم دا کە شاری موسڵ بە جێبهێڵم. یەکەمین جار و لە شەویکدا بەهۆی قاچاخچیەکەوە خێزانەکەم بۆ شارۆچکەی تەلەعفەر ولەوێشەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەڕێ کرد.
کاتێک دووەم جار دەست بە سەر کرامەوە :
دوای ئازاد کردنم بە ماوەیەکی کەم، ڕۆژێک لە پڕ کۆمەڵێک چەکدار کە پیان دەوتن سوپای عەسرە ی سەر بە داعش دایانەوە سەر ماڵماندا وچاویان بەستم وبردمیان بۆ جێگایەک کە چاومیان کردەوە، خۆم لە ژورێکی تاریدا بینی کەتەنها یەک گڵۆبی تیادابوو، و لە سەر کورسی یەک دایان نام وکەسێک کە لە بەرامبەرم دانیشتبوو کەوتە پرسیار کردن لێم، یەکەم جار نەم زانی کێ یە، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کە ناوی شێخ عبدول هادی یە و سەرۆکی محکەمەی شەرعی داعشەو و تایبەتمەند بوو بە کاروباری شیعەکان، یەکەم پرسیاری ئەوە بوو کە ئایا پێشوتر سەردانی نەجەف وکەربەلا م کردوە، منیش لە وەڵامدا وتم نازانم، لەگەڵ دەربڕینی وشەی نازانم بەشەق وبەزلە وبەقامچی لێم درا، هەوەها تەزوی کارەباییان لێدام وشمشێریان بۆ دەرهێنام ولە سەر ملم ڕایان گرت وهەڕەشەی ئەوەیان لێکردم ئەگەر وەڵام نەدەمەوە ئەوا سەرم دەبڕن، منیش لە خۆمەوە وتم نەخێر سەردانم نە کردووە، ئەو وشەیە کەوتە فریام ولە سەربڕین دەربازی کردم (چونکە وەک پێشوتر وتم من یەکەم جار نەمزانی کە شێخ عبدول هادی تایبەتمەند بوو بە کاروباری شیعەکان)، بەڵام ڕزگاری نەکردم لە دەستیان و دانیشتنەکانی لێکۆڵینەوە بوو بە جەهەنم بؤم و بە چەندەها شێوازی قێزەوەن ئەتک کرام وئازار درام، دڕندەترینیان و بە ئازارترینیان ئەوە بوو کە هەردوو قاچیان توێ توێ کردم وخوێ یان خستە ناو برینەکەوە.
دەربارەی ئه و شوێنەش کە زیندانی کراوە تیایدا، جاسم دەڵێت: شوێنێکی زۆر بچوک و تەسک بوو، منیان لە گەڵ خەڵکی ئێزیدی ومەسیحی و هەندێک لە برایانی سونەی نەقشبەندی دا دانابوو، هەموو شێوازەکانی ئەشکەنجەدان بە لاشەمانەوە دیار بوو، زۆرینەی ئەوانەی کە لە گەڵمدا بوون لە زیندان کوشتنیان.
ئازادکردنم وڕاکردنم لە شاری موسڵ :
کاتێک بریاری ئازاد کردنمیان پێ ڕاگەیاندم، جێگای باوەر نەبوو چونکە کوشتنی خۆمم مسۆگەر کردبوو بە هۆی ئەوەی کە تاوانبار کرابووم بە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بە هێزەکانی عێراق (کە هەرگیز واش نەبوو)، بەڵام گەشتمە ئەو ڕاستی یەی کە خواوەند منی خۆش ویستووە بۆیە پاراستوومی لە دەستیان.
کاتێک لەزیندان هاتمەدەرەوە بڕیاری کۆتاییمدا بەوەی کە ئەم جارە شاری موسڵ بەجێ بهێڵم چونکە ئەستەم بوو بتوانم ژیان بەڕێ بکەم لەو شارەدا و هەروەها دڵنیابووم لە وەی کە ئەم جارە دەست بەسەربکرێمەوە یەکسەر دەمکوژن، ئەوە بوو لە گەڵ قاچاخچییەکی کوردا ڕێکەوتین لە سەر ئەوەی کە بەڕێگای قاچاخ لەشار دەرم بکات و لە بەرامبەدردا بڕی یەک ملیۆن دیناری عراقی بدەمێ، هەرچۆن بوو پارەکەم بۆ دابینکردوو وپێمدا، و قاچاخچێکە شەوێک بەڕی کردم بە ئاراستەی ناوچەی کەفرج (ئەم ناوچەیە دەکەوێتە سەر هێڵی گەیشتن بەو ناوچانەی کە لایەنگرانی داعشی تیادایە)، ناوچەیەکی مەترسیدار بوو و بەڵام چار نەبوو دەبوایە هەر لەوێوە بڕۆشتینایە، دواتر بە ئاراستەی پارێزگای #دهۆک#، لە دهۆکەوە بۆ #هەولێر# ودواتر بۆ بەغدا وئنجا لەوێشەوە بەرێ کەوتم و گەشتمە شاری حلەی سەر بە پارێزگای بابل کە خێزانەکەم تیایدا جێگیر بوون.
زیاتر لە مانگ و نیوم پێ چوو تا گەشتم بە خێزانەکەم، زۆر بەسەختی و نەهامەتی و بە پرسێتی ئەو ڕێگایەم بڕی بەڵام گەشتنم بە خێزان ومناڵەکانم زۆر دڵخۆشی کردم و هەموو ئەو ئازار وناخۆشیانی کە لەو ماوەیدا بینیم بوون بە یادگارییەکی تاڵ وهەرگیز لە بیرم ناچنەوە.
ئامادەکردنی ڕۆزا حەمە ساڵح _هۆڵەندا